سەردانی زەیدی بۆ واشنتۆن؛ دیپلۆماسیەتی بازرگانان لە نێوان فشاری ئەمریکا و هەژموونی ئێراندا
١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٦:٣٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرنجەکان چوونەتە سەر سەردانی چاوەڕوانکراوی سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، بۆ کۆشکی سپی لە هەفتەی داهاتوودا. ئەم سەردانە وەک یەکێک لە هەستیارترین وێستگەکانی پەیوەندییەکانی عێراق-ئەمریکا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سەیر دەکرێت، چونکە لە ژێر فشاری پەرەسەندووی سەر بەغداد دێت بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی گروپە چەکدارەکان، لە بەرامبەر هەوڵەکانی عێراق بۆ گۆڕینی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن بۆ هاوبەشییەکی ئابووریی و وەبەرهێنانی بەرفراوان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "میدڵ ئێس ئای"، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ڕوانگەی ئابووریی و گرێبەستەکانەوە سەیری عێراق دەکات، لە کاتێکدا زەیدی هەوڵ دەدات ئەم ئاڕاستەیە بقۆزێتەوە بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی ئیدارەی ئەمریکا و کڕینی کاتی زیاتر بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە ناوخۆییەکەی، کە لە سەروویاندا سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هاوسەنگیی پەیوەندییە هەرێمایەتییەکانی بەغدادە.
گرەوی ئابووریی
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە زەیدی، کە خۆی لە جیهانی بازرگانییەوە هاتووە و وەبەرهێنانەکانی لە کەرتەکانی خانوبەرە، بانک و خزمەتگوزارییە لۆجستییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، بە جانتایەک لە ڕێککەوتننامەی ئابوورییەوە دەگاتە واشنتن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ قایلکردنی ئیدارەی ترەمپ کە عێراق توانای هەیە ببێتە هاوبەشێکی ئابووریی گرنگ.
بەپێی وتەی بەرپرسێکی باڵای عێراقی کە قسەی بۆ ماڵپەڕەکە کردووە، لەم سەردانەدا فراوانکردنی ڕێککەوتنی سەرەتایی لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆن بۆ پەرەپێدانی یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکانی بەسرە بەخۆوە دەبینێت، لەگەڵ فراوانکردنی وەبەرهێنانی کۆمپانیایەکی تری ئەمریکی لە کێڵگەی گازی عەکاز لە پارێزگای ئەنبار.
هەروەها هەردوولا ڕێککەوتننامەیەک بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی کەرکوک-بانیاس واژۆ دەکەن، کە عێراق بە کەناراوەکانی سوریاوە دەبەستێتەوە؛ پڕۆژەیەک کە واشنتن وەک بەشێک لە ستراتیژی خۆی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی گرژییەکانی گەرووی هورمز لەسەر دابینکردنی وزە دەیبینێت.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە نێردراوی ئەمریکا بۆ سوریا و عێراق، تۆم باراک، پاڵنەرە بۆ بەدیهێنانی لێکتێگەیشتنە سەرەتاییەکان پێش گەیشتنی زەیدی، ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتێکی بەرفراوانتری ئەمریکادا دێت کە ئامانجی بەهێزکردنی ئامادەیی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و کەمکردنەوەی هەژموونی ئابووری ئێرانە.
بەرپرسێکی عێراقی بە ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندووە: ترەمپ و زەیدی هەردووکیان سەر بە پاشخانی پیاوانی بازرگانین... عێراقیش بە گرێبەستەوە دێتە ویلایەتە یەکگرتووەکان."
پەیامێکی ئەمریکی
ڕاپۆرتەکە پێیوایە کە دەستپێکردنەوەی ناردنی داهاتی نەوتی عێراق لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە کە لە یەدەگی فیدراڵی لە نیویۆرک دانراوە، چەند ڕۆژێک پێش سەردانەکە، تەنها ڕێکارێکی دارایی نەبووە، بەڵکو پەیامێکی سیاسی بووە کە ڕەنگدانەوەی گرنگی قۆناغی ئێستایە.
ئیدارەی ترەمپ لە مانگی نیسانی ڕابردوودا ئەم حەواڵانەی ڕاگرتبوو، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، و ئەم دۆسیەیەی وەک کارتی فشار لە کاتی ڕاوێژکارییەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەتی عێراق بەکارهێنابوو. ڕاپۆرتەکە دەڵێت واشنتن هێشتا خاوەنی هەژموونێکی دارایی بەرفراوانە بەسەر بەغدادا، سەرەڕای کەمکردنەوەی ئامادەیی سەربازیی لە ناوخۆی عێراقدا.
گروپە چەکدارەکان لە پێشەنگدان
بەڵام ئابووریی تەنها دۆسیە نابێت لەسەر مێزی کۆشکی سپی. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئیدارەی ترەمپ هەوڵ دەدات بەڵێنی ڕوونی عێراق بەدەستبهێنێت سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە هەژموونی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، و ڕاگرتنی ئەو هێرشانەی کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو دەکەنە ئامانج.
لەبەر ئەم هۆکارە، زەیدی مۆڵەتی تا ٣٠ی ئەیلوولی بەو گروپانە داوە بۆ ئەوەی چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن، هاوکات لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق. سەرەڕای ئەوەی هەندێک لە گروپەکان ئامادەیی خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی ئەرێنی دەربڕیوە، بەڵام گروپە سەرەکییەکانی وەک کەتائیبی حزبوڵا و بزووتنەوەی نوجەبا هێشتا ڕەتیدەکەنەوە دەستبەرداری چەکەکانیان بن.
هاوسەنگییەکی ئاڵۆز
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە زەیدی بە پاڵپشتی چوارچێوەی هەماهەنگی گەیشتووەتە سەرۆکایەتی حکومەت، کە زۆربەی هێزە شيعییەکانی نزیک لە ئێران لەخۆدەگرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا لە لایەن ئەمریکاوە پەسەندکردنێکی بێپێشینەی هەیە.
عەباس کازم، بەڕێوەبەری پرۆگرامی عێراق لە پەیمانگای دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو لە واشنتۆن، دەڵێت پشتگیری واشنتۆن بۆ بەربژێربوونی زەیدی پێش دەنگدانی پەرلەمان بووە لەسەر حکومەتەکەی، ئەمەش شتێکە کە لەگەڵ هیچ سەرۆک وەزیرانێکی پێشووی عێراقدا ڕووی نەداوە.
هەروەها ڕیناد مەنزوور، بەڕێوەبەری دەستپێشخەری عێراق لە چاتام هاوس، پێی وایە زەیدی هەوڵدەدات پەیوەندییەکی کەسی لەگەڵ ترەمپ دروستبکات، ئەمەش بە ئیلهاموەرگرتن لە ئەزموونی ئەو سەرکردە هەرێمایەتییانەی کە سەرکەوتوو بوون لە بەدەستهێنانی متمانەی سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێگەی دەروازەی ئابووری و وەبەرهێنانەوە.
کارتی هێز
ڕاپۆرتەکە لەسەر ئەو کەمپەینەی دژە گەندەڵی دەوەستێتەوە کە حکومەتەکەی زەیدی دەستیپێکردووە، و پێی وایە کە پێگەی ئەوی لەبەردەم واشنتۆندا بەهێز کردووە، دوای ئەوەی کەمپەینەکە بەرپرسان و کەسایەتییە دەستڕۆیشتووەکانی گرتەوە، لەنێویاندا کەسانی نزیک لە حکومەتی پێشوو و کەسایەتییەکانی سەر بە حەشدی شەعبی. ڕاپۆرتەکە دەڵێت ئەم کەمپەینە لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ کارتگەلی زیاتر دەبەخشێتە زەیدی، وەک بەڵگەیەک لەسەر پابەندبوونی حکومەتەکەی بە چاکسازی و هەوڵدان بۆ سەرلەنوێ بنیادنانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت.
ئایا
ئەم مامەڵەیە سەرکەوتوو دەبێت؟
ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە زەیدی هەوڵ دەدات ئیدارەی ترەمپ قایل بکات بە هاوکێشەیەک کە لەسەر بنەمای فراوانکردنی هاوبەشی ئابووری لە بەرامبەر پێدانی کاتی پێویست بە بەغداد بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە ئەمنییە ئاڵۆزەکان، کە لە سەرووی هەموویانەوە چەکی گروپەکانە.
بەڵام ئەم ڕێڕەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە، بە واقیعێکی سیاسی و ئەمنی زۆر ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت، چونکە گروپە چەکدارەکان لە شەڕی کۆتاییدا زیاتر بە تارانەوە بەستراونەتەوە، و سوپای پاسدارانی ئێرانیش پشتگیرییەکانی بۆیان بەهێزتر کردووە، ئەمەش جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی حکومەتی عێراق قورستر دەکات.
ڕاپۆرتەکە بەوە کۆتایی دێت کە سەرکەوتنی سەردانەکەی واشنتن بە ژمارەی ئەو ڕێککەوتنانە ناپێورێت کە واژۆ دەکرێن، بەڵکو بە توانای زەیدی دەپێورێت بۆ قایلکردنی کۆشکی سپی بەوەی کە توانای هەیە بەڵێنەکانی تایبەت بە سنووردارکردنی چەک و چاکسازی ئابووری بگۆڕێت بۆ واقیع، بەبێ ئەوەی عێراق باجی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کراوە لەگەڵ هێزە چەکدارەکان یان لەدەستدانی هاوسەنگی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بدات.