ستراتیژی نوێی بەغدا؛ پشت لە ئێران و ڕوو لە جیهانی عەرەبی

١٠ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٣٣ پاش نیوەڕۆ

ستراتیژی نوێی بەغدا؛ پشت لە ئێران و ڕوو لە جیهانی عەرەبی

پەنجەرە 

حکومەتی عێراق جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانی بە ئاراستەی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی چڕتر دەکاتەوە، ئەمەش هاو کاتە لەگەڵ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا.

فوئاد حوسێن، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وە، سه‌ردانێكی بۆ كوێت ئەنجامدا کە شاندەکەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، پارێزگاری بەسرە و بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی لەخۆگرتبوو. 
حوسێن لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی «ئێکس» ڕایگەیاند، ئامانجی سەردانەکە «تاوتوێکردنی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە لەگەڵ کوێت بە شێوازێک کە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی برا بەهێز بکات».

چەند کاتژمێرێک دوای گەیشتنی، حوسێن لە بەیاننامەیەکی جیاوازدا ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی کوێتی بۆ ئازادکردنی ئەو ماسیگرە عێراقییانە ڕاگەیاند کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی کوێتەوە دەستبەسەرکرابوون و ڕوونیکردەوە کە دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکان، بە یاوەری پارێزگاری بەسرە دەگەڕێنەوە بۆ پارێزگای بەسرە.

ئەو وەزیرە عێراقییە ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ ئەو داوایەی کە شاندی عێراقی لە میانی دیدارەکەیاندا لەگەڵ شێخ فەهد یوسف سعود سەباح، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری ناوخۆی کوێت پێشکەشیان کردبوو.

سەرچاوەیەکی حکومی ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق «پەرۆشە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو، ئەمەش پێویستی بە ناردنی پەیامی ئەرێنی هەیە بۆ بەهێزکردنی ئەم ئاڕاستەیە»، ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزیری دەرەوە لە سەردانەکەیدا چەندین دۆسیەی گرنگی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە.

ئەو سەرچاوەیە بۆ ڕۆژنامەی «شەرق ئەلئەوسەت» ئاماژەی بەوە کردووە، شاندەکە باسیان لە دۆسیە ئابوورییەکانیش کردووە، لەوانە بەهێزکردنی هاوبەشییە وەبەرهێنانەکان و ئەگەری دابینکردنی غازی کوێتی بۆ عێراق بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە عێراق لە کەرتی وزەدا ڕووبەڕووی تەحەددییەکی درێژخایەن دەبێتەوە، بەتایبەتی لە مانگەکانی هاویندا.

«عێراق ناچێتە ناو هیچ میحوەرێکەوە»

ئەم جموجۆڵانە لە کاتێکدایە کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆی بۆ سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادە دەکات؛ ناوبراو لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ناردنی دۆلار بۆ عێراق لەلایەن واشنتۆنەوە دوای ڕاوەستانێکی چەند مانگی، وەک «نیشانەی نیازپاکی» بەرامبەر بە بەغدا دادەنرێت.

زەیدی ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەیدا «ڕاگەیاندنی هاوبەشی ئابووری و سیاسی لەگەڵ واشنتۆن» واژۆ دەکرێت، هەروەها ئاماژەی بە ئەگەری فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی زانیارییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد.

جەختیشی کردەوە کە عێراق لە ژێر ڕۆشنایی گرژییە هەرێمییەکاندا «ناچێتە ناو هیچ میحوەرێکەوە»، بەڵام ڕایگەیاند بەغدا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ لێک نزیککردنەوەی ڕوانگەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەر بۆ ناکۆکییەکانی نێوانیان و بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
سەرۆک وەزیران ئاشکرای کرد کە گەشتە دەرەکییەکەی تەنیا واشنتۆن ناگرێتەوە، بەڵکو سەردانی چەند وڵاتێکی عەرەبیشی بەدوادا دێت و جەختی لەوە کردەوە کە «گرنگە عێراق بەشێک بێت لە جیهانی عەرەبی». ئاماژەی بەوەشکرد، بەغدا لە میانی سەردانێکی چاوەڕوانکراویدا بۆ ڕیاز هەوڵی بەدیهێنانی هاوبەشییەکی ئابووری لەگەڵ سعودیە دەدات، پێش ئەوەی بەرەو دیمەشق بەڕێ بکەوێت، هاوکات ئاماژەی بە گرنگی بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان لەگەڵ سوریا کرد وەک وڵاتێکی هاوسێ.
لە دۆسیەی وزەشدا، زەیدی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە نیازی عێراق بۆ کشانەوە لە ڕێکخراوی «ئۆپێک» دەکەن، جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی وەک ئەندامێک لە ڕێکخراوەکەدا دەمێنێتەوە، بەڵام هەوڵی بەدەستهێنانی «پشکێکی دادپەروەرانە» لە هەناردەکردنی نەوت دەدات.

کاریگەریی هه‌ژموونی ئێران

چاودێران پێیان وایە کە جموجۆڵەکانی عێراق بەرەو وڵاتانی کەنداو لە چوارچێوەی هەوڵێکدا دێت بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگی بۆ سیاسەتی دەرەوەی عێراق، هاوتەریب لەگەڵ کرانەوە بەڕووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، لە ژێر ڕۆشنایی ئاڵۆزییەکانی ژینگەی هەرێمەکەدا.
عیسام فەیلی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی موستەنسریە، بە ڕۆژنامەی «شەرق ئەلئەوسەت»ی ڕاگەیاندووە، حکومەت ڕووبەڕووی تەحەددییەک دەبێتەوە کە بریتییە لە هاوسەنگکردنی نێوان هەژموونی ئێران لە ناوخۆی عێراق و ئاسۆکانی پەیوەندی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.
ئەو پێی وایە سەرۆک وەزیران «جدییە لە سنووردارکردنی هه‌ژموونی باڵەکانی ئێران وەک ئامادەکارییەک بۆ پڕۆژەیەکی نوێی عێراقی کە لەسەر بنەمای کرانەوەی ئابووری و پڕۆژەکانی وزە لە ناوچەکەدا دامەزراوە».
لایخۆشیەوە، ئیحسان شەمەری، سەرۆکی ناوەندی هزری سیاسی ڕایگەیاند، عێراق دەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو چاک بکاتەوە ئەگەر دیدگایەکی نوێ بۆ پێناسەکردنەوەی ئەم پەیوەندییانە بگرێتەبەر، ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەتەکانی پێشوو هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاویان لەم ڕێڕەوەدا بەدەست نەهێناوە. ئاماژەی بەوەش کرد، بەغدا پێویستی بە گێڕانەوەی متمانەی کەنداوی عەرەبی هەیە لە ڕێگەی کەمکردنەوەی کاریگەریی هەژموونی ئێران و چارەسەرکردنی دۆسیەی کوتلە و گرووپە چەکدارەکان، ئەمەش ڕێگا خۆش دەکات بۆ هاوبەشی ئابووری و بازرگانی بەرفراوانتر.

غالیب دەعمی، ئەکادیمی و مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی موستەنسریە پێی وابوو کە «چەکی بێسەروبەر» گەورەترین ڕێگرە لەبەردەم پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، و پێی وایە حکومەتی ئێستا جدییەت لە دژایەتیکردنی گەندەڵی و چارەسەرکردنی دۆسیەی گرووپە چەکدارەکاندا نیشان دەدات.
تاڵیب محەمەد کەریم، مامۆستای زانستە سیاسییەکان بە ڕۆژنامەی «شەرق ئەلئەوسەت»ی ڕاگەیاندووە، عێراق دەرفەتێکی ڕاستەقینەی هەیە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوروبەری عەرەبی، بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو، لە ژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە هەرێمییەکاندا، بەڵام ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرکەوتنی ئەم ڕێڕەوە بەندە بە توانای دەوڵەت بۆ چەسپاندنی سەقامگیری، بەهێزکردنی سەروەرییەکەی و دابینکردنی ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنان.
سەبارەت بەم بابەتە، موھەنەد سەلوم، پسپۆڕی ئەمنی ڕایگەیاند، سەرکەوتنی بەغدا لە دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو پێویستی بە سێ خاڵ هەیە: یەکەم، قۆرخکردنی بەکارهێنانی هێز لەلایەن دەوڵەتەوە و چارەسەرکردنی دۆسیەی میلیشیا و گرووپە چەکدارەکان؛ دووەم، فراوانکردنی بەستنەوەی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لە ڕێگەی پڕۆژەکانی وەک هێڵی شەمەندەفەر، ڕێگای گەشەپێدان (طریق التنمیة) و سیستەمەکانی هاوکاری ئەمنی؛ سێیەم، هەنگاونان بۆ بنیاتنانی متمانە و چارەسەرکردنی ئەو تۆمەتە هاوبەشانەی کە پەیوەستن بەو هێرشانەی کە هەندێک لە وڵاتانی کەنداو گرووپە عێراقییەکان بە وەستان لە پشتیانەوە تۆمەتبار دەکەن، ئەمەش لەگەڵ بەهێزکردنی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو