کەی بەغدا موچە دەنێرێت؟
١٠ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:١٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ وەزیری دارایی فیدراڵ کۆبووەوە و پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و داهاتی ناوخۆ تاوتوێ کران.
د. ڕێبوار کەریم مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "وەکو لیژنەی دارایی، ئهمڕۆ کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی جەختیکردەوە کە بۆ ئەم مانگەش مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکەن، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە دۆخەکە بۆ مانگەکانی داهاتوو ناڕوون و نادیارە.
سەبارەت بە پرسی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر داهاتی ناوخۆ، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران وتی: "وەزیری دارایی عێراق ڕوونیکردەوە کە ئەوان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر ناردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ ڕێککەوتوون، بەڵام لە ئێستادا هەرێم داوای کەمکردنەوەی ئەو بڕە پارەیە دەکات، وەزارەتی دارایی فیدراڵیش ناتوانێت بڕەکە کەم بکاتەوە."
د. ڕێبوار کەریم مەحمود لە زاری وەزیری دارایی عێراقەوە ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە ناردنی ئەو 120 ملیار دینارە، تا ئەو کاتەی هەردوولا دەگەنە ڕێککەوتنێکی نوێ.