پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا؛ بۆچی ئێران ترسی لە لێکتێگەیشتنی ئەنقەرە و کورد هەیە؟

١٠ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٠٨ پاش نیوەڕۆ

 پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا؛ بۆچی ئێران ترسی لە لێکتێگەیشتنی ئەنقەرە و کورد هەیە؟

پەنجەرە، ئەلحوڕە

دوو سەرکردەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرۆکی پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی ئەهوازی بە "الحرة"یان ڕاگەیاندووە کە سوپای پاسداران لە ساڵانی هەشتاکانەوە سەرکەوتوو بووە لە نزیکبوونەوە لە باڵێکی سەرەکی لە ناو پارتی کرێکارانی کوردستان، کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنکراوە. 

بەپێی ئەو میدیایە، سوپای پاسداران ئاسانکاریی تەواوی پێشکەش بەم باڵە کردووە و وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن بەکاریهێناوە، لە چوارچێوەی ڕکابەرییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا، کەی ویستبێتی وەک کارتی فشار دژی تورکیا بەکاریهێناوە.

بەڵام ئەو پەیوەندییانە لە ساڵی ٢٠٠٤دا تێکچوون، ئەمەش بەهۆی دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەلایەن پەکەکەوە، کە باڵی ئێرانی پارتەکەیە و شەڕی دژی سوپای پاسداران لە کوردستانی ئێران کردووە. ئەم گەشەسەندنە ئێرانییەکانی توڕە کرد و پاڵی پێوەنان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنن، تەنانەت بە تۆپخانەی قورس بنکەکانیان لە چیاکانی قەندیل بۆردومان کردن.

سەرەڕای ئەوەی ئێران بە فەرمی پێشوازی لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەکرد، بەڵام هەمان سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن پێیانوایە تاران بەرووکەش پێشوازی لێدەکات، بەڵام بەنهێنی هەر پرۆسەیەکی ئاشتی نێوان کورد و تورکیا بە هەڕەشە بۆ سەر خۆی دەزانێت، چونکە ئەو سەقامگیری بۆ تورکیای ڕکابەری ناوێت و حەز بە پەیوەندی دۆستانە لە نێوان کورد و تورکیادا ناکات، لەبەر ترسی لە بەرژەوەندییە ئابووریی و ئەمنییەکانی لە ناوچەکەدا بەرامبەر بە هەژموونی تورکیا، کە هاوکات بە هەژموونی ڕۆژاوایی دادەنێت.

تاران دەترسێت لەوەی بەشێک لە چەکدارانی پەکەکە کە ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان ڕادەست بکەن، بچنە ڕیزی هێزە کوردییە نەیارەکانی ئێرانەوە. لەبەر ئەوەی ئێران هێشتا خاوەن هەژموونە بەسەر هەندێک باڵی ناو پەکەکەدا (سەرەڕای ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە)، دەتوانێت لە ڕووی تیۆرییەوە دەستوەردان بکات و پرۆسەی ئاشتی پەک بخات.

دوودڵی لە هەردوولاوە

بەڵام چالاکوانان و کەسانی نزیک لە پەکەکە کە لە کوردستانی عێراق نیشتەجێن، بوونی هەر جۆرە پەیوەندییەکی نێوان پارتەکە و ڕژێمی ئێرانیان بۆ "الحرة" ڕەتکردەوە و جەختیان کردەوە کە پارتەکە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی چەندین هێرشی ئێرانی بووەتەوە و شەڕی دژی سوپای پاسداران کردووە.

ئەوان جەختیان کردەوە کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە و بەردەوامبوون لە دەستپێشخەری ئاشتی، لەسەر داوای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری دەستبەسەکراوی پارتەکە لە تورکیا بووە و پەکەکە لە لای خۆیەوە پەرۆشە بۆ بەردەوامبوون لە پرۆسەی ئاشتی.

ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لە ئایاری ڕابردوودا ئاشکرایکرد کە هەم ئەنقەرە و هەم پارتی کرێکارانی کوردستان ڕەتیدەکەنەوە هەنگاوی داهاتوو لە پرۆسەی ئاشتیدا بنێن، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی ئەو هەوڵانەی کە ئامادەکراون بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەک کە ٤ دەیەیە بەردەوامە.
ئاژانسەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا پشتی بە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسان، یاسادانەرانی تورکیا و نوێنەرانی پەکەکە بەستووە، کە دەریخستووە حکومەتەکەی سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و گروپە چەکدارەکەش، لە ئێستادا نایانەوێت هەنگاوی بوێرانە بنێن، بەتایبەتی لەژێر ڕۆشنایی کەشی ناسەقامگیری ناوچەکەدا.

وادیارە حکومەتی تورکیا دوودڵە لە دەرکردنی چاکسازییە یاساییەکان، لەوانەش لێبوردنی ئەگەری بۆ شەڕڤانانی پێشووی پەکەکە و پێدانی ڕۆڵێکی فەرمی بە ئۆجەلانی ڕێبەریان لە پرۆسەی ئاشتیدا.

لە کاتێکدا ئەنقەرە دەڵێت دەبێت سەرەتا پەکەکە بە تەواوی چەک دابنێت، بەڵام پارتەکە پێی وایە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی بکەوێتە بەردەم مەترسییەکان، بۆیە پێویستە سەرەتا یاساکان دەربچن.

هیچ دەرفەتێک بۆ ئێران نەماوە

ئیسماعيل جۆکتان، ڕۆژنامەنووس و توێژەری تورک لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێی وایە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە دوای پێشکەشکردنی چوارچێوەی یاسایی بە ئەردۆغان، پێی وایە ئەمە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ گەڕانەوەی شەڕڤانانی کورد بۆ تورکیا و بەشداریکردنیان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا.

سەرۆکی تورکیا لە ٢٤ی حوزەیرانی ڕابردوودا، لە کاتی پێشکەشکردنی گوتارێکدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پەرلەمانیی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، ئاشکرای کردبوو کە حکومەتەکەی کار لەسەر چوارچێوةیەکی یاسایی دەکات بۆ خێراکردنی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێڕەوی "تورکیای بێ تیرۆر".

جۆکتان گەرەنتی نەکردنی دەستوەردانی ئێران لە پرۆسەی ئاشتی ناو تورکیادا ناکات، بەڵام پێی وایە کە بە گشتی چیتر تاران خاوەنی پێداویستی پێویست نییە بۆ دەستوەردان لە کاروباری تورکیادا.
جۆکتان بە "الحرة"ی ڕاگەیاندووە: "سووریا لە چنگی داگیرکاریی ئێران ڕزگاری بوو، میلیشیا ئێرانییەکان لە عێراق بێلایەن کران و ناچار کران لە چوارچێوەی ڕێڕەوی کۆنترۆڵکردنی چەکە نایاساییەکاندا بچنە ناو حکومەتەوە، بزووتنەوە چەکدارە کوردییەکانی دژبەری ڕژێمیش ڕەتیانکردەوە دەستوەردان لە شەڕی کۆتاییدا بکەن و بە هیچ شێوەیەک هێرشیان نەکردە سەر ئێران. بۆیە لە دوای ئەو لێدانانەی ئێران لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە وەریگرتن، تاران چیتر میکانیزمی پێویستی بۆ دەستوەردان لە پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و کورد نییە".

پێشتر هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی ڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) کە پارتی کرێکارانی کوردستان لەژێر چەتری ئەودایە، دەسەڵاتدارانی تورکیای تۆمەتبار کرد بەوەی کات دەکوژن لە جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنی ئاشتیدا و ڕەخنەی لەو یاسا چوارچێوەیە گرت کە ئەنقەرە بۆ خێراکردنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە خستبوویەڕوو.

سەرۆکایەتی کۆنسەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "نە ئۆجەلان و نە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ئێمە سیاسەتی سەپاندنی ئەمری واقیع قبوڵ ناکەن، کە بگوترێ یاسایەکمان دەرکردووە و هەرکەسێک قبوڵی نەکات با باجەکەی بدات؛ گۆڕینی ئەمە بۆ سیاسەتێکی سەپێنراو، ڕێبازێکی دوور لە عەقڵ و سەپاندنی سیاسەتی شەڕێکی تایبەت دەبێت".

هەروەها هەڕەشەی ئەوەیان کرد کە بڕیارەکانی کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە جێبەجێ ناکەن ئەگەر حکومەتی تورکیا پابەندبوونەکانی جێبەجێ نەکات و ئۆجەلانی ڕێبەری پارتەکە ئازاد نەکات بۆ ئەوەی سەرپەرشتی جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی بکات.
لیڤێنت کەمال، ڕاوێژکاری ئەمنی تورک پێی وایە هیچ بوارێک نییە بۆ قسەکردن لەسەر دەستوەردانی ئێران لە پرۆسەی ئاشتی تورکیادا، چ جای کۆنترۆڵکردنی، بەتایبەتی دوای ئەو هەڵوێستە ناوەندییەی کە تورکیا لە کاتی ململانێی ئێران-ئەمریکا-ئیسرائیلدا گرتیەبەر.

