پەنجەرە پێشتر ئاشکرای کردبوو؛ ١٢٠ ملیار دینارەکە دەبێتە کێشە بۆ هەرێم

٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٣٤ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە پێشتر ئاشکرای کردبوو؛ ١٢٠ ملیار دینارەکە دەبێتە کێشە بۆ هەرێم

پەنجەرە

عێراق ناردنی ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی کردووەتە مەرج بۆ ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لەکاتێکدایە پەنجەرە پێشتر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی لەمبارەیەوە ئاشکرا کردبوو.

لەرۆژی ٥ ی مانگی رابردوو، پەنجەرە بڵاویکردەوە لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، دۆسیەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و داهاتە نانەوتییەکان بووەتە جێی مشتومڕ، بە جۆرێک بەغدا مەرجی تر دەخاتە بەردەم هەرێم بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی.

ئەوکات سەرچاوەیەکی باڵای عێراقی تایبەت بە پەنجەرەی ڕاگەیاندبوو؛ لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پێشنیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە تێیدا هاتووە بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتەوە، پێویستە عێراق تەنها ٥٠٪ی داهاتی نانەوتی لە هەرێم وەربگرێت.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، پێشنیارەکەی هەرێم لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە ڕەتکراوەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا وتبووی: "بە کەمتر لە وەرگرتنی ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی نانەوتی ڕازی نابین و دەبێت هەرێمی کوردستان مانگانە  ١٢٠ ملیار دینار رادەستی بەغدا بکات."

وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەش کردبوو، کە هەرێمی کوردستان لە مانگەکانی ڕابردوودا کەمتر لەو بڕە پارەیەی لە داهاتی نانەوتی ناردووە، بۆیە پێویستە ئەو کورت هێنانە لە پشکی بودجەی هەرێم ببڕدرێت.

لەلایەکی تریشەوە، سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە لە کاتی گفتوگۆکاندا وەزیرێکی تری کابینەکەی زەیدی هاتبووە دەنگ و وتبووی: "له‌ ساڵی ڕابردوودا، بەغدا پارەی زیاتری لەو پشکە بۆ هەرێم ناردووە کە بۆی دیاریکراوە، بۆیە پێویستە ئەم گرفتە داراییەش بە زوویی چارەسەر بکرێت ."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو