تەرمی خامنەیی لە نەجەف؛ ماڵئاواییەکی ئایینی یاخود مانۆڕێکی سیاسیی تاران؟
١٠ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٢٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ئەو فڕۆکەیەی تەرمی خامنەیی هەڵگرتبوو، گەیشتە «فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف»، کە زۆربەی بەرپرسانی سیاسی عێراق و فەرماندەکانی حەشدی شەعبی لە پێشوازیی تەرمەکەدا بوون.
هێزەکانی حەشدی شەعبی بەتایبەت گروپە نزیکەکان لەئێران، رۆڵێکی گەورەیان لە رێکخستنی مەراسیمی پێشوازیی لە تەرمی خامنەیی و گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی بۆ پاراستنی مەراسیمەکە هەبوو.
پێچەوانەی خواستەکانی ئەمەریکا بۆ دەرهێنانی عێراق لەژێر هەژموونی ئێران، وێنەی گەورەی ڕێبەری پێشووی ئێران و ئاڵای عێراق و ئێران لەپاڵ یەکتریدا هەڵکرابوو، مەراسیمەکە ئامادەییەکی گەورەی گروپە چەکدارە شیعەکان و جێ پەنجەی ئەوانی پێوە دیاربوو.
تەرمەکە لەسەر بارهەڵگرێکی گەورەو لە نێو قەرەباڵغییەکی چڕدا دەجووڵایەوە، لە کاتێکدا ڕێوشوێنی مەیدانی بۆ پاراستنی ڕێڕەوی کاروانەکە و ڕێکخستنی جووڵەی بەشداربووان گیرابووە بەر.
شیکەرەوەی سیاسی، رەعد هاشم رایگەیاند: حەشدی شەعبی سەرکردایەتی کۆکردنەوەی خەڵکی کردبوو بۆ پێشوازی لە تەرمەکە، ئەمە نوێکردنەوەی بەیعەت بوو.
وتیشی: هەروەها داخستنی تەواوەتی شاری نەجەف و پشووی فەرمی لە دامەزراوەکانی عێراقدا، بەکارهێنانی سیاسیی بۆ مەڕاسیمی بەخاکسپاردنەکە."
مەراسیمی پێشوازیی لەتەرمی خامنەیی لە عێراق ڕەهەندێکی سیاسی لەخۆگرتبوو، بەشداریکردنی حەشدی شەعبیش لە کۆکردنەوەی لایەنگران و ڕێکخستنی ئامادەبووان، ئاماژەبوو بۆ بەردەوامیی هەژموونی ئێران، لە ساتێکدا کە جارێکیتر تاران ڕووبەڕووی گوشاری سەربازیی و سیاسیی دەبێتەوە.
د. یاسین تەها، شارەزا لە کاروباری سیاسی عێراق ڕایگەیاند کە بڕیاری هێنانی تەرمی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ شارەکانی نەجەف و کەربەلا، ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا وەک ڕێوڕەسمێکی ئایینی بۆ ماڵئاواییکردن لە مەرجەعێکی باڵای شیعە دەردەکەوێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هەڵگریی پەیامێکی سیاسی قووڵە.
ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم هەنگاوە پەیامێکە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە عێراق هێشتا وەک ناوچەی هەژموون و ملکەچ بۆ کاریگەرییەکانی تاران ماوەتەوە، کە ئەمەش بە پلەی یەکەم بۆ ئەو تێکەڵاوییە مەزهەبییە دەگەڕێتەوە کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.
یاسین تەها ئەوەشی خستەڕوو کە ئایەتوڵا خامنەیی لە ژیانی خۆیدا، بەهۆی بارودۆخی ئەمنی یان هەر هۆکارێکی ترەوە، سەردانی عێراقی نەکردبوو بۆ زیارەت، بەڵام لە ئێستادا بڕیاربەدەستانی تاران دەیانەوێت لەمڕێگەیەوە قەبارەی لایەنگران، شوێنکەوتووان و هاوسۆزانی خۆیان لە عێراق نیشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتیش ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بدەن.