ئەگەری گەڕانەوەی ٢٠٠٠ کوردی باکوور لە هەرێم و ئەوروپاوە بۆ تورکیا؛ چاوەڕوانی پەیامی ئۆجەلان دەکرێت
٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٣٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سیاسەتمەدارێکی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەوروپاوە بە پەنجەرەی ڕاگەیاند؛ لە ئەگەری پێشوەچوونی یاسای تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و عەبدوڵا ئۆجەلان، ئامادەکاری دەکرێت بۆ گەڕانەوەی دوو هەزار کوردی باکووری کوردستان لە ئەوروپا و هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا.
ئەو سیاسەتمەدارە ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر یاسای پەیوەندیدار بە ئاشتی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەزار کەس لە کوردانی باکوور کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن (بەشێکی زۆریان دانیشتووانی کەمپی مەخموورن)، لەگەڵ هەزار کەسی دیکە لەو کوردانەی لە ئەوروپان، دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی ئەم پرۆسەیەش، سەرچاوەکە وتی: ئەگەر دۆخەکە بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا بڕوات، پێشبینی دەکرێت عەبدوڵا ئۆجەلان لە ١١ی ئەم مانگەدا پەیامێک بڵاوبکاتەوە و تێیدا داوا لە گروپەکان بکات خۆیان بۆ گەڕانەوە ئامادە بکەن."
ئەو سیاسەتمەدارە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە یەکەم گرووپی گەڕاوە لە ئەوروپاوە دەبێت، هەروەها ئەو گرووپانەش کە لە هەرێمی کوردستانەوە دەگەڕێنەوە، ئەو گەریلایانە لەخۆدەگرێت کە پێشتر لە ئەشکەوتی (جاسەنە)ی سەر بە پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاندووە.