لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی زەیدیدا؛ بەغدا بووەتە بازاڕی گەرمی کۆکردنەوەی دۆسیەی گەندەڵی
١٠ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٢٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار لە بەغدا بە پەنجەرەی ڕاگەیاند، ئێستا پەرلەمانتاران، لایەنە سیاسییەکان، چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان لە عێراق بە چڕی سەرقاڵی کۆکردنەوە و ئامادەکردنی دۆسیەکانی گەندەڵین.
بەوتەی سەرچاوەکە، ئەم جووڵە و ئامادەکارییە بەرفراوانە مەبەست لێی پێشکەشکردنی دۆسیەکانە بە لایەنە پێوەندیدارەکان، ڕاستەوخۆ دوای گەڕانەوەی "زەیدی" لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
سەرچاوە ئاگادارەکەی بەغدا ئاماژەی بەوەشکرد کە پاڵنەری لایەنەکان بۆ کۆکردنەوەی ئەم دۆسیانە وەک یەک نییە و دابەش دەبن بەسەر سێ بەرەدا:
بۆ چەواشەکاری: هەندێک لەوانەی خۆیان تێوەگلاون و تۆمەتبارن بە گەندەڵی، دۆسیە دژی کەسانی تر کۆدەکەنەوە تەنیا بۆ ئەوەی سەرنج و چاوی ڕای گشتی لەسەر خۆیان لاببەن.
بۆ ململانێی سیاسی: بەشێک لە لایەنەکان ئەم دۆسیانە وەک چەکێک لە شەڕ و ململانێی سیاسیی داهاتوویاندا دژی نەیارەکانیان بەکار دەهێنن.
بەرەی ڕاستەقینە: هەندێک لە چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانیش هەن کە بە ڕاستی و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا دژی گەندەڵی کار دەکەن و دۆسیەکان بەڵگەدار دەکەن.
سەرچاوە سیاسییەکە لە بەغدا وتیشی: شەقامی عێراقی بە چڕی و وردی چاودێریی هەنگاوەکانی حکومەت دەکات لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، هەر ئەمەش وایکردووە کە لەم کاتەدا هەمووان خەریکی کۆکردنەوەی دۆسیە بن.