چۆمان محەمەد بۆ پەنجەرە: شکستی ئەخلاقی سیاسی، هەڕەشە لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکات

٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٤٣ پاش نیوەڕۆ

چۆمان محەمەد بۆ پەنجەرە: شکستی ئەخلاقی سیاسی، هەڕەشە لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکات

پەنجەرە

لە کاتێکدا پێویست بوو حیزب و کارەکتەرە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان ببنە قەڵای پاراستنی بەها، ڕێز و پیرۆزییە کۆمەڵایەتییەکان، ئێستا گۆڕەپانی سیاسی بەرەو ئاراستەیەکی پێچەوانە هەنگاو دەنێت. لەبری داڕشتنی پلان و بەرنامە بۆ بنبڕکردنی گوتاری ڕق و کینە، ماوەیەکە لە نێو کایەی سیاسیدا گوێبیستی دەستەواژە و لێدوانگەلێک دەبین کە نەک شایستەی سەرکردە و کاراکتەری سیاسی نین، بەڵکو لە ئاستی نۆرمی هاووڵاتییەکی ئاساییشدا بە تەواوی ڕەتکراوەن.

چۆمان محەمەد، چاودێری سیاسی و شارەزای بواری یاسا، لە بارەی ئەم دیاردە مەترسیدارەوە هۆشداری دەدات و ڕایدەگەیەنێت کە ئەم ئاستە نزمە لە گوتار و ڕادەربڕین، کاریگەرییەکی یەکجار نەرێنی لەسەر بەها و ڕێزی کۆمەڵایەتی دادەنێت و سەرجەم هێڵە سوورەکان دەبەزێنێت، ئەو هێڵانەی کە دەبوو وەک پارێزەری شیرازەی کۆمەڵگە بمێننەوە.

لە سێبەری پەیجە سێبەرەکانەوە بۆ زمانی ڕەسمی سەرکردەکان

ئەو شارەزا یاسایی و سیاسییە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکی مەترسیدار لەم هاوکێشەیەدا دەکات. ئەگەر لە ڕابردوودا ئەم جۆرە گوتارە زبر و ناوزڕاندنانە تەنها لە ڕێگەی پەیجە ساختە، سێبەر و ناڕەسمییەکانەوە بڵاودەکرانەوە، ئەوا ئێستا بە ئاشکرا و بەبێ پەردە لە زمانی هەندێک لە کارەکتەرە سیاسییە دیارەکانەوە دەردەچن. ئەم گۆڕانکارییەش بە ڕوونی نیشانەی دابەزینی قووڵی ئاستی ئەخلاقی گوتاری سیاسییە لە هەرێمدا.

چۆمان محەمەد دەڵێت: ئەم نەخۆشییە تەنها پەیوەست نییە بە حیزبەکانی دەسەڵاتەوە، بەڵکوو مەترسییەکی گشتی و گشتگیرە بۆ سەر تەواوی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەو دەستکەوتانەی کە بە قوربانییەکی زۆر بەدەست هاتوون.

پاشەکشەی متمانە و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی

لێکەوتەکانی ئەم دۆخە تەنها لە سنووری ململانێی حیزبیدا نامێننەوە. کاتێک زمانی ڕق، کینە و دوژمنایەتی دەبێتە ئامرازی سەرەکیی ململانێ، ئەنجامەکەی تەنها بریندارکردنی نەیارە سیاسییەکان نییە، وەک چۆمان محەمەد دەڵێت بەڵکوو لێدانە لە متمانەی نێوان خودی هاووڵاتیان متمانەی هاووڵاتی بە پرسە گشتییەکان و دامەزراوە نیشتمانییەکان. هەروەها لێدانە لە بەها هاوبەشەکان و شیرازەی پتەوی کۆمەڵگا.

بەڕای ئەو چاودێرە، ئەگەر ڕێگری لەم دۆخە نەکرێت، شکستی ئەخلاقی سیاسی بە تەواوی دەگوازرێتەوە بۆ ناو قووڵایی کۆمەڵگا. لە دەرئەنجامدا، لە جیاتی ئەوەی سیاسەت ببێتە کایەیەک بۆ گفتوگۆی بنیاتنەر، ڕێزگرتن و قبووڵکردنی جیاوازیی بۆچوونەکان، دەبێتە مینبەرێک بۆ بڵاوکردنەوەی دووبەرەکی و کینە، ئەمەش گەورەترین هەڕەشە لەسەر ئایندەی یەکگرتوویی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو