سەلەفییەکانی کوردستان؛ یەک بیروباوەڕ و چەندین ئاڕاستەی جیاواز
١٠ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٢١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەلەفییەت لە هەرێمی کوردستان وەک پارتێکی سیاسیی یەکگرتوو بوونی نییە، بەڵکو لە چەندین رەوتی جیاواز پێکدێت کە هەر لایەنێکیان لە دەوری مامۆستایەکی ئاینی یان زیاتر کۆبوونەتەوە. هەرچەندە ئەم رەوتانە لەسەر ئاستی عەقیدە و بیروباوەڕ هاوڕان و هیچ ناکۆکییەکی بنەڕەتی لە نێوانیاندا نییە، بەڵام لەسەر ئەو پرسانەی جێگەی ناکۆکی و رای جیاوازن، تێڕوانینی جیاوازیان هەیە.
سەرجەم رەوتە سەلەفییەکان حیزبایەتی و بەشداریی سیاسی رەتدەکەنەوە، ئەوان زیاتر بایەخ بە خوێندنی زانستە شەرعییەکان و بانگەواز دەدەن.
لە نێو ئەم لایەنانەدا، رەوتەکەی د. عەبدوللەتیف سەلەفی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەهێزترین و دیارترینیان بووە؛ ئەمەش بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ خاوەندارێتیکردنی لە کەناڵی راگەیاندنی تایبەت، چالاکبوونی لە ناوەندە میدیاییەکان، هەروەها جۆری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خودی ناوبراو لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمدا.
پێچەوانەی د. عەبدوللەتیف، بەشێک لەو زانا ئاینییە سەلەفییانەی پێگەدارن، بەهیچ جۆرێک دەرکەوتنی میدیاییان نییە، خۆیان لەچاوی میدیا دەشارنەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن پێگەن لەنێو سەلەفییەکاندا.
رەوتەکەی د. عەبدوللەتیف
دوای وروژاندنی دۆسیەی گێچەڵکردن بە خوێندکاران و عەزلکردنی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە، رەوتەکەی د. عەبدوللەتیف تاڕادەیەکی زۆر ڕووی لەپاشەکشە کردووە.
سەرباری پاشەکشەکردنی ئەم رەوتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا میدیا و سۆشیال میدیای سەر بەم رەوتە تا ئێستا بەرگریی دەکەن، وێنە و وتارەکانی د. عەبدوللەتیف بڵاو دەکەنەوە و بەرگریی لێدەکەن.
ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەک لە زانای سەلەفی و گەنجی سەر بەم رەوتە، ناوبەناو سەردانی د. عەبدوللەتیف دەکەن و پشتگیریی خۆیانی بۆ دووپات دەکەنەوە. هەروەها بەشێکی تریشیان وتارەکانیان بۆ گەورەیی تاوانی “بوهتان” تەرخان دەکەن، کە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بەرگریی لە د. عەبدوللەتیف دەکەن.
سەرباری پاشەکشەکردنی رەوتەکەی د. عەبدوللەتیف، بەڵام هێشتا ناتوانرێت کۆتاییهاتنی ئەم رەوتە رابگەیەنرێت، چونکە جگە لەوەی بەرگریی دەکەن، هاوکات لەنێو کەسایەتییە سەلەفییەکاندا کەسیتری هاوشێوەی د. عەبدوللەتیفی تێدا نییە، لەڕووی بوونی پەیوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیدارەدانی دۆخی سەلەفییەکان.
چارەنووسی د. عەبدوللەتیف بەستراوەتەوە بە ئاراستەی دۆسیەکەی لە دادگا، گەر دادگا راست و دروستی دۆسیەکەی بسەلمێنێت و سزای بدات، ئەوکات دۆخی ئەم رەوتە زیاتر پاشە کشە دەکات، بەپێچەوانەوە گەر دۆسیەکەی بێ ئەنجام بێت، دەرفەتی زیندوو بوونەوەی زیاتری بۆ دەڕەخسێت.
ئەگەر ئەم دۆخەی بەسەر رەوتەکەی د. عەبدوللەتیفدا هاتووە تێشپەڕێت و کۆتایی بەرەوتەکەش نەیەت، بەڵام ناتوانرێت نکۆڵی لە پاشەکشەکردنی ئەم رەوتە بکرێت، بەوپێیەی پێش سەرهەڵدانی دۆسیەکانیش کۆمەڵێک زانای سەلەفی لێی دوورکەوتبوونەوە.
سەلەفی رکابەر
کۆمەڵێک لەو زانا سەلەفییانەی کەلەگەڵ د. عەبدوللەتیفدا هاوڕا نین ، ئێستا لەرێگەی کەناڵی پێشەنگەوە لەجاران چالاکترن، کەناڵی پێشەنگ وەکو رکابەری کەناڵی ئامۆژگاری لێیدەڕوانرێت.
کەناڵی پێشەنگ وتارەکانی کۆمەڵێک زانای ئاینی سەلەفی پەخش دەکات، دیارترینی ئەو زانایانە مامۆستا عەبدولکەریمی مزگەوتی ئیمانە، گەرچی ئەم مامۆستایە دانانی کەناڵی رەتکردەوە.
کۆمەڵێک زانای زۆری ئاینی سەلەفی لەدەوری کەناڵی پێشەنگ کۆبوونەتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەم گروپە زانایە مەبەستیشیان رکابەری رەوتەکەی د.عەبدوللەتیف نەبێت، دواجار پاشەکشە کردنی ئەم رەوتە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی زیاتری ئەمان.
یاخود پێدەچێت زانا سەلەفییەکانی تر ئامانجیان ئەوە بێت، لەئەگەری پاشەکشەکردنی رەوتەکەی د. عەبدوللەتیفدا، ئەوان بۆشاییەکە پڕ بکەنەوە و رێگریی بکەن لە پاشەکشەی بیرۆکەی سەلەفییەت.