شەڕی بێ سەرباز؛ چۆن درۆنەکانی ئۆکرانیا روسیایان بەتەواوەتی ماندوو کردووە؟
١٠ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:١٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
شەڕی روسیا و ئۆکرانیا پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە کە تێیدا پشتبەستن بە درۆن ڕوو لە زیادبوونە، ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنی دوولایەنەی هێرشە مەودا دوورەکان.
له بەرەکانی پارێزگای زاپۆریژیا لە باشووری ئۆکرانیا، یەکە درۆنییەکانی ئۆکرانیا بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سیخوڕیی، دەستنیشانکردنی ئامانجەکان و هێرشە وردەکان، ئەم چالاکییانەش زیاتر لە بەرەبەیاندا ئەنجام دەدرێن.
ئەندامی یەکێک لە یەکە درۆنییەکانی ئۆکرانیا دەڵێت، بەرگرییە ئاسمانییەکانی روسیا ئێستا توانایەکی زۆر تەرخان دەکەن بۆ پاراستنی کۆگاكانی تەقەمەنی و ناوچەکانی کۆبوونەوەی هێزەکان لە هێرشە ئاسمانییە بێفڕۆکەوانەکان.
گەشەسەندنی پیشەسازیی درۆن لە ئۆکرانیا
لە ماوەی ساڵانی شەڕەکەدا، پیشەسازیی درۆن لە ئۆکرانیا بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە، بە جۆرێک ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی لەم کەرتەدا کار دەکەن بۆ زیاتر لە ٢٥٠ کۆمپانیا بەرزبووەتەوە، کە بە تەنیا یاخود بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیماندا کار دەکەن، لەوانەش بەریتانیا، کەنەدا، نەرویج، ئەڵمانیا و دانیمارک.
درۆنە ئۆکرانییەکان جۆراوجۆرن، لەوانە درۆنە خۆکوژییەکانی جۆری (FPV) کە زۆرترین بەکارهێنانیان هەیە دژی هێزی مرۆیی، ئۆتۆمبێل و قەڵا سەربازییە نزیکەکان، هەروەها درۆنەکانی سیخوڕی کە زانیاری ورد بۆ هێزە وشکانییەکان دابین دەکەن.
جگە لەمەش، درۆنە بۆمبهاوێژە قورسەکانی وەک "پیرۆن" و "ڤامپایەر" کە توانای هەڵگرتنی گوللەتۆپ و گوللەدەبابەیان هەیە، هاوکات لەگەڵ درۆنە باڵدارەکان کە مەودایان دەگاتە نزیکەی دوو هەزار کیلۆمەتر و بۆ ئەنجامدانی هێرش لە قووڵایی خاکی ڕووسیادا بەکارهێنراون.
سەربازانی ئۆکرانی جەخت دەکەنەوە کە بۆمبهاوێژە قورسەکان، بە تایبەتی "پیرۆن"، تەنیا بە هەڵگرتنی تەقەمەنییەوە سنووردار نین، بەڵکو دەتوانن درۆنی بچووکتر بگوازنەوە بۆ قووڵایی بەرەکانی شەڕ بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئاڵۆز. هەروەها ئەم درۆنانە بە وردییەکی بەرز لە پێکانی ئامانجەکاندا جیا دەکرێنەوە، بە جۆرێک مەودای هەڵەکەیان تەنیا بۆ نزیکەی یەک مەتر کەم دەکاتەوە، ئەمەش بە بڕوای ئەوان، لە زۆرێک لە ئەرکەکاندا لە تۆپخانە کلاسیکییەکان کاریگەرترە.
سەربازە ئۆکرانییەکان پێیان وایە کە زیادبوونی پشتبەستن بە درۆنەکان بەشدار بووە لە کەمکردنەوەی زیانە گیانییەکان و قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە جیاوازیی ژمارەیی لەگەڵ هێزەکانی ڕووسیادا، بەڵام دانیش بەوەدا دەنێن کە کاریگەریی ئەم چەکە لە بارودۆخی کەشوهەوای خراپدا پاشەکشە دەکات. لە لایەکی دیکەوە، چاودێران پێیان وایە کە پێشبڕکێی بەردەوامی پەرەپێدانی ئەم چەکانە لە نێوان هەردوولادا ڕەنگە ماوەی شەڕەکە درێژتر بکاتەوە.
بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزە لە ناوخۆی ڕووسیادا
ئۆکرانیا دەستیکردووە بە بەئامانجگرتنی دامەزراوە ستراتیژییەکانی ناوخۆی ڕووسیا، بە تایبەتی پاڵاوگەکانی نەوت، کۆگاکانی سووتەمەنی و کۆمەڵگا پیشەسازییەکانی کە پێکهاتەکانی مووشەک بەرهەم دەهێنن، ئەمەش وەک ڕێگەیەک بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی چەک و هێزی مرۆیی بە بەراورد لەگەڵ ڕووسیادا.
ئاماژەی بەوەش کرد کە کیێڤ بازنەی ئامانجەکانی فراوانتر کردووە تا وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی نیمچەدوورگەی کرێمیا و ئەو ناوچانەش بگرێتەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی ڕووسیادان لە لۆهانسک و زاپۆریژیا، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ پەکخستنی ژیانی ڕۆژانە و توانای لۆجستیی ڕووسیا.
ئۆکرانیا ئەم هێرشانە وەک وەڵامێکی هاوشێوە بۆ ئەو هێرشانەی ڕووسیا نیشان دەدات کە دامەزراوەکانی وزە لە ناوخۆی خاکی ئۆکرانیادا دەکەنە ئامانج.
مۆسکۆ دانی بە کاریگەریی هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە لە ناوخۆی ڕووسیادا نا، بەتایبەت ڤلادیمیر پوتین دانی بەوەدا ناوە کە هێرشەکان بوونەتە هۆی دروستبوونی قەیران لە دابینکردنی سووتەمەنی و کەمیی بەنزین لە هەندێک ناوچەی ڕووسیادا.
بەڵام لە هەمانکاتدا، دەسەڵاتدارانی ڕووسیا جەخت دەکەنەوە کە ئەم هێرشانە کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان نەبووە. دمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین ڕایگەیاند کە چڕکردنەوەی هێرشەکانی ئۆکرانیا، لە ڕوانگەی ڕووسیاوە، ڕەنگدانەوەی زیانە مەیدانییەکانیەتی و پاشەکشەیەتی بە درێژایی هێڵەکانی شەڕ.
کۆشکی کرێملین، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و هۆڵەندای تۆمەتبار کرد بە پێشکەشکردنی پاڵپشتیی هەواڵگریی بە کیێڤ لە ڕێگەی دابینکردنی زانیاری و پۆتانی مانگە دەستکردەکان، کە یارمەتی دەدەن لە ئاڕاستەکردنی هێرشەکانی بۆ ناوخۆی خاکی ڕووسیا.