ئیسرائیل بەبۆنەی کۆچی دوایی لیندسی گراهام: مەزنترین دۆستی خۆمان لەدەستدا

١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٦:٥٠ پاش نیوەڕۆ

ئیسرائیل بەبۆنەی کۆچی دوایی لیندسی گراهام: مەزنترین دۆستی خۆمان لەدەستدا

پەنجەرە

نووسینگەی لیندسی گراهام، سیناتۆری ناسراوی ئەمریکی و یەکێک لە سەرەکیترین هاوپەیمانەکانی دۆناڵد ترەمپ، کۆچی دوایی ناوبراوی لە تەمەنی 71 ساڵیدا بەهۆی "تێکچوونی لەناکاوی باری تەندروستی" ڕاگەیاند. ئەم هەواڵە خێرا دەنگدانەوەی بەربڵاوی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

واشنتۆن؛ ترەمپ هاوخەمی دەربڕێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ڕێگەی پلاتفۆرمی “تروس سۆشیاڵ"ـەوە هاوخەمی خۆی ڕاگەیاند و گراهامی بە یەکێک لە مەزنترین ئەندامانی ئەنجومەنی پیران و نیشتمانپەروەرێکی ڕاستەقینە وەسف کرد کە هەمیشە بەسەختی کاری کردووە.

تەلئەبیب ؛ لەدەستدانی "مەزنترین دۆست"

کۆچی دوایی ئەم سیناتۆرە هێندەی ئەمریکا، لە ئیسرائیل کاردانەوەی قورسی هەبوو، بەهۆی ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵ و مێژووییەی کە لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو وڵاتەدا هەیبوو، 
 ئیتامار بن غەفیر ، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی، ڕایگەیاند کە ئیسرائیل یەکێک لە مەزنترین دۆستەکانی خۆی لەدەستدا، کە بەهۆی بڕوابوونی بە ڕاستوێژیی هەڵوێستەکانیان، لە تەنیشتیان وەستابوو.

 نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە کرد کە دڵی بۆ لەدەستدانی گراهام دەگوشرێت و ئیسرائیل هاوپەیمانێکی بەهێزی لە تاریکترین کاتەکانیدا لەدەستدا.
 
هەریەک لە ئەمیر ئۆحانا و یائیر لافید، ستایشی زیرەکی گراهامیان کرد بەرامبەر بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل.

 ئیسحاق هێرتسۆگ سەرۆکی ئیسرائیل، هەواڵەکەی بە ئازار و سەرسوڕمان وەسف کرد و گراهامی وەک مەشخەڵی ڕوونیی ئەخلاقی لە قورسترین کاتەکاندا ناوبرد.

ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و پرسی غەززە

وەزیرانی دیکەی کابینەی ئیسرائیل، لەوانە ئیسرائیل کاتس، بتسێلێل سمۆتریچ، و ئێلی کۆهین، تیشکیان خستە سەر هەڵوێستە سیاسییە توندەکانی گراهام. ئەوان جەختیان کردەوە کە ناوبراو ڕۆڵێکی بنەڕەتی هەبووە لە داڕشتنی هێڵێکی توند و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بڕیاردەرانە دژی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.

پشتیوانیی بێمەرج بۆ شەڕی غەززە

لیندسی گراهام بە یەکێک لە سەرسەخترین پشتیوانانی ئیسرائیل لە دوای ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر دادەنرا. ئەو داوای دەکرد تەواوی پێداویستییە سەربازییەکان بۆ سوپای ئیسرائیل دابین بکرێت و تەنانەت پێشنیاری بەکارهێنانی "چەکی ئەتۆمی" هاوشێوەی بۆردومانەکەی ساڵی 1945ی ژاپۆنی کردبوو بۆ یەکلاکردنەوەی شەڕەکە، جیا لەوەی ڕەخنەی توندی لە بڕیارەکانی پێشووی ئیدارەی بایدن گرتبوو بۆ ڕاگرتنی ناردنی هەندێک باری چەک بۆ تەلئەبیب.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو