سلێمانی و ئەنقەرە؛ لە فشاری سیاسی و هێرشی درۆنەکانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ و هەماهەنگیی
٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا نەخشەی سیاسیی ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، سەرکردایەتیی یەکێتی جوڵەی نوێی دەستپێکردووە، جوڵە نوێیەکە بافڵ تاڵەبانی بردە تاران و دواتر گێڕایەوە بۆ بەغدا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمەریکییەکان، قوباد تاڵەبانیشی گەیاندە ئەنقەرە.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی ناشتنی عەلی خامنەیی سەردانی ئێرانی کردبوو، قوباد تاڵەبانیش سەردانی ئەنقەرەی کردبوو و لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر هەردوو براکە (بافڵ و قوباد تاڵەبانی) لەگەڵ ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) کۆبوونەوەیان ئەنجامدابوو، ئەمەش ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان سلێمانی و ئەنقەرە.
تاران، بەغدا و واشنتن؛ تەوەری کۆبوونەوەکانی سەرۆکی یەکێتی
بافڵ تاڵەبانی، دەستبەجێ دوای گەڕانەوەی لە تاران، بەرەو بەغدا بەڕێکەوت و لەوێ لەگەڵ جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی، لەو کۆبوونەوەیەدا، دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و عێراق تاوتوێ کران. هەروەها پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان خرایە بەرباس.
بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە گرنگیی هەوڵە هاوبەش و دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و سلێمانی؛ بەرژەوەندی دوولایەنە
سەردانی بەرپرسانی یەکێتی بۆ ئێران و تورکیا لە کاتێکدایە، کە ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە هەژموونێکی قورسیان بەسەر دۆسیەی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
لەرابردوودا پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتی بەهۆی پرسی "پەکەکە"وە دوچاری ئاڵۆزییەکی قورس ببووەوە، بە شێوەیەک کە ئەنقەرە جگە لە ئەنجامدانی هێرشی درۆنی، گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەشی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست.
بەڵام لە ئێستادا هاوکێشەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڕای چاودێرانی سیاسی تورکیا دەیەوێت لە ڕووی بازرگانی و بزنسەوە سوود لە سلێمانی وەربگرێت، لەپاڵ ئەمەشدا لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە دەیەوێت پێگەی یەکێتی بۆ جێبەجێکردنی خواستەکانی لە دۆسیەی پەکەکەدا بەکاربهێنێت. لەبەرامبەردا، یەکێتی دەیەوێت تورکیا وەک هێزێکی گەورەی ناوچەکە دژایەتی نەکات و فشارە دارایی و ئەمنییەکانی لەسەر زۆنی سلێمانی هەڵبگرێت.
پێشتر یەکێتی دەستبەرداری پۆستی پارێزگاری کەرکوک بوو بۆ بەرەی تورکمانی، ئەو پۆستەی تورکمانەکان خەونیان پێوە دەبینی، ئەمە کارئاسانی زیاتری کرد بۆ نزیکبوونەوەی یەکێتی لە تورکیا، رادەستکردنی پۆستەکەش هەر لەمپێناوەدا بوو.
ئەوەی هێشتا روون نییە و نادیارە ئەوەیە نازانرێت تورکیا لەدۆسیەی پەکەکەدا چی لە یەکێتی دەوێت، ئایا دەیەوێت یەکێتی وەکو نێوەنگیر بەکاربهێنێت، یاخود دەیەوێت بۆ فشارخستنە سەر هەو هێزە سودی لێوەربگرێت.
ئەگەر یەکێتی بتوانێت نێوەنگیر بێت لەنێوان تورکیا و قەندیلدا دۆخەکە لەڕووی سیاسییەوە لەبەرژەوەندی دەبێت، بەڵام گەر ببێتە بەشێک لە فشارەکان چاوەڕوان دەکرێت رووبەڕووی رەخنەی توند ببێتەوە.
بەغدا؛ پردی پەڕینەوەی یەکێتی بەرەو دراوسێکان
چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو مامەڵە نەرمەی یەکێتی لەرابردوودا بەرامبەر حکومەتی فیدراڵی عێراق بەکاریهێناوە، ئێستا بووەتە کارتێکی باش بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران و ئەنقەرە.
بەوپێیەی ئێران و تورکیا پێکەوە دەیانەوێت پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر ئاسایی بێت، بە جۆرێک کە هەرێمی کوردستان لەژێر چەتری بڕیارە یاسایی و دەستوورییەکانی بەغدادا بێت و بیر لە یاخیبوونی سیاسی نەکاتەوە، بۆیە مامەڵەی یەکێتی لەمڕوانگەیەوە بەدڵی ئەو دوو وڵاتە بووە.