ململانێی بەغدا و هەولێر لەسەر مێزی ئەنجومەنی وەزیران؛ وردەکاریی مشتومڕەکەی نێوان وەزیرانی داد و دارایی عێراق
١٠ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:١٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغدا، ناوەڕۆکی مشتومڕێکی نێوان خالد شوانی، وەزیری داد و وەزیری دارایی عێراقی بۆ پەنجەرە ئاشکرا کرد، کە تێیدا دوو دۆسیەی سەرەکی و گرنگی نێوان هەرێم و بەغدا کێشەیان لەسەر دروست بووە.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، تەوەرەی یەکەمی مشتومڕەکە تایبەت بووە بە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بڕی ئەو ١٢٠ ملیار دینارەی کە بەغدا مانگانە داوای دەکات. لە کاتێکدا شاندی هەرێم داوای کەمکردنەوەی ئەو بڕە پارەیە دەکات، وەزارەتی دارایی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت تەواوی پارەکە رادەست بکرێت.
هاوکات سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە کێڵگەی گازی کۆرمۆر تەوەرێکی دیکەی ناکۆکیی نێوان هەردوو وەزیرەکە بووە. هەرچەندە سەرچاوەکە وردەکاریی زیاتری لەسەر شێوازی مشتومڕەکە سەبارەت بە کۆرمۆر نەدرکاند، بەڵام روونی کردەوە کە بەغدا هێشتا کێڵگەکانی کۆرمۆر و خورمەڵە وەک بەشێک لە موڵکایەتی کۆمپانیای نەوتی باکوور تەماشا دەکات، ئەمەش خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکەیە.