پێشتر پەنجەرە ئاشکرایکردبوو؛ سوڵحی سیاسی بۆ چارەسەر کردنی دۆسیەی تۆمەتبارانی گەندەڵی

١٠ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٣٥ پاش نیوەڕۆ

پێشتر پەنجەرە ئاشکرایکردبوو؛ سوڵحی سیاسی بۆ چارەسەر کردنی دۆسیەی تۆمەتبارانی گەندەڵی

پەنجەرە

پەنجەرە لە رۆژی ٢٨ ی مانگی رابردوو بڵاویکردەوە، ئەگەری “سوڵحی سیاسی” لەنێوان حکومەت و تۆمەتبارانی گەندەڵی لە ئارادایە بۆ گێڕانەوەی پارە دزراوەکان بەمەرجی لێخۆشبوون. ئەمڕۆ  هەینی، دادگای باڵای عێراق لە راگەیەنراوێکدا گێڕانەوەی پارە دزراوەکانی کردە مەرج بۆ سوککردنی سزای یاسایی سەر تۆمەتباران.

لە راپۆتێکدا کە لە رۆژی ٢٨ ی مانگی رابردوو لە پەنجەرە بڵاوکراوەتەوە، سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار لە بەغدا دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەدا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک بەرپرسی دیکە دەربچێت، دەرچوونی ئەم بڕیارانە بەستراوەتەوە بەوەی "سوڵحی سیاسی"یان بۆ نەکرێت.

سەرچاوەکە ڕوونکردنەوەی زیاتری دا و وتی:مەبەست لە سوڵحی سیاسی، ڕێککەوتنی ژێربەژێری نێوان حکومەت و تۆمەتبارەکانە، بە شێوەیەک کە پارە دزراوەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگێڕنەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا نەکرێت.

ئەمڕۆ هەینی دادگای باڵای عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و بە ڕوونی ڕایگەیاند کە ئامادەیە ڕێکارە یاساییەکان و سزاکان سووک بکات، بە مەرجێک پارە دزراوەکانی دەوڵەت بگەڕێنرێنەوە؛ ستراتیژێک کە بەشێوەیەکی چڕوپڕ لە دۆسیەی "ئەمانەتە باجییەکان" (ناسراو بە دزینی سەدە) تاقیکراوەتەوە و ئێستاش دەرگا بۆ دۆسیەکانی دیکەی وەک "پاڵاوگەکانی باکوور" واڵا دەکات.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئاماژە بە دۆسیەیەکی دیکەی گەورە دەکات کە بریتییە لە دۆسیەی "کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور" و تۆمەتباری ڕاگیراو "عەدنان ئەلجومەیلی" و ژمارەیەک پەرلەمانتار.
دادگا هێڵێکی جیاکەرەوەی داناوە؛ ئەگەر تاوانەکانیان پێش مێژووی کارپێکردنی یاسای هەموارکردنی لێبووردن بێت، دەتوانن سوود لە هاوکێشەی "پارە لە بەرامبەر ئازادی" وەربگرن. بەڵام ئەگەر تاوانەکە دوای یاساکە بێت، بە سیاقێکی توندتر و بەبێ گرتنەوەی یاسای لێبووردن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش، دادگا و سەرۆک وەزیرانی ئێستا لەسەر هێڵن بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی یاسایی نوێ کە ئامانج لێی پاراستنی دارایی گشتی و سەروەریی یاسایە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو