خورشید هەرکی؛ لە هەژموونی عەشایەرییەوە بۆ زیندان

٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٣٦ پاش نیوەڕۆ

خورشید هەرکی؛ لە هەژموونی عەشایەرییەوە بۆ زیندان

پەنجەرە

خورشید هەرکی، کەسایەتییە عەشایەرییە مشتومڕاوییەکەی قەزای خەبات، بەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ حەیدەرـی برایدا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.

دەستگیرکردنی ناوبراو، دووبارە ناوی ئەوی هێنایەوە ناوان، کە لەماوەکانی ڕابردوودا زۆرجاری تریش لە دۆسییە و ڕووداوی تردا دەرکەوتووە.

"پاشایەک لە کەڵەک"

خورشید لەتیف، ناسراو بە خورشید هەرکی، لە قەزای خەبات و ناوچەی کەڵەک، ئیمپراتۆریەتێکی بچووکی بنیادنابوو.

بە پشتبەستن بە سەدان چەکداری عەشیرەتەکەی و پێگەی لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان، توانیبووی نفووزێکی زۆری لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەولێر و مووسڵ دروست بکات.

ئەم نفوزەی بەکارهێنا بۆ زیاترکردنی دەسەڵات و پرۆژە ئابورییەکانی.

"پارە"؛ بزوێنەری کێشەکان

ئەو شوێنەی خورشید هەرکی لێی نیشتەجێ بوو، پێگەیەکی گرنگی هەبوو، کە دەکەوێتە نێوان سنوری هەرێم و عێراقەوە. ئەمەش وایکردووە پێگە جوگرافیی و عەشیارییەکەی، بۆ بەهێزکردنی لایەنی ئابووری خۆی بەکاربێنێت.

تەموزی ٢٠٢٥؛ خاڵی وەرچەرخان

خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی ئەم پیاوەدا، تەممووزی ساڵی ڕابردوو بوو. ململانێیەک لەسەر زەوی و ئاو لەگەڵ عەشیرەتی "گۆران"، گۆڕا بۆ شەڕێکی چەکداریی خوێناویی.

کاتێک هێزەکانی زێرەڤانی و ئاسایش دەستوەردانیان لە شەڕەکەدا کرد، خورشید هەرکی نەک هەر خۆی ڕادەست نەکرد، بەڵکو بە چەکی قورس ڕووبەڕوویان بووەوە. 

ئەنجامی ئەمەش تراژیدی بوو، کوژرانی ئەفسەر و پێشمەرگەیەک و هاووڵاتییەک، لەگەڵ سووتاندنی چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی.

دوای ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، بۆ ماوەیەک خورشید ڕۆشتە هەولێر و وەک دەوترێت دەستبەسەر بووە، بەڵام دواتر گەڕایەوە گوندەکەی.

لەڕووداوەکانی خۆپیشاندانی دانیشتوانی هەرکیی لە گوندی لاجان دژ بە پاڵاوگەی لاناز، هەڵوێستی ئەو ڕاڕا بوو. لەکاتێکدا داکۆکی لە دانیشتوانەکە دەکرد، هاوکات پشتگیرییەکی بەهێزی پاڵاوگەکەشی دەکرد کە وەک باس دەکرێت خاوەندارێتییەکەی بۆ ئەندامێکی خێزانی بارزانی دەگەڕێتەوە.

دەستگیرکردن و لێکەوتەکان

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پۆلیسی هەولێر خورشید و حەیدەری برای دەستگیرکرد. 

ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە، ئێستا قورسن؛ لەنمونەی "کوشتنی پێشمەرگە، تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و هێرشکردنە سەر موڵکی گشتی."

بەمشێوەیە، خورشید هەرکی کە رۆژێک لە رۆژان وەکو سەرکردەیەکی عەشایەریی کە دژی حکومەت و هێزە ئەمنییەکان ڕادەوەستێت، خۆی لە بەندینخانەدا بینییەوە.

ئەم هەنگاوەش تاقیکردنەوەیەکی بەهێزە بۆ دەرخستنی ئەوەی لە دەستشکاندنەوەی نێوان هێزی حکومەت و هێزی عەشیرەت، کامیان براوە دەبن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو