کێڵگەی کۆرمۆر؛ لە نێوان کێشەی ساغکردنەوەی غاز و ململانێی سیاسیی نێوان هەولێر، بەغدا و ئەنقەرە
١٠ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٠٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ئێستادا لە ناوەندی هاوکێشە ئابووریی و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدایە. بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، لە ئێستادا ڕۆژانە ٦٠٠ ملیۆن پێ سێجا غاز لە کێڵگەکە بەرهەم دەهێنرێت، ئەم بڕەش بۆ دابینکردنی پێداویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئەو بەشە کارەبایە تەرخان دەکرێت کە دەنێردرێت بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق.
توانای بەرهەمهێنان و گرفتی فرۆشتن
سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیای (دانەگاز) توانای هەیە قەبارەی بەرهەمهێنان لە کۆرمۆرەوە بۆ ٧٥٠ ملیۆن پێ سێجا بەرز بکاتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بازاڕ و ساغنەبوونەوەی، ناچارە ڕۆژانە ١٥٠ ملیۆن پێ سێجا لە توانای ڕاستەقینەی خۆی کەمتر بەرهەم بهێنێت.
گەورەترین گرفتی ئێستای هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای دانەگاز لەوەدایە، هەرچەندە عێراق پێویستییەکی زۆری بە غاز هەیە، بەڵام ئامادە نییە غازی کۆرمۆر بکڕێت، یاخود پارەی تێچووەکەی بدات.
سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار بە پەنجەرەی ڕاگەیاند، لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، مشتومڕێکی توند لە نێوان خالد شوانی وەزیری داد و وەزیری دارایی عێراق دروستبووە.
هۆکاری سەرەکیی کێشەکەش پەیوەست بووە بە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و دۆسیەی کێڵگەی کۆرمۆر.
حکومەتی فیدراڵ ناوبەناو ئەوە بە بیر بەرپرسانی هەرێم دەهێنێتەوە کە "کۆرمۆر کێڵگەیەکی نیشتمانییە"، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی بەغدا چاوی بڕیوەتە سەر ئەم سامانە سروشتییە.
پێگەی یەکێتی و کارتی غاز لە بەرامبەر پارتی
لەکاتێکدا کێشەکان لەسەر کێڵگەکە بەردەوامن، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەیەوێت لە ڕێگەی گازی کۆرمۆرەوە وەبەرهێنانی سیاسی بکات. بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە: نابێت ڕێگە بدرێت پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەمان ئەو سیاسەتە شکستخواردووەی لە کەرتی نەوتدا پەیڕەوی کرد، مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی غازدا بکات."
تورکیا؛ کڕیارێکی بەپەرۆش
لە دەرەوەی هاوکێشە ناوخۆییەکان، تورکیا دەمێکە چاوی بڕیوەتە غازی کوردستان. ئەنقەرە لە لایەکەوە بۆ پێداویستی ناوخۆیی خۆی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە غازی ئێران پێویستی بەم غازەیە، لە لایەکی دیکەشەوە دەیەوێت وەک وێستگەیەکی ترانزێت غازی هەرێم هەناردەی جۆرجیا و بازاڕەکانی ئەوروپا بکات.
لەم چوارچێوەیەدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە. بڕیاریشە لە داهاتوودا بافڵ تاڵەبانی سەردانی ئەو وڵاتە بکات. هەرچەندە هێشتا بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت دۆسیەی غاز یەکێک بێت لە ئەجێندا شاراوەکانی ئەم سەردانە دیپلۆماسییانە.