بەڵگەنامە مێژووییەکان؛ پشتپەردەی هاوکارییە سەربازیی و داراییەکانی نێوان پارتی و ئێران (١٩٨٥ - ١٩٨٧)
١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٦:٥١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەپێی بەڵگەنامەکانی قەرارگای رەمەزان، لە گەرمەی شەڕی تاقەتپڕووکێنی نێوان ئێران و عێراق لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە وەرچەرخانێکی ستراتیژییان بەخۆوە بینی.
بەڵگەنامە مێژوویی و سەربازییەکان پەردە لەسەر قۆناغێکی گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران لادەدەن، قۆناغێک کە تێیدا پەیوەندییەکان لە هاوکاریی کاتییەوە گۆڕان بۆ ڕێککەوتنی فەرمی، ڕێکخراو .
١٩٨٥: کەمپی ١١ و سەرەتای قۆناغێکی نوێی هاوکاری
سەرەڕای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵانی پێشتردا پەیوەندیی لەگەڵ سوپای ئێران و سوپای پاسداراندا هەبوو، بەڵام ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی (١٩٨٥) بووە خاڵی وەرچەرخان. بەهۆی سەرنجی زیاتری محەممەدڕەزا نەقدی لەسەر چالاککردنی حزبوڵڵای کوردی عێراق، پارتی دیموکرات پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ سوپای ئێراندا پاراست و زۆربەی کارەکانی لە ڕێگەی بارەگای (کەمپی ١١)ـەوە جێبەجێ دەکرد.
لە بەهاری هەمان ساڵدا، محەممەد محەممەدی، فەرماندەی لەشکری ٢٣ی هێزە تایبەتەکانی ئێران، ڕێنماییەکی گرنگی دەرکرد بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوور. بەپێی ئەم ڕێنماییە، تیپەکانی سوپای ئێران پابەندکران کە لەگەڵ پێشمەرگەکانی پارتیدا لە بواری کەمین دانان، هێرشکردن، تەقاندنەوە، بەدیلگرتن و مینڕێژکردندا هاوکاریی تەواو بکەن.
لە ڕێنماییەکاندا جەخت کرابووەوە کە دەبێت پێداویستیی لۆجستی پارتی هاوشێوەی سەربازانی سوپای ئێران بێت و مووچەی مانگانەشیان لەلایەن پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژاواوە دابین بکرێت. هەر کاتێکیش پارتەکە تووشی کەمیی تەقەمەنی ببوایە، ڕاستەوخۆ داواکاریی ئاڕاستەی فەرماندەیی هێزی وشکانی دەکرد، وەک ئەو داواکارییەی ئاڕاستەی عەلی سەیادی شیرازی کرا لە ئابی ١٩٨٥دا.
قەرارگای ڕەمەزان؛ دامەزراوەییبوونی پەیوەندییەکان
لە زستانی ١٩٨٥ و دوای دەستنیشانکردنی محەممەدباقر زولقەدر وەک فەرماندەی بارەگای ڕەمەزان، ئاستی هاوکارییەکانی ئێران و پارتی چووە قۆناغێکی فەرمیتر و فراوانترەوە. ڕاگەیەندراوی بارەگای خاتەمولئەنبیا لە حوزەیرانی ١٩٨٦دا، جەختی لەسەر سیاسەتێکی نوێ کردەوە: پەیوەندییەکان دەبێت بە تەواوی فەرمی بن و لە ڕێگەی سەرکردایەتیی حزبەوە بن، نەک جەستەی حزبەکە، ئەمەش بۆ ڕێگریکردن بوو لەو تێبینی و ناڕەزایەتییانەی پێشتر لەسەر شێوازی هاوکارییەکان هەبوون.
سیاسەتی نوێی کۆماری ئیسلامی لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورت دەبووەوە:
مامەڵەی فەرمی: سەیرکردنی بارزانییەکان وەک ڕێکخراوێکی خاوەن پێکهاتە و کادیر.
کەناڵی تایبەت: ئەنجامدانی پلانداڕشتن تەنها لە ڕێگەی بارەگای ڕەمەزان و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی زولقەدر.
سەرپەرشتی سەربازی: چاودێریکردنی جووڵە سەربازییەکان لە ڕێگەی جێگیرکردنی بنکەکانی ئێران لە پاڵ لق و لێژنەکانی پارتیدا.
نەخشەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دژی ڕژێمی بەعس
بەڵگەنامەکان نیشانی دەدەن کە بۆ ماوەی چوار مانگ، پلانی هێرش و چالاکییەکان بە وردی دیاری کرابوون، کە گرنگترینیان بریتی بوون لە:
1. تەوەری ڕواندز - هەولێر: دوورخستنەوەی سوپای عێراق لە ناوچەکانی سیدەکان و حاجی ئۆمەران و بڕینی ڕێگاکانی گەیاندنی لۆجستییان.
2. ڕزگارکردنی ناوچەکان: کۆنتڕۆڵکردنی ناحیەی کانی ماسی (عەمادیە)، شێلادزێ، و ناوچەی شێروان (مێرگەسۆر).
3. شەڕی ئابووری: دروستکردنی گوشار و لەسەر ڕێگای ترانزێتی عێراق - تورکیا، تێکشکاندنی بارهەڵگرەکان و تەقاندنەوەی بۆری نەوتی عێراق - تورکیا و وێستگەکانی کارەبا.
4. شەڕی ناو شارەکان: پەرەپێدانی ئۆپەراسیۆنی تێکدەرانە لە ناوخۆی شارەکاندا دژی سەنتەرەکانی بەعس و دامەزراوە گرنگە ئابووری و سەربازییەکان.
ڕێساکانی ڕەفتار؛ پاراستنی رێزی مەسعود بارزانی و سنوردارکردنی دەستێوەردان
لە ئۆکتۆبەری ١٩٨٦دا، فەرماندەی بارەگای ڕەمەزان ڕێنماییەکی ١١ خاڵی توندی ئاڕاستەی بارەگای نەسر کرد بۆ ڕێکخستنی هەڵسوکەوتی هێزەکانی ئێران لەگەڵ پێشمەرگە و سەرکردایەتی پارتی، تا ڕێگری لە هەڵەکانی ڕابردوو بکرێت. لە گرنگترین بەندەکانیدا هاتبوو:
پێویستە ڕەفتار لەگەڵ حزب و سەرکردایەتییەکەی و مسعود بارزانیدا ئەرێنی بێت و لە ئاستی سەرکردەی حزبێکدا بێت. نابێت دژایەتی بیروباوەڕی سیاسی و ناسیۆنالیستیی حزبەکە بکرێت کە ببێتە هۆی ناکۆکی. لە ئەگەری سووکایەتیکردنی پێشمەرگەیەک بە پیرۆزییەکانی ئێمە، بابەتەکە ڕاپۆرت بکرێت بۆ سەرەوە تا لە ڕێگەی مەکتەبی سیاسی حزبەکەوە سزا بدرێت."
هەروەها ڕێنمایی درابوو کە ڕێز لە دابونەریتی خەڵکی ناوچەکە بگیرێت، تێچووی فریاگوزاری بە خەڵک بدرێت، و ناوی ئەو عەشایەرانەی هاوکاری بەعس دەکەن (کە بە جاش دەناسران) وەربگیرێت تا هەوڵی ڕاکێشانیان بۆ لای خۆیان بدرێت.
گەشتەکەی بارزانی بۆ باکوور و لێکهەڵوەشانی ڕیزەکانی سوپای عێراق
لە هاوینی هەمان ساڵدا، مەسعوود بارزانی بڕیاری دا سەردانی باکووری عێراق بکات بۆ چالاککردنەوەی پێشمەرگەکان. ئەم سەردانە ئەنجامی خێرای هەبوو. بەپێی نامەیەکی شەوکەت بارزانی بۆ بارەگای ڕەمەزان:
عیسام ئەمین ئاغا دارەتوویی گۆران، فەرماندەی گردانی ١٦ی سووکی سوپای عێراق لە تەوەرە هەستیارەکانی (سوارە توکا - سکرین - بامەرنی)، لەگەڵ ٤٠ چەکدار و تەواوی چەک و تەقەمەنییەکانیانەوە چەکەکانیان دانا و پەیوەندییان بە مەسعوود بارزانییەوە کرد.
کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بەڵێوهی دڵخۆشکەری دایەوە کە هەرچەندە پارتی بتوانێت هێزە عێراقییەکان ڕابکێشێت، پشتگیری دارایی و سەربازی دەکرێت.
تێچووە داراییەکان و واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی مێژوویی ١٣٦٥
بەپێی بەڵگەنامەیەکی نهێنی بە ئیمزای زەینولعابدین عەتایی، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژاوا، تێچووە داراییەکان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٦٥دا بەم شێوەیە بووە:
٣٦٠,٠٠٠,٠٠٠ ڕیاڵ وەک مووچە بۆ شەڕکەرانی کەمپی ١١.
٩٠,٠٠٠,٠٠٠ ڕیاڵ بۆ تێچووی مانگانەی مەکتەبی سیاسی و یارمەتی تایبەت بە مەسعوود بارزانی.
لە ٢ی ڕەشەمێی ١٣٦٥ (شوباتی ١٩٨٧)، کۆبوونەوەیەکی باڵا لە نێوان سەرکردایەتی بارەگای ڕەمەزان (بە سەرکردایەتی ئیرەج مەسجدی و مورتەزا ڕەزایی) و شاندی پارتی (فازڵ میرانی، ملازم بابەکر، و عەبدولموهەیمەن بارزانی) بەڕێوەچوو. لەم کۆبوونەوەیەدا یەکەمین ڕێککەوتننامەی فەرمی و گشتگیر واژۆ کرا.
ئەرسیناڵی سەربازی؛ ئەو چەکانەی ڕادەستی پارتی کران:
بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە و خێراکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دەشتی هەولێر، لیستی چەک و کەلوپەلەکان بەم شێوەیە پەسەند کرا و بەشێکی کتوپڕ ڕادەستکرا:
جۆری چەک و پێداویستی / بڕی گشتی تا کۆتایی ١٣٦٦ / بەشی فریاگوزاری کتوپڕ
چەکی کڵاشینکۆف: ٣٠٠٠ دانە / ١٠٠٠ دانە
ڕەشاشی گرینۆف (B.K.C): ١٢٠ دانە / ٤٠ دانە
ئاڕ.پی.جی ٧: ١٢٠ دانە / ٤٠ دانە
چەکی قەناس: ٢٠٠ دانە / ٤٠ دانە
هاوەنی ١٢٠ ملم: ٣٠ دانە / نییەتی
موشەکەکانی دژەتانک و دژەفڕین (ساکر، ستریلا، سەهەند): ٣٩ دانە / نییەتی
دۆشکا و دژەفڕین (١٤.٥ ملم): ٢٢ دانە / نییەتی
ئۆتۆمبێلی وانت (پیکاپ): ١٠ دانە / ١٠ دانە
ئامێری بێوایەر (بێسیم): ٢٦ دانە / ١٠ دانە
خێوەتی بەکۆمەڵ: ٥٠ دانە / ٤٠ دانە
بەتانی: ٢٠٠٠ دانە / ٥٠٠ دانە
ئەم هاوکارییە گەورەیە، لە تەنیشت دابینکردنی ئازووقەی مانگانە بۆ ٥٠٠٠ نەفەر، بۆمبی کاتژمێری، بێدەنگکەری چەک و پێڵاو و کۆڵەپشت، پێگەی سەربازیی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە دژی ڕژێمی بەعس گۆڕی و قۆناغێکی نوێی لە هاوسەنگیی هێز لە باکووری عێراقدا نووسییەوە.