پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا؛ ململانێی لایەنەکان لە نێوان چەمکی "کۆمەڵگەی دیموکراتیک" و "خاڵی لە تیرۆر"
١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٣٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دەم پارتی لە تورکیا هەوڵ دەدات پێش کۆتایی هاتنی ئەم مانگە (تەