سەرۆکوەزیرانی عێراق: پاداشتی دارایی دەدرێتە ئەو هاووڵاتییانەی سەرچاوەکانی گەندەڵی ئاشکرا دەکەن
٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٣٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوا لە سەرجەم هاووڵاتییان دەکات هاوکار بن لە ئاشکراکردنی ئەو سامان و داراییە گشتییانەی کە لە ڕێگەی تگەندەڵییەوە بەفیڕۆ دراون، بەڵێنی پێدانی پاداشتی دارایی شایستەش بە زانیاریدەران دەدات.
لە ڕوونکردنەوەیەکدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: داوا لە تەواوی هاووڵاتییان دەکەین زانیاری بدەن لەسەر ئەو سەرمایە و داراییە گشتییانەی کە بەهۆی تاوانەکانی گەندەڵییەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، ئەمەش بە ئامانجی بەشداریکردن لە ئاشکراکردن، گەڕاندنەوە و کۆنترۆڵکردنەوەیان لەلایەن دەوڵەت."
زەیدی ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هەنگاوە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی شەرعی، ئەخلاقی و نیشتمانییەوە دێت، هاوکات وەک پەرۆشییەک و پابەندبوونێکە بە پاراستنی ماڵی گشتی کە لە ناوەڕۆکی کارنامەی کابینەی وەزارەتەکەیدا هاتووە.
پاداشتی دارایی بۆ زانیاریدەران
سەبارەت بە هاندانی هاووڵاتییان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند: "ڕێنماییمان داوە بە پێدانی ڕێژەیەکی دارایی شایستە و گونجاو بەو کەسانەی زانیاری دەدەن (مخبرین) بەپێی یاسا، ئەمەش وەک ڕێزلێنانێک بۆ ڕۆڵی نیشتمانیی ئەوان و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی."
لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە لە ماوەیەکی نزیکدا لینکێکی تایبەت بۆ پەیوەندیکردن و ناردنی زانیارییەکان بەمەبەستی کارپێکردنی ئەم بڕیارە ڕادەگەیەنرێت.