هەڵدانەوەی دۆسیە شاردراوەکان؛ ناوچەی سەوز و هۆتێلی ڕیکسۆس دەخرێنە ژێر وردبینی داراییەوە

١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٦:٤٧ پاش نیوەڕۆ

هەڵدانەوەی دۆسیە شاردراوەکان؛ ناوچەی سەوز و هۆتێلی ڕیکسۆس دەخرێنە ژێر وردبینی داراییەوە

پەنجەرە

ناوەندە سیاسی و ئابوورییەکانی عێراق ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی پێداچوونەوە و وردبینی دارایی دەبنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سەرچاوە حکومییە ئاگادارەکان ڕایانگەیاند کە لیژنە حکومییەکان بەنیازن پێداچوونەوە بە دۆسیەکانی وەبەرهێناندا بکەن کە تێیاندا گومانی بەفیڕۆدانی سامانی گشتی هەیە.

لە پێشەنگی ئەم لێکۆڵینەوە چاوەڕوانکراوانەدا، دۆسیەی دەستبەسەرداگرتنی زەوییە ستراتیژییە گرنگەکانی ناوچەی سەوزی ناوەڕاستی بەغدا هەیە، کە بە نرخێکی زۆر هەرزان فرۆشراون، کە زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن زۆربەیان دراون بە خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە و کەسایەتییە دەستڕۆیشتووەکانی نزیک لەو .

پڕۆژەی هۆتێلی لوکسی "ڕیکسۆس بەغدا" لە پێشەنگی ئەم مەلەفە گەرمانەدایە و لیژنەکان لێکۆڵینەوەی تێدا دەکەن.

سەرچاوەیەکی حکومی ئاشکرایکردووە کە لێکۆڵینەوەکان فراوانتر دەبن بۆ ئەوەی مەلەفە ئاڵۆزەکانی تریش بگرێتەوە کە پەیوەندییان بە دەستبەسەرداگرتن و گۆڕینی خاوەندارێتی ڕووبەرێکی بەرفراوان لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکانی پشتێنەی بەغدا هەیە، بەتایبەتی لە هەردوو شاری یوسفیە و مەحموودیە، ئەمەش زەنگی کردنەوەی سندوقی ڕەشی گرێبەستە گەورەکانی خانوووبەرە و وەبەرهێنان لێدەدات کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە پشت پەردەوە ئەنجام دراون.

سەرچاوەکە ڕایگەیاندووە: "لێکۆڵینەوەکانی داهاتوو پێداچوونەوە بە سەرجەم مەلەفەکانی وەبەرهێناندا دەکەن کە لە سەردەمی حکومەتەکانی کازمی و سودانیدا بەخشراون، جیا لە وردبینیکردنی میکانیزمی گرێبەستکردن و ئەو ڕێکارانەی لەگەڵ بەخشینی ئەو پڕۆژانەدا بوون"، ئاماژەی بەوەشکردووە کە "کەسایەتییە سیاسییەکان گرێبەستی وەبەرهێنانیان بە نرخێکی زۆر کەم بەدەستهێناوە".

وتیشی : لە دیارترین ئەو مەلەفانەی کە دەکرێنەوە، مەلەفی هۆتێلی ڕیکسۆسە لە ناو ناوچەی سەوز، لەگەڵ مەلەفی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکانی یوسفیە و مەحموودیە و ناوچەکانی دیکە"، باسی لەوەشکردووە کە "لێکۆڵینەوەکان فراوانتر دەبن بۆ ئەوەی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بگرێتەوە".

سەرچاوەکە ڕوونیکردەوە کە "زۆربەی وەبەرهێنانەکان بە خەمیس خەنجەر و کەسایەتییە سیاسییەکانی نزیک لەو بەخشراون"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "لیژنە تایبەتمەندەکان لێکۆڵینەوە لە خاوەندارێتی هۆتێلی ڕیکسۆس و ئەو لایەنانە دەکەن کە دەستیان بەسەر زەوییەکەدا گرتووە لە ناو ناوچەی سەوزدا، لەگەڵ چۆنیەتی بەخشینی و میکانیزمی گرێبەستکردن لەسەری، وەک ئامادەکارییەک بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست".

لەلایەکی دیکەوە، ئەمیر مەعموری، پەرلەمانتاری پێشوو، زانیاری گرنگی سەبارەت بە بەخشینی زەوی پڕۆژەی هۆتێل و شوقەکانی "ڕیکسۆس" لە ناوچەی سەوز بە کۆمپانیایەکی قەتەری ئاشکرا کرد، و جەختی لە بوونی ڕێککەوتنی سیاسی کردەوە کە ڕێگرییان لە کێبڕکێ کردووە و دەوڵەتیان لە داهاتێکی دارایی گەورە بێبەش کردووە کە چووەتە گیرفانی لایەنە دەستڕۆیشتووەکانەوە.

مەعموری وتی: "ئەو زەوییەی بە کۆمپانیا قەتەرییەکە بەخشراوە، کە ڕووبەرەکەی 19 دۆنم و نیوە لە ناو ناوچەی سەوزدا، لە بنەڕەتدا بۆ پرۆژەیەکی حکومی تەرخانکرابوو بۆ دروستکردنی هۆتێلێک کە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراقدا بێت و ببێتە سەرچاوەیەک بۆ داهاتە داراییەکانی".

وتیشی: "کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە (ئیستسناعی عەقاریی عێراقی) کە سەر بە کۆمپانیای (ئیستسناعی هۆڵدینگ)ی قەتەرییە، کاری کردووە بۆ دروستکردنی شوقەی نیشتەجێبوون و گەشتیاری کە ژمارەیان لە نێوان 200 بۆ 270 شوقەدایە"، ڕوونیشیکردەوە کە "کۆمپانیاکە یەک شوقەی بە بڕی ملیارێک و نیو دینار فرۆشتووە، ئەمەش بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە عێراق بە بڕی نزیکەی 300 ملیار دینار کە چووەتە گیرفانی حیزبە دەستڕۆیشتووەکان و وەبەرهێنەرەکەوە".


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو