یەکێتی لە ئەتڵەسی قەرارگای ڕەمەزاندا؛ لە دۆڵی تۆژاڵەوە تا بەرەکانی جەنگ

١٠ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٣١ پاش نیوەڕۆ

 یەکێتی لە ئەتڵەسی قەرارگای ڕەمەزاندا؛ لە دۆڵی تۆژاڵەوە تا بەرەکانی جەنگ

پەنجەرە

پشتبەستن بە زانیاری و بەڵگەنامەکانی کتێبی دۆکیۆمێنتاریی «ئەتڵەسی قەرارگای ڕەمەزان لە سەردەمی بەرگریی پیرۆزدا» مێژووی هاوچەرخی باشووری کوردستان پڕە لە وەرچەرخانی سیاسی و سەربازیی گەورە کە نەخشەی هێز و هاوپەیمانێتییەکانی لە ناوچەکەدا گۆڕیوە. یەکێک لە سەرەکیترین کارەکتەرەکانی ئەم مێژووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. 

کتێبی دۆکیۆمێنتاریی «ئەتڵەسی قەرارگای ڕەمەزان لە سەردەمی بەرگریی پیرۆزدا» لە ڕوانگەیەکی بەڵگەنامەیی و مێژووییەوە، بە وردی تیشک دەخاتە سەر پڕۆسەی دامەزراندنی ئەم حیزبە، پێکهاتەی ڕێکخراوەیی، دابەشکاریی جوگرافی، هێزی سەربازی و میدیایی، و هەروەها ئەو بەرزونزمییە زۆرانەی کە لە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە نێوان ساڵانی ١٩٧٥ تا ١٩٨٨ ڕوویانداوە.

ئەم ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە، تەواوی ئەو مێژووە وەک خۆی و بەبێ کورتکردنەوە دەخاتە ڕوو:

بەشی یەکەم: پڕۆسەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە بە کورتکراوەی "یەکێتی" دەناسرێت، لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا وەک یەکێک لە دوو حیزبە گەورە، سەرەکی و چالاکەکەی ناوچەی کوردنشین (هەرێمی کوردستان) ئەژمار دەکرێت.

بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی دروستبوونی ئەم قەوارە سیاسییە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ کایە مێژووییەکانی ساڵی ١٩٧٥. دوای مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی شوومی جەزائیر لە نێوان شای ئێران و سەدام حوسێن (جێگری سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی عێراق)، پشتگیرییەکانی ئێران بۆ شۆڕشی کورد ڕاوەستا. 
ئەمەش بووە هۆی پەککەوتن و ڕاگرتنی خەباتی چەکداریی نەیارانی بەعس بە ڕێبەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی. لەو کاتەدا، زۆرێک لە پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ناچار بوون پەنا ببەنە بەر وڵاتی ئێران.

لە ناو جەرگەی ئەم قەیرانە و نائومێدییە گشتییەدا، جەلال تاڵەبانی لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی تر وەک دکتۆر فوئاد مەعسوم, عادل موراد، دکتۆر کەمال، عەبدولڕەزاق فەیلی و نەوشیروان مستەفا، لە کاردانەوە و سیاسەتی مەلا مستەفا بارزانی ناڕازی بوون. ئەوان بڕیاری جیابوونەوەیان لە پارتی دیموکراتی کوردستان دا و لە ٣١ی ئایاری ١٩٧٥دا قەوارەیەکی نوێیان بە ناوی "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" دامەزراند. ئامانجی سەرەکی ئەوان ئەوە بوو کە بە پاڵپشتیی دارایی و لۆجستیی وڵاتانی سووریا و لیبیا، جارێکی تر بڵێسەی شۆڕش دژی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دابگیرسێننەوە.
 یەکەم بەیاننامەی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاوکرایەوە کە تێیدا پێنج ئەرک و ئامانجی بنەڕەتیی حیزبەکە بەم شێوەیە دەستنیشان کرابوون:
1. ئازادکردنی عێراق: ڕزگارکردنی تەواوی خاکی عێراق لە تۆڕی کۆلۆنیالیزم و بەستراوەیی سیاسی و ئابووری.
2. ڕوخاندنی ڕژێم: ڕوخاندنی یەکجاریی ڕژێمی نەتەوەپەرستی بەعس لە عێراق.
3. دامەزراندنی دیموکراسی: هێنانەکایەی حکومەتێکی نیشتمانی و دیموکراتی لە ڕێگەی هاوپەیمانیی هێزە دیموکراتەکانەوە، بە شێوازێک کە مافی دیموکراسی بۆ گەلی عێراق دەستەبەر بکات.
4. مافی ئۆتۆنۆمی: ناساندنی فەرمیی مافە نیشتمانییەکانی گەلی کورد و دابینکردنی ئۆتۆنۆمی (خۆبەڕێوەبەری) بۆ کوردستانی عێراق لە چوارچێوەی کۆمارێکی سەربەخۆ و دیموکراتی عێراقدا.
5. چاکسازیی ئابووری و کۆمەڵایەتی: ئەنجامدانی چاکسازیی بنەڕەتیی زەویوزار بە قازانجی جوتیاران، پیشەسازییکردنی وڵات و سوودوەرگرتن لە سەرچاوە سروشتییەکان لە پێناو پێشکەوتنی گشتیی کۆمەڵگەی عێراقدا.

سێ ڕەوتە جیاوازەکەی ناو یەکێتی

پێکهاتەی ناوخۆیی یەکێتی لە سەرەتای دامەزراندنیدا یەکدەست نەبوو، بەڵکو لە هاوپەیمانی و یەکگرتنی سێ ڕێکخراو و لایەنی سیاسیی جیاواز پێک هاتبوو:

 کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستان: پێکهاتبوون لە کۆمەڵێک لە ئەندامانی چەپ و ڕۆشنبیری پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان کە دوای جیابوونەوەیان، ئەم ڕێکخراوەیان بە ڕێبەرایەتیی جەلال تاڵەبانی لە ساڵی ١٩٧٥ لە دیمەشقی پایتەختی سووریا ڕاگەیاند.
 کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان: ئەم ڕێکخراوە مێژووەکەی دەگەڕایەوە بۆ ساڵی ١٩٦٩ لە شاری سلێمانی. عەلی سادقی و کورۆش لاشایی (کە لە ئەندامانی پێشووی حزبی توودەی ئێران بوون)، دوای جودابوونەوەیان لەو حزبە، لەسەر بنەمای بیرۆکەکانی ماو تسی تۆنگ (ماویزم) ئەم ڕێکخراوەیان دروستکرد. ماوەیەک دوای دامەزراندنی یەکێتی، نەوشیروان مستەفا ئەمین بوو بە سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و ڕەوتی چەپی ناو یەکێتی بەهێزتر کرد.
 بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان: دامەزرێنەرانی ئەم بزووتنەوەیە، ساڵێک دوای پێکهێنانی یەکێتی پێیەوە پەیوەست بوون.
 بەڵام نێوانی ئەوان و سەرکردایەتیی گشتی هەمیشە ئارام نەبوو؛ دوای کوژرانی عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید بە دەستی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (لە شەڕی ناوخۆیی ناسراو بە کارەساتی هەکاری)، هەندێک لە کادیرانی ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٧٨دا لە یەکێتی جیا بوونەوە.

بەشی دووەم: دابەشکاریی جوگرافی و ستراتیژیی مەڵبەندەکان

بەپێی بەڵگەنامەکانی کتێبی «ئەتڵەسی قەرارگای ڕەمەزان»، یەکێتیی نیشتمانی لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقدا، بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری سەربازی و ڕێکخستنی پێشمەرگە، ئەو ناوچانەی کە لەژێر کاریگەری و دەسەڵاتیدا بوون لە کوردستانی عێراق بەسەر چوار سنووری جوگرافیی سەرەکیدا دابەش کرد و لە هەر ناوچەیەکدا، مەڵبەندێکی جێگیر کرد:

* مەڵبەندی یەکەم سنووری چالاکییەکەی بەشێک لە پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکوکی دەگرتەوە و ناوەندەکەی لە ناوچەی ستراتیژیی قەرەداغ بوو. سنووری جوگرافیی ئەم مەڵبەندە لە لای باکووری ڕۆژهەڵاتەوە جادەی سلێمانی-دووکان بوو کە درێژ دەبووەوە تا هاوسنووری لەگەڵ سنوورەکانی ئێران. 

* مەڵبەندی دووەم ناوەندی سەرەکی و فەرماندەییەکەی لە گوندی پێگەیاندنی شۆڕش، واتە گوندی سەرگەڵو جێگیر کرابوو. *مەڵبەندی سێیەم سنوورەکەی لە باکووری دووکانەوە دەستی پێدەکرد و تا ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێری دەگرتەوە، ناوەندەکەی لە گوندی بالیسان بوو. 
*مەڵبەندی چوارەمیش ئەم مەڵبەندە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەولێرەوە تا دەوروبەری پارێزگای مووسڵ چالاک بوو و ناوەندەکەی لە گوندی سماقوڵی بوو.
لە ڕووی پێکهاتەی هێزەوە، هەر مەڵبەندێک لە ژێر چەتری خۆیدا چەند تیپێکی شەڕکەری ڕێکخستبوو. ژمارەی هێزەکانی هەر تیپێک بەپێی بارودۆخ گۆڕانکاری بەسەردا دەهات و لە نێوان ١٠٠ بۆ ٣٠٠ پێشمەرگەدا بوو. جگە لەم تیپە فەرمییانە، ڕێکخراوێکی جەماوەری-سەربازی بە ناوی "هێزی بەرگریی نیشتمانی" لە ناو پێکهاتەی یەکێتیدا دروستکرابوو. ئەم هێزە لە خەڵکی گوندنشین و خۆبەخش پێکهاتبوو کە چەکیان لە ماڵەکانی خۆیاندا بوو، بەڵام لە کاتی پێویست و لە کاتی هێرشە گەورەکاندا، لەژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی مەڵبەندەکاندا دەخرانە گەڕ.

بەشی سێیەم: مێژووی پەیوەندییەکان و هاوکارییەکانی یەکێتی لەگەڵ ئێران

پەیوەندیی نێوان یەکێتیی نیشتمانی و دەوڵەتی ئێران (پێش و دوای شۆڕشی ئیسلامی ١٩٧٩)، مێژوویەکی ئاڵۆز بووە و وەک ئەتڵەسەکە ئاماژەی پێ دەکات، پڕ بووە لە هەوراز و نشێو و وەرچەرخانی توند. مێژووی ئەم پەیوەندییانە بەپێی کات بەم شێوەیە ڕیزبەند کراوە:

پێش سەرکوتکردنی شۆڕش و بەدیهاتنی کۆماری ئیسلامی، دکتۆر فوئاد مەعسوم وەک یەکەم نوێنەری فەرمیی یەکێتی سەردانی پاریسی پایتەختی فەرەنسای کرد و لەوێ لەگەڵ ئیمام خومەینی کۆبووەوە، تا ڕاوبۆچوونی ئەرێنیی یەکێتی بۆ هاوکاری لەگەڵ شۆڕشەکە پێڕابگەیەنێت. دوای سەرکەوتنی شۆڕش، لە نەورۆزی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی (١٩٧٩)، جەلال تاڵەبانی لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی گشتیی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، لە پەیامێکدا بۆ خەڵکی کوردستانی ئێران هەڵوێستێکی توندی گرتە بەر و ڕایگەیاند کە دەنگدان بە کۆماری ئیسلامی واتە چوونە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و بێبەشبوون لە مافی چارەی خۆنووسین.
ماوەیەک دوای ئەوە، تاڵەبانی ستراتیژی خۆی گۆڕی و نامەی بۆ ئیمام خومەینی و ئەندازیار مەهدی بازرگان (سەرۆک وەزیرانی حکومەتی کاتیی ئێران) نارد. ئەو لە نامەیەکدا بۆ بازرگان لە ئابی ١٩٧٩دا، بە درێژی باسی لە فێڵ و فەرمانی "پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق (قیادەی مۆقەت)" کرد و داوای لە حکومەتی کاتیی ئێران کرد کە بارزانییەکانی نیشتەجێی ئێران دەستگیر و دادگایی بکات. لە ناوەڕاستی هاوینی ساڵی ١٩٧٩دا، جەلال تاڵەبانی خۆی گەیشتە تاران و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی کاتیدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی جوداخوازی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دانوستانی کرد. پاشان ئەو و دکتۆر فوئاد مەعسوم بۆ ڕاگەیاندنی هاوپشتی لەگەڵ شۆڕش و دژایەتیکردنی نەیارانی تاران، چوونە شاری قوم و لەگەڵ ئایەتوڵڵا حوسێن عەلی مونتەزیری کۆبوونەوە.
بەهۆی ئەم بەڵێنانەوە، حکومەتی کاتیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا ڕێگەی بە یەکێتی دا کە نووسینگەی فەرمیی خۆی لە تاران بکاتەوە. لەو سەردەمەدا فوئاد مەعسوم وەک نوێنەری یەکێتی لە تاران، سەرپەرشتی گواستنەوەی چەندین پێداویستی و کەرەستەی کرد بۆ سووریا کە پێشتر لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی تارانەوە داوا کرابوون. 
لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٩دا، جەلال تاڵەبانی سەرەتا ڕۆڵی نێوەندگیرێکی تایبەتی گێڕا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان دەوڵەت و حیزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران. بەس بەڵام کاتێک دانوستانەکان گەیشتنە بنبەست و شەڕ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەستی پێکردەوە، هێزەکانی یەکێتی هاوشانی یەکەکانی سوپای ئێران و سوپای پاسداران دژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات جەنگان و ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی یەکێتیش لەو شەڕانەدا کوژران.
 دوای شکستی هێرشی سەربازیی ئەمریکا لە بیابانی تەبەس (بۆ ڕزگارکردنی بارمتەکان)، یەکێتیی نیشتمانی بە توندی هێرشەکەی ئەمریکای سەرکۆنە کرد و جەلال تاڵەبانی چەندین نامەی پشتگیریی بۆ ئیمام خومەینی و دکتۆر ئەبولحەسەن بەنی سەدر نارد.

قۆناغی متمانەنەکردنی تاران بە یەکێتی

سەرەڕای ئەم نامە و پەیامانە، لە ساڵی ١٩٨١دا کاتێک پەیوەندیی یەکێتی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران ئاشکرا بوو، ئێرانییەکان گومانیان لە راستگۆیی یەکێتی هەبوو؛ چونکە زانیارییان پێگەیشتبوو کە یەکێتی لە ژێراوژێرەوە هاوکاریی بەربڵاو پێشکەش بە حیزبە نەیارەکانی کوردی ئێران دەکات. بەم هۆیەوە، بەرپرسانی تاران ڕێگەیان نەدا ئەو چەکانەی یەکێتی کە لە سووریاوە کڕدرابوون، لە ڕێگەی خاکی ئێرانەوە بگەنە دەستی پێشمەرگە و دەستیان بەسەر ٣٠٠ چەکدا گرت.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، جەلال تاڵەبانی هەوڵی دا ڕای بەرپرسانی ئێران بگۆڕێت. بە فەرمانی تاران، لێژنەیەک بە سەرپەرشتیی سەرگورد سەید محەمەدعەلی شەریف‌نەسەب ڕاسپێردرا تا بچێتە ناوچە سنوورییەکان و چالاکییەکانی یەکێتی لێکۆڵینەوە بکات. لە کۆتایی ئایاری ١٩٨١دا، ئەم لێژنەیە لەگەڵ عەلی سەفەوی (لە سوپای سەردەشت) چوونە ناوچەی دۆڵی تۆژاڵ لەسەر سنووری ئێران و عێراق و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی کۆبوونەوە. لەم پشکنینەدا دەرکەوت کە جگە لە مەکۆکانی یەکێتی، چەندین بنکەی حیزبە جوداخوازە ئێرانییەکانیش لەو سنوورەدا حەشاردراون.

بەڵگەنامەی دۆسیەی نائارامییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە کۆتایی ئازاری ساڵی ١٩٨٢دا، لێژنەیەکی باڵاتر لە نووسینگەی زانیاری و لێکۆڵینەوەی سەرۆک وەزیرانی ئێران بە سەرپەرشتیی مەحمود یاسینی و بە هاوڕێیەتیی مستەفا جودی، عەلی سەفەوی و سێ کەسی تر لە هێزەکانی سوپا و سوپای پاسداران چوونە شاری سەردەشت تا دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی ئەنجام بدەن. ئەم سەردانە هاوکات بوو لەگەڵ گەڕانەوەی جەلال تاڵەبانی لە سووریا.
لەو کۆبوونەوەیەدا، مەحمود یاسینی لیستی ئەو بەڵگانەی ڕووبەڕووی یەکێتی  کردەوە کە دەیسەلماند یەکێتی دەستی هەبووە لە دروستکردنی نائارامی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩ تا ١٩٨٤. 

بەپێی ئەتڵەسەکە، ئەو کارانەی یەکێتی پێکهاتبوون لە: بەشداریکردن لە تاڵانی پادگانی مەهاباد و گواستنەوەی تەقەمەنی و چەکە قورسەکان بۆ مەکۆکانی یەکێتی لە ناوزەنگ و قڵاچوالان. پێشکەشکردنی وتاری ناسیۆنالیستی لە شارە کوردنشینەکانی ئێران و هاندانی خەڵک دژی تاران. تاڵانکردنی پادگانی ژانداڕمریی شاری سنە و چەندین مۆڵگەی تری کۆماری ئیسلامی.
هەروەها یارمەتیدانی چەکداری بە گروپە نەیارەکان لە کاتی هێرشکردنە سەر شاری پاوە لە ئابی ١٩٧٩دا، لەگەڵ بەشداریکردن لە هێرشکردنە سەر شارەکانی سەرپێڵی زەهاو و بانە بە فەرماندەیی (م.ج ) کە بووە هۆی کوژرانی هێزە ئێرانییەکان و ئاگرتێبەردانی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان. لیستەکە لایەنەکانی تریشی دەگرتەوە وەک بەشداریکردن لە شەڕی کامیاران لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ١٩٨١ بە فەرماندەیی مەلا بەختیار؛ ڕاهێنانی سەربازی بە ئەندامانی گروپی ڕزگاری و دروستکردنی پشێوی لە پاوە و هەوراماندا؛ بەشداریکردن لە شەڕی سنە لە ئایاری ١٩٨٠ بە فەرماندەیی عەلی شیلەر و شەوکەت حاجی مشیر؛ بەشداریکردن لە شەڕی دیواندەرە بە فەرماندەیی محەمەد نەورۆزی؛ ئامادەبوون لە شەڕی خوێناوی شاری سەقز بە فەرماندەیی حاجی سەفەر، مستەفا چاوڕەش، جەمال محەمەد و خوداکەرەم؛ بەشداریکردن لە شەڕی شنۆ و پیرانشار بە فەرماندەیی نەجمەدین شاخەوان؛ و لە کۆتاییدا هێرشکردنە سەر هێزەکانی سوپای پاسداران و سوپای ئێران لە کاتی پاککردنەوەی جادەی ستراتیژیی بانە-سەردەشت لە ساڵانی ١٩٨٢-١٩٨٣.

وەرچەرخانی ساڵی ١٩٨٤؛ هاوپەیمانیی کۆتایی لەگەڵ ئێران

ئەم دۆخەو متمانەنەکردنی تا سەرەتای ساڵی ١٩٨٤ بەردەوام بوو. بەڵام لەم ساڵەدا هاوکێشەکە گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا هات. بەهۆی پێشڕەویی و سەرکەوتنە سەربازییەکانی ئێران لە بەرەکانی شەڕ و لاوازبوونی ڕژێمی بەعس، یەکێتیی نیشتمانی گەیشتە ئەو باوەڕەی کە دانوستانەکانی لەگەڵ سەدام حوسێن هیچ ئەنجامێکی نابێت و بەعس هەرگیز ئۆتۆنۆمی ڕاستەقینە ناداتە کورد.
لەم سۆنگەیەوە، یەکێتی بڕیاری کۆتایی خۆیدا کە بە تەواوی پشتیوانیی ئێران بکات و دژی دەوڵەتی بەعس بجەنگێت. بۆ ڕێکخستنی ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە، جەلال تاڵەبانی لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٥دا (٦ی ئابانی ١٣٦٤) نوێنەرێکی تایبەتی ناردە شاری سەردەشت بۆ لای عەلیڕەزا عەسکەری، فەرماندەی سوپای سەردەشت، تا یەکەم هەنگاوی فەرمی بۆ دروستکردنەوەی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەگەڵ ئێران بنێن.

بەشی چوارەم: سەرچاوە و تواناکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
کتێبی «ئەتڵەسی قەرارگای ڕەمەزان» بە وردی تیشک دەخاتە سەر هێزی لۆجستی، سەربازی و ڕاگەیاندنی یەکێتی لە لوتکەی ململانێکاندا:
سەرەڕای ئەوەی یەکێتی بەهۆی پاراستنی نهێنییە سەربازییەکانەوە هیچ کات ئاماری فەرمیی پێشمەرگەکانی بڵاونەدەکردەوە، بەڵام خەمڵاندنە هەواڵگرییەکان نیشانی دەدەن کە ئەم حیزبە نزیکەی ٥٠٠٠ پێشمەرگەی چەکداری هەمیشەیی لەژێر فەرماندەییدا بووە. مۆڵگە و کۆگا سەرەکییەکانی چەک و تەقەمەنیی یەکێتی لە گوندەکانی قڵاچوالان و ناوزەنگ جێگیر کرابوون. بەشێکی زۆری ئەم چەکانە پێک هاتبوون لەو کەرەستە سەربازییانەی کە لە کاتی گرتنی پادگانەکانی ئێرانی سەر سنوور لە سەرەتای شۆڕشدا تاڵان کرابوون.

لە لایەکی ترەوە، یەکێتی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و میدیای زۆر بە گرنگ دەزانی و بایەخێکی زۆری بە شەڕی دەروونی دەدا. گرنگترین هۆکاری گەیاندنی ئەوان ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان بوو کە بە دوو زمانی کوردی و عەرەبی بەرنامەی پەخش دەکرد. بڵاوکراوە فەرمییەکانی تری حیزبەکە بریتی بوون لە ڕۆژنامەی "کوردستانی نوێ" بە زمانی کوردی، هەفتەنامەی "الاتحاد" بە زمانی عەرەبی، مانگنامەی "الشرارة" بە زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی، و مانگنامەی "صوت الاتحاد" بە زمانی عەرەبی. هەروەها لە ڕووی هاوپەیمانێتیی سیاسییەوە، لە ساڵی ١٩٨٠دا لە وڵاتی سووریا بە هاوکاری چەند حیزبێکی عێراقی تر بەرەیەکی سیاسی-سەربازیی فراوانیان بە ناوی "بەرەی دیموکراتی نیشتمانی و نەتەوەیی" کە بە کورتکراوەی عەرەبی جۆقەد دەناسرایەوە پێکهێنا، تا بە هێزێکی دەستەجەمعی زیاترەوە ڕووبەڕووی بەعس ببنەوە.

بەشی پێنجەم: داتاکانی ڕاهێنانی سەربازی لەناو خاکی ئێراندا

یەکێک لە گرنگترین بەڵگەنامەکانی ناو کتێبی «ئەتڵەسی قەرارگای ڕەمەزان»، ئاشکراکردنی ئەو خولە سەربازییە فەرمییانەیە کە سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوخۆی خاکەکەیدا بۆ پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانی کردوویەتییەوە.
ئەم پڕۆسەی ڕاهێنانە لە چەندین پادگانی جیاوازی ئێران ئەنجام دراوە؛ لەوانە پادگانی خاتەمولئەنبیا کە خولێکی فەرماندەیی باڵای بۆ ٧٣ پێشمەرگە بە درێژایی ٣ مانگ تێدا کراوەتەوە. پادگانی وەلیعەسر لە مازەندەران خولێکی ڕاهێنانی گشتی بۆ ١٤٥ پێشمەرگە بە ماوەی ٤٥ ڕۆژ بەڕێوە بردووە. پادگانی غەیوری ئەسڵیی ئەهواز چەندین خولی جیاوازی تێدا کراوەتەوە، لەوانە خولێکی گشتی شەڕ بۆ ١٤٥ کەس لە ماوەی ٢٥ ڕۆژدا، خولێکی فەرماندەیی ناوەند بۆ ١٨ کەس لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا، و خولێکی فریاگوزاری و پزیشکی بۆ ١٨ پێشمەرگە بە درێژایی ١٥ ڕۆژ.

هەر لە شاری ئەهواز و لە پادگانی تەجەلایی، خولێکی پسپۆڕیی بەکارهێنانی موشەکی مالیوتکا بۆ ٢١ پێشمەرگە لە ماوەی ٢٥ ڕۆژدا ڕێکخرابوو، لە هەمان کاتدا لە پادگانی غەیوری ئەسڵی خولێکی پسپۆڕیی ئامادەکاری و کەرەستە (ادوات) بۆ ٣٢ پێشمەرگە لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا کرابووەوە. لە لایەکی ترەوە، پادگانی سابتخواهی گێلانی ڕۆژاوا دوو خولی گرنگی گرتبووە خۆ؛ خولێکی پسپۆڕیی دژەفڕین (پدافند) بۆ ٢٤ پێشمەرگە لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا، و خولێکی تێکدان و تەقاندنەوە (تخریب) بۆ ١٨ پێشمەرگە بە هەمان ماوەی ١٥ ڕۆژ.

بەشی شەشەم: ئاماری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان (ساڵانی ١٩٨٦ - ١٩٨٨)

لە کۆتا قۆناغەکانی شەڕی ئێران و عێراقدا، هاوکاریی سەربازیی نێوان قەرارگای ڕەمەزانی ئێران و پێشمەرگەکانی یەکێتی گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی. چالاکییە سەربازییەکان بەسەر سێ جۆری سەرەکیدا دابەش ببوون:
جۆری یەکەم ئۆپەراسیۆنە سەربەخۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوون کە بە تەواوی لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە و لەژێر دەسەڵاتی مەڵبەندەکاندا ئەنجام دراون. لە ساڵی ١٩٨٦دا ٤٦ ئۆپەراسیۆن، لە ساڵی ١٩٨٧دا ١١٠ ئۆپەراسیۆن، و لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی ١٩٨٨دا ٣٥ ئۆپەراسیۆنی سەربەخۆ تۆمار کراون، کە کۆیی گشتییان دەکاتە ١٩١ ئۆپەراسیۆنی سەربەخۆ دژی سوپای عێراق.
جۆری دووەم ئۆپەراسیۆنە ناڕێکخراوە بەربڵاوەکان بوون کە بە پلان داڕشتنی قەرارگای ڕەمەزان و بەشداری ڕاستەوخۆی یەکێتی و هێزەکانی تری ئۆپۆزسیۆنی عێراقی ئەنجام دراون. لە گرنگترین ئەم هێرشانە، ئۆپەراسیۆنی فەتحی ١ بوو لە ڕێککەوتی ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٦ لە ناوچەکانی باکوور و باشووری شاری کەرکوک؛ ئۆپەراسیۆنی فەتحی ٤ لە شوبات و ئاداری ساڵی ١٩٨٧ لە دوو قۆناغی جیاوازدا لە ناوچەکانی ڕواندز و دیانا؛ ئۆپەراسیۆنی فەتحی ٥ لە ڕێککەوتی ١٥ی تەممووزی ١٩٨٧ لە ناوچەکانی چوارتا و ماوەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی؛ و لە کۆتاییدا ئۆپەراسیۆنی زەفەری ٧ لە ڕێککەوتی ١٤ی ئازاری ١٩٨٨ لە ناوچەی گشتیی شارەزوور.
جۆری سێیەمیش پێکهاتبوو لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە سنووردارەکان و لێدانە خێراکان کە بە شێوازی پارتیزانی ئەنجام دەدران.
لەم چوارچێوەیەدا، ٨ ئۆپەراسیۆن بە هاوبەشیی نێوان یەکێتی و پارتی دیموکراتی عێراق ئەنجام درا، ٦ ئۆپەراسیۆن لە نێوان یەکێتی و قەرارگای ڕەمەزان ڕوویاندا، ٤ ئۆپەراسیۆن لە نێوان یەکێتی و چەند حیزبێکی تری نەیاری بەعس جێبەجێ کران، و لێدانێکی سەربازیش بە هاوبەشیی نێوان یەکێتی و هێزەکانی تەشکیلات مەنتیقەیی سەیدولشوهەدا کرا، کە کۆیی گشتیی ئەم جۆرە چالاکییانەش گەیشتە ١٩ ئۆپەراسیۆن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو