پارەی ژێرزەمینی بەرپرسان؛ لە دەستەواژەیەکی مەجازیی مەلا بەختیارەوە بۆ ڕاستییەکی بەڵگەدار
١٠ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٢٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
له نێوان دوێنێی هۆشدارییهكان و ئهمڕۆی ڕووداوهكاندا، دهستهواژهی "پارهی ژێرزهمینهكان" له چەمکێکی مەجازییەوە وەرگەڕاوە بۆ واقیعێکی حاشاهەڵنەگر.
پێش چەند ساڵێک، کاتێک باسی حەشارگەی سامانی دزراوی بەرپرسان دەکرا، ڕەنگە بۆ زۆرکەس جێی سەرسوڕمان بووبێت، بەڵام ئێستا لانی کەم لەسەر ئاستی عێراق، خەڵک بینەری ڕاستەوخۆی دەرھێنانی ملیۆنان دۆلارە لە کون و قوژبن و ژێرزەمینی بەرپرسە گەندەڵەکاندا.
هۆشدارییەکانی مەلا بەختیار؛ "پارهی حهرام ههر ژێرزهمینه"
سەرەتای ورووژاندنی ئەم بابەتە بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. مەلا بەختیار، کارگێڕی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٠دا ڕووی دەمی کردە بەرپرسان و ڕایگەیاند: "پارەی ژێرزەمینەکان دەربھێنن."
ئەم لێدوانە لەو کاتەدا دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە، تەنانەت کاتێک لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لێی پرسرا کە بەرپرسێک نکۆڵی لە بوونی ئەو پارانە کردووە لەژێر زەمیندا، مەلا بەختیار وتی: "بەو بەرپرسەم وتووە ژێرزەمینەکان لەکوێن کە نکۆڵی لێ دەکات." ئەو پێناسەیەکی قووڵتری بۆ چەمکەکە کرد و ڕوونی کردەوە:”ژێرزەمین چییە؟ تۆ پارەی حەرامت لابێت، هەرچۆن بیشاریتەوە ژێرزەمینە؛ لە ماڵی خزمێکت بیشاریتەوە یان بیخەیتە ئیشەوە، هەر ژێرزەمینە، چونکە پارەکە حەرامە."
ئەم دیدگایە پێشتریش لە وتارێکی ناوبراودا لە ٨ی ئایاری ٢٠١٩ ڕەنگی دابووەوە، کاتێک نووسیبووی کە لە سەردەمی جیهانگیریدا، گەندەڵی بووەتە ئامانجی سەرەکیی ڕاپەڕیوان و ناڕازییان، و ڕەوایی حیزب و کەسایەتییە سیاسییەکانیش بەندە بە ڕادەی ڕیشەکێشکردنی ئەم دەردەوە.
ئەو کاتە هۆشداری دابوو کە: "خەسڵەتی هاوبەشی کاربەدەستە گەندەڵکارەکان ئەوەیە هەتا لەخۆیان نەقەومێ، ناکەونە خۆیان. کاتێک لێشیان دەقەومێ، تازە فریای پارەی ژێرزەمینەکانیان ناکەون."
لە مەجازەوە بۆ واقیع: گۆڕەپانی عێراق و هەرێم
دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر ئەو نووسین و لێدوانانەدا، پێشبینییەکان بوونە واقیع. لە کاتێکدا مەلا بەختیار ئەو کاتە وشەی "ژێرزەمین"ی وەک هێمایەک بۆ شاردنەوەی سامانی گشتی بەکارهێنا، ئەمڕۆ عێراقییەکان بە چاوی خۆیان دیمەنی دەرهێنانی تەنکە گونیەی پڕ لە دۆلار و دینار لە ژێرزەمینەکانی بەغدا و شارەکانی تردا دەبینن.
بەڵام جیاوازییە ڕێژەییەکە لە کوێدایە؟
مەلا بەختیار کاتی خۆی ڕووی دەمی لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بوو بۆ دەرهێنانی ئەو پارانە، بەڵام ئێستا پرۆسەی هەڵماڵینی دەمامکی گەندەڵکاران و دەرهێنانی پارەکان لە ژێرزەمینی بەرپرسانی عێراقەوە دەستی پێکردووە.
ئەم دۆخە پرسیارێکی جدی و چاوەڕوانکراو لە هزری شەقامی کوردیدا دروست دەکات: کەی نۆرەی ژێرزەمینەکانی کوردستان دێت؟ و کەی ئەو دیوار و حەشارگانەش دەبنە شاهیدی ئاشکرابوونی سامانی شاراوەی بەرپرسانی هەرێم؟