“دیپلۆماسیەتی ئایەتەکان”؛ تاران لە ڕێگەی پرۆتۆکۆلە ئاینییەکانەوە پەیامی کۆدکراو ئاڕاستەی وڵاتان دەکات
٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٣٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەکاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران، تاران شێوازێکی نوێی لە ناردنی پەیامی سیاسی بەکارهێنا کە چاودێران بە “دیپلۆماسیەتی ئایەتەکان”ناوی دەبەن.
لەم ڕێوڕەسمەدا، ئاڕاستەی پەیامەکان لە ڕێگەی خوێندنەوەی ئایەتە قورئانییە جیاوازەکانەوە بوو بەسەر شاندە نێودەوڵەتییە ئامادەبووەکاندا، کە تێیدا هەڵوێست و ڕوانگەی تاران بەرامبەر بە هەر وڵاتێک ڕەنگی دابووەوە.
پەیامی توند بۆ ڕیاز و رەخنە لە ئەنقەرە
ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە جۆری دیاریکردنی ئایەتەکان بۆ هەر شاندێک بەپێی سروشتی پەیوەندییە سیاسییەکانیان بووە، بە شێوەیەک لە کاتی پێشوازیکردن لە شاندی سعوودیە، ئایەتێکی تایبەت بە ململانێی نێوان دوو بەرەی جیاواز (باوەڕداران و بێباوەڕان) خوێندرایەوە، کە تێیدا هاتبوو:
“…دەستەیەک لە پێناوی خودادا دەجەنگا و ئەوی دیکە بێباوەڕ بوو...» ئەمەش وەک هێمایەک بۆ بوونی ناکۆکی قووڵ یان پەیامێکی ناڕاستەوخۆ لێکدرایەوە.
لەلایەکی دیکەوە، شاندی تورکیا پەیامێکی جیاوازی پێگەیشت کەپەیامەکە رەخنەئامێز بوو، کاتێک ئایەتێکیان بەسەردا خوێندرایەوە ئاماژەی تێدابوو بۆ بێهەڵوێستی ئەو وڵاتە لەکاتی شەڕدا،
لە هەمانکاتدا، بۆ شاندی قەتەر ئایەتی سەرکەوتن و لێخۆشبوون و تەواوکردنی نیعمەت هەڵبژێردرابوو، کە نیشاندەری جۆرێک لە ڕەزامەندی و پەیوەندی ئەرێنی نێوان هەردوو وڵاتە.
پشتیوانی بۆ یەمەن و هۆشداریدان بە لوبنان
ئەم ستراتیژە دیپلۆماسییە ئاینییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هاوپەیمان و نەیارەکانیشدا ڕەنگیدایەوە، بەسەر شاندی یەمەنیدا ئایەتێک خوێندرایەوە کە باسی خۆڕاگری پێغەمبەران و زانایان دەکات لە کاتی جەنگدا و ستایشی دانبەخۆداگرتنیان دەکات، وەک نیشانەیەک بۆ پشتیوانیکردنی تاران لە هێزەکانی ئەو وڵاتە.
بۆ حکومەتی لوبنان پەیامەکە زیاتر لە هۆشداریدان یان خستنەڕووی بژاردە قورسەکان دەچوو، چاودێران ئایەتەکەیان وەک ئاماژەیەک بۆ قورسیی قۆناغەکە و ململانێ ناوخۆییەکان لێکدایەوە.
ئەم پێشهاتە دەرگایەکی نوێی لەبەردەم شیکەرەوانی سیاسی کردووەتەوە بۆ خوێندنەوەی نێوان دێڕەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران، کە چۆن پرۆتۆکۆلە ئاینییەکان دەخرێنە خزمەت گەیاندنی پەیامی سیاسیی کۆدکراو بە جیهان.