درۆنەکان هاوسەنگی دەگۆڕن؛ پۆتین لە قوڕاوی جەنگی درێژخایەنی ئۆکرانیادا چەقیوە

١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٦:٤٠ پاش نیوەڕۆ

درۆنەکان هاوسەنگی دەگۆڕن؛ پۆتین لە قوڕاوی جەنگی درێژخایەنی ئۆکرانیادا چەقیوە

پەنجەرە

ئەو جەنگەی کە مۆسکۆ پێشبینی دەکرد لە ماوەیەکی کورتدا بە سەرکوتکردنی ئۆکرانیا کۆتایی پێبهێنێت، ئێستا چەند ساڵێکە درێژەی هەیە. 
ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکی ڕووسیا، خۆی لەبەردەم جەنگێکی تاقەتپڕوکێندا دەبینێتەوە کە تێیدا سوپای وڵاتەکەی لە نێو قوڕاوی دەرەنجامەکانیدا چەقیوە.
گەرچی ڕووسیا لە ڕووی ژمارەی هێز، چەک، تەقەمەنی و توانای ئابووری و سیاسییەوە لە پێش ئۆکرانیاوەیە، بەڵام هاوکێشە مەیدانییەکان بەهۆی تەکنەلۆجیای نوێوە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. 
چەکێکی نوێی وەک درۆن خەریکە هاوسەنگی جەنگەکە پێچەوانە دەکاتەوە و مۆسکۆ تووشی تەنگژە دەکات.

شۆڕشی درۆنەکان؛ تێپەڕاندنی جەنگی نەریتی

شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نەریتی (تەقلیدی) تێپەڕاندووە؛ چیتر سەربازەکان کارەکتەری سەرەکی نین، بەڵکو گۆڕەپانەکە بووەتە مەیدانی ململانێی درۆنەکان و چەکە قورسەکان.
 پشت بەستنی ستراتیژیی کیێڤ بە بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵ و ڕۆژانەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، ئاراستەی جەنگەکەی گۆڕیوە.
 ئەوەی بۆ ڕووسیا بووەتە مایەی سەرئێشە و نیگەرانیی قووڵ، توانای ئۆکرانیایە لە بەکارهێنانی ئەم درۆنانە بۆ پێکانی ڕاستەوخۆی ژێرخانی سەربازیی و ئابووریی لە ناوخۆی خاکی ڕووسیادا.

باجی قورسی جەنگ و مەترسییەکانی ناوخۆی ڕووسیا

سەرباری ئەوەی ئۆکرانیا وێرانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە، بەڵام باجی درێژەکێشانی ئەم جەنگە بۆ ڕووسیاش کەم نەبووە. زیانە ئابووری و سەربازییەکانی مۆسکۆ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر کەڵەکە دەبن.

یەکلاییکردنەوەی سەربازیی جەنگەکە تا دێت قورستر دەبێت، هاوکات لە ناوخۆی ڕووسیاشدا شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بەهۆی تێچووە مرۆیی و ئابوورییەکانەوە ڕووی لە هەڵکشانە. درێژەکێشانی زیاتری دۆخەکە، مۆسکۆ زیاتر گرفتار و گۆشەگیر دەکات.

لە ماوەی ڕابردوودا، ڕووسیا زنجیرەیەک جووڵەی ورووژێنەر و گێچەڵی بەرامبەر بە وڵاتی پۆڵۆنیا ئەنجامدا. ئەم هەنگاوە وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ دەستنیشانکردنی سنووری کاردانەوەکانی هاوپەیمانی ناتۆ لێکدەدرێتەوە؛ بەو پێیەی بەپێی ماددەی پێنجەمی پەیماننامەی ناتۆ، هێرش بۆ سەر هەر ئەندامێک وەک هێرش بۆ سەر تەواوی هاوپەیمانێتییەکە ئەژمار دەکرێت.

 ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە: ئاژانسی هەواڵگریی

ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) پێشوەختە کۆشکی سپی لەم قەیرانە و هه‌وڵه‌كانی ڕووسیا بۆ دروستکردنی گرژی لەگەڵ پۆڵۆنیا ئاگادار کردبووەوە.
 شرۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە ڕووسیا لە ڕێگەی فراوانکردنی بازنەی ئاڵۆزییەکان و دروستکردنی گێچەڵ بۆ دەوروبەری، نەک بەدوای جەنگێکی سەرتاسەری، بەڵکو بەدوای «کارتی فشاردا» دەگەڕێت. 
مۆسکۆ دەیەوێت لە ڕێگەی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکەوە، لایەنەکان ناچار بە دانیشتن بکات تا بتوانێت لە داهاتوودا مەرجەکانی خۆی بەسەر پرۆسەی دانوستاندا بسەپێنێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو