شێتیی مۆندیالی ٢٠٢٦؛ بازاڕی ڕەش نرخی پلیتەکان دەگەیەنێتە ئاستێکی خەیاڵی.
١٠ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:١٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی مۆندیالی ٢٠٢٦ لە قۆناغە یەکلاکەرەوەکانی، نرخی پلیتەکان بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبوونەوە، بە شێوەیەک نرخی هەندێک لە پلیتەکانی یاریی کۆتایی کە بڕیارە لە یاریگای (میتلایف) بەڕێوەبچێت، ٣٠ هەزار دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قەبارەی زۆری خواستە لەسەر پاڵەوانێتییەکە.
لەگەڵ زیادکردنی ژمارەی هەڵبژاردەکان بۆ ٤٨ هەڵبژاردە لەم مۆندیالەدا، ڕکابەرییەکان بەهێزتر بوون و داواکاری لەسەر پلیتەکان زیاتر بووە، بەتایبەت لەگەڵ چوونە ناو قۆناغی یەکلاکەرەوە.
هاوکات لەگەڵ رۆیشتنی هاندەران لە سەرانسەری جیهانەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، کەنەدا و مەکسیک بەمەبەستی بینینی یارییەکان لە ناو یاریگاکانەوە، فرۆشتنەوەی پلیتەکان بەرزبوونەوەیەکی پێوانەیییان لە نرخی پلیتی قۆناغە کۆتایییەکاندا بەخۆیانەوە بینی، بەتایبەت یارییەکانی پێش کۆتایی و کۆتایی.
پلیتی یاریی کۆتایی
پلیتەکانی یاریی کۆتایی لە پێشەنگی لیستی گرانترین پلیتەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦ دان، کە بڕیارە ڕۆژی ١٩ی تەممووز یاریگای (میتلایف) لە ئیست ڕەزەرفۆرد میوانداریی یاریی کۆتایی بکات.
نرخی فەرمیی پلیتەکانی یاریی کۆتایی بەگوێرەی جۆری پلەکان لە نێوان ٢,٠٣٠ بۆ ٧,٨٧٥ دۆلاردایە، بەڵام نرخەکان لە بازاڕی دووەمدا (بازاڕی ڕەش/دووبارە فرۆشتنەوە) گەیشتوونەتە ئاستێکی بێپێشینە و بۆ هەر پلیتێک لە نێوان ٥,٩٠٠ دۆلار بۆ زیاتر لە ٣٨ هەزار دۆلار دایە.
یارییەکانی پێش کۆتایی
پلیتەکانی هەردوو یاریی پێش کۆتایی لە ڕووی گرانیی نرخەوە لە پلەی دووەمدا دێن، کە بڕیارە ئەو دوو ڕووبەڕووبوونەوەیە لە یاریگای (AT&T) لە دالاس و یاریگای (مێرسیدس بێنز) لە ئەتڵانتا بەڕێوەبچن.
نرخی فەرمیی ئەم یارییانە لە نێوان ٤٢٠ بۆ ٣,٢٩٥ دۆلاردایە، لە کاتێکدا نرخەکەی لە بازاڕی دووبارە فرۆشتنەوەدا دەگاتە نزیکەی ٩,٥٠٠ دۆلار.
یارییەکانی چارەکی کۆتایی
سەبارەت بە یارییەکانی قۆناغی چارەکی کۆتایی، کە لە شارەکانی وەک بۆستن، لۆس ئەنجلۆس، مەیامی و کانزاس سیتی بەڕێوەدەچن، لە پلەی سێیەمدا دێن.
نرخە فەرمییەکانیان لە نێوان ٢٧٥ بۆ ١,٧٧٥ دۆلاردایە، لە کاتێکدا لە هەندێک پرۆسەی دووبارە فرۆشتنەوەدا نرخەکەیان دەگاتە سنووری ٤,٠٠٠ دۆلار.
ئەم نرخانە بەهۆی سیستمی نرخاندنی داینامیکی و گۆڕانکاری لە قەبارەی داواکارییەکاندا شیاوی گۆڕانکارین، چونکە هێندەی پاڵەوانێتییەکە لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە و ناسنامەی ئەو هەڵبژاردانەی کێبڕکێی نازناوەکە دەکەن ڕوونتر دەبێتەوە، بەهای پلیتەکانیش زیاتر بەرز دەبێتەوە.
لەگەڵ ئامادەبوونی دیارترین ئەستێڕەکانی تۆپی پێی جیهان و بەشداریی هەڵبژاردە گەورەکانی وەک ئەرژەنتین، یارییەکانی قۆناغە کۆتایییەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦ بوونەتە یەکێک لە پڕداواکارترین ڕووداوە وەرزشییەکان، نەک تەنها لە ڕووی ئامادەبوونی هاندەرانەوە، بەڵکو لە ڕووی بەهای بازرگانیی پلیتەکانیشەوە.