کەمال لە لێدوانێکدا بۆ "الحرة" دەڵێت: "سەرەڕای ئەوەی لۆبی ئێرانی لە تورکیا بەهۆی شەڕەکەوە لەم دواییانەدا چالاک بووە، بەڵام هێشتا توانای کاریگەریی لەسەر سیاسەتی تورکیا لە پرۆسەی ئاشتیدا نییە. سەبارەت بە ئامرازە کاریگەرەکان لە دەرەوەی تورکیا، ئەو ژینگەیەی کە شەڕەکە دروستی کردووە ئەوە نیشان دەدات کە پارتە کوردییەکانی باکووری عێراق پشتگیرییان لە پرۆسەی ئاشتی بەردەوام لەگەڵ تورکیادا کردووە و هیوایان وایە ببێتە دەرفەتێک بۆ گەشەی بازرگانی؛ کەسیش ئەمە لە پێناو بەرژەوەندی ئێراندا ناخاتە سەر مێزی قومار.

سەبارەت بە ئەگەری جووڵاندنی بریکارەکانی ئێران لە عێراق دژی تورکیا یان پرۆسەی ئاشتی، کەمال پێی وایە هەر هەوڵێکی ئیستفزازی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە لە ڕێگەی هاوکاری نێوان ئەنقەرە، هەولێر و بەغداوە پووچەڵ دەکرێتەوە یان ئاشكرا دەبێت.

ڕەخنەی نیمچە فەرمی

لە تەممووزی ڕابردوودا، ڕۆژنامەگەریی ئێرانی هێرشی کردە سەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و ئەنقەرەی بە بەرپرسیار لەو توندوتیژییانە دانا کە وڵاتەکە بەهۆی ململانێی تورکیا و کوردەوە بەخۆیەوەی دەبینێت.
ڕاپۆرتێک کە لەلایەن ماڵپەڕی "ئیکتیساد نیوز"ی نزیک لە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستووری تورکیا، سەرەڕای ڕاگەیاندنی دەستپێشخەری ئاشتی لەلایەن ئەنقەرەوە، هێشتا دان بە ناسنامەی کوردیدا نانێت و دەرفەت نەدراوە بە کورد لە تورکیا بەڵکو ناچار کراون شەڕ بکەن.

ڕاپۆرتەکە زیادیشی کردووە: "دوای سەد ساڵ لە ئینکاریکردنی ناسنامە و بوونی کورد، حکومەتی تورکیا ئەمڕۆ باس لە پرۆسەی ئاشتی دەکات؛ ئەگەر تورکیا مافەکانی کورد بە شێوەیەکی ئاشتییانە بدایە، کورد پێشوازی لەم هەنگاوە دەکرد و ئەوان ئەمڕۆ ئامادەن چەکەکانیان دابنێن و ڕادەستی بکەنەوە".

ئاماژەی بەوەش کردووە کە تورکیا گەیشتووەتە خاڵێک کە چیتر ناتوانێت لە ڕووی سەربازییەوە پەکەکە یان کورد شکست پێبهێنێت، ئەمەش شتێکە کە لە ڕابردوودا چەندین جار تاقیکراوەتەوە.

لای خۆیەوە، عەلائەدین نەشوع، پسپۆڕی ستراتیژی پێیوایە هەڵسەنگاندنی ئێران بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لەژێر ئەو چەمکەدایە کە سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە ئێرانییەکان دەخاتە ناو قەیرانی سیاسی، ئەمنی و سەربازییەوە، بەتایبەتی لە باکووری ڕۆژاوای وڵاتەکەدا (ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، دەرگا بەڕووی یاخیبوون دژی ڕژێمی دەسەڵاتداری مەلاکاندا دەکاتەوە.

نەشوع بۆ "الحرة" ڕوونی دەکاتەوە کە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دەرچوونی لەو چەقبەستووییەی ئێستا تێیدایە بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و شەڕی ئێران-ئەمریکا، خاڵێکی وەرچەرخانە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەنقەرە، ئەمەش ڕێک ئەو شتەیە کە ئێران نایەوێت، چونکە هەمیشە هەوڵی دروستکردنی پشێوی دەدات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو