خورشید هەرکی؛ پیاوە سمێڵدارە خاوەن هێزەکە چۆن کەوتە داوی ململانێی سیاسی و عەشایەرییەوە؟

٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٤٠ پاش نیوەڕۆ

خورشید هەرکی؛ پیاوە سمێڵدارە خاوەن هێزەکە چۆن کەوتە داوی ململانێی سیاسی و عەشایەرییەوە؟

پەنجەرە

پرسی ململانێ عەشایەرییەکان لە هەرێمی کوردستان زۆرجار بەستراونەتەوە بە هاوکێشە سیاسی و حزبییەکانەوە. ڕووداوەکانی تایبەت بە کێشەی نێوان "خورشید هەرکی" و هێزە ئەمنییەکانی هەولێر، نموونەیەکی زیندووی ئەو تێکەڵاوبوونەن. 

ئەم ڕاپۆرتە شیکاریی و بنکۆڵکارییە، تیشک دەخاتە سەر کرۆکی کێشەی نێوان عەشیرەتی هەرکی و گۆران کە لە کێشەیەکی زەویوزارەوە تەقییەوە و پاشان ڕەهەندە شاراوەکانی پشت پەردە دەخاتە ڕوو، لەوانە هەوڵی لایەنە سیاسییەکان بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لەناو سەرکردایەتی عەشیرەتەکاندا.

کرۆکی کێشەکە

کێشەی نێوان خورشید هەرکی و هێزە ئەمنییەکانی هەولێر لە کێشەی عەشایەریی نێوان خورشید هەرکی و عەشیرەتی گۆڕانەوە تەقییەوە، کە لەمانگی تەمموزی ساڵی رابردوو کێشەکە بۆ پێکدادانی چەکدارانی نێوان خورشید و هێزە ئەمنییەکان تەشەنەی سەند.

هۆکاری بارگرژییەکانی نێوان هەرکی و عەشیرەتی گۆران پەیوەندی بە خاوەندارێتی زەویوزارەوە هەبوو، کە پێش ڕوودانی بارگرژییەکان هەردوولا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هێرشیان دەکردە سەر یەکتری.

هێرشی سۆشیال میدیا گۆڕا بۆ توندوتیژی، کاتێک لایەنگرانی خورشید هەرکی لە یەکێک لە گوندەکان تەقەیان لە ژمارەیەک گوندنیشینی عەشیرەتی گۆران کرد و بە دوای ئەمەشدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ خورشید هەرکی دەرچوو.

کاتێک هێزە ئەمنییەکان داوای خۆڕادەستکردنی خورشید هەرکییان کردو ڕەتیکردەوە، هێزێکی زۆری ئەمنی و سەربازی بۆ دەستگیرکردنی ناوبراو ڕوویان لە ناوچەکە کرد، بەڵام ئەو خۆ ڕادەستکردنی ڕەتکردەوەو پێکدادانی چەکداری ڕوویدا.

دوای کوژرانی دوو کەس لە هێزە ئەمنییەکان و عەشیرەتی هەرکی و ئاڵۆزبوونی ناوچەکە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم نێوەندگیری کرد و لە ڕێگەی ناردنی بەرپرسی پاسەوانەکانی بۆ لای خورشید هەرکی، ڕازیکرد بەوەی کۆتایی بە بارگرژییەکان بهێنێت.

دواتر خورشید هەرکی خۆی ڕادەستی سەرۆکایەتی هەرێم کرد و پاشان هێشتنەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک لە ئوتێل شیراتۆنی هەولێر، ئازاد کراو گەڕایەوە بۆ ناوچەکەی خۆی.

دیوی پشتەوەی کێشەکە

هەریەک لە جەوهەر محیەدین ئاغا و مەحمود ئاغا، خۆیان وەکو سەرۆک عەشیرەتی هەرکی دەردەخەن، لەکاتێکدا جەوهەر ئاغا ناکۆکی لەگەڵ پارتی هەیە و لەو سنورە قاچاخە، بەڵام مەحمود ئاغا بە کەسایەتییەکی نزیک لە پارتی هەژمارد دەکرێت.

لەکاتی کێشەی نێوان خورشید هەرکی و بەشار موشیر ئاغای گۆران دا، پارتی زیاتر پشتگیری لە بەشار موشیر ئاغا کرد، بەو پێیەی ناوبراو نزیکە لە حزبەکەیەوە، لەکاتێکدا گومانی لە نزیکایەتی خورشید هەرکی لە جەوهەر ئاغای نەیاری هەبوو.

لە کاتێکدا پارتی هەوڵی دەستگیردنی خورشید هەرکی دەدا، بەڵام سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە بەشار موشیر ئاغا کرد، ئەمەش هێندەی تر هەرکییەکانی توڕە کرد و خۆڕادەستکردنیان ڕەتکردەوە.

جیاواز لەو گومانی هەرکییەکان لە پشتگیریکردنی عەشیرەتی هەرکی لە لایەن پارتییەوە، ئەو حزبە لە کاتی بارگرژییەکاندا هەوڵی دەدا مەحمود ئاغا لە بری جەوهەر محیەدین ئاغا وەکو سەرۆک عەشیرەتی هەرکی بناسێنێت.

جیا لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان مەحمود ئاغا و وەزیری ناوخۆ کە ئەوکات گرتە ڤیدیۆییەکەی بڵاوکرایەوە، میدیاکانی پارتی پەیامی مەحمود ئاغایان وەکو سەرۆکی هەرکی بڵاوکردەوەو تێیدا داوای برایەتی نێوان هەرکی و گۆران کرابوو.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیری ناوخۆ بە مەحمود ئاغا دەڵێت: "لەبەر خاتری تۆ هێزە سەربازیی و ئەمنییەکان لە دەوروبەری ماڵ خورشید هەرکی دەکشێنینەوە."

هەرزوو کەسە نزیکەکانی خورشید هەرکی دەنگیان هەڵبڕی و ڕەتیانکردەوە مەحمود ئاغا سەرۆکی عەشیرەتی هەرکی بێت، بەڵکو جەختیان لەوە کردەوە جەوهەر محیەدین ئاغا سەرۆکیانە.

ئاراستەی دۆخەکە

هەرچەندە کێشەی نێوان خورشید هەرکی و عەشیرەتی گۆران کە دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکانی لێکەوتەوە بە ڕواڵەت لە سەر زەویوزارە، بەڵام دیوی پشتەوەی ئاڵۆزییەکان بە کۆمەڵێک پرسی هەستیار تەنراون.

هەوڵدانی پارتی بۆ وەلانانی جەوهەر ئاغا لە سەرۆکی هەرکی و گومانی لە بوونی پەیوەندی خورشید هەرکی لەگەڵ ناوبراو، هەروەها پاڵپشتیکردنی لە عەشیرەتی گۆران پرسەکەیان هێندەی تر ئاڵۆزکرد.

هەرچەندە بۆچوونێک هەیە، گوایە خورشید هەرکی نزیکایەتی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هەیە بۆیە لەلایەن حکومەتەوە تەنگی پێهەڵچنراوە، بەڵام هیچ بەڵگەنامەیەک بەردەست نییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەمە.

بارگرژییەکان پەردەیان لەسەر خەسڵەتێکی هەرکییەکان لابرد، سەرباری ئەوەی لە ڕووی ئینتیماوە بە سەر حزبەکاندا دابەشبوون، بەڵام کاتێک مەسەلە گەیشتە سەر عەشیرەت، ئینتیمای حزبی بۆ داکیکردن لە عەشیرەتەکەیان وەلا دەنێن.

خورشید هەرکی؛ لەبەرگرییەوە بۆ زیندان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، لەکاتێکدا لە شیرینی خەودا بوو، هێزێکی گەورەی ئەمنیی چووە سەر ماڵەکەی و خۆی و براکەی و دەوروبەرەکەیان دەستگیرکرد.

دوای دەستگیرکردنی خورشید هەرکی، هێزە ئەمنییەکانی هەولێر راگەیەنراوێکییان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند: ناوبراو تۆمەتبارە بە کوشتنی دوو کەس و بەرەنگاربوونەوە ی یاسا و زیانگەیاندن بە ئابووریی ناوچەکە.

کرۆکی راگەیەنراوەکە ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە کە خورشید هەرکی لەسەر ئەو تۆمەتانە دادگایی دەکرێت، کە کۆمەڵێک تۆمەتی قورسن و هەریەکەیان وسزای چەندین ساڵ زیندانیکردنی لەسەرە.

بەمپێیە، چیرۆکی خورشید هەرکی، پیاوە سمێڵدارە خاوەن سامان و خاوەن هێزەکە لە بەرەنگاربوونەوەوە وەرچەرخا بۆ پشت شیشەکانی زیندان، کەبەپێی جۆری تۆمەتەکان بەئاسانی ئازاد ناکرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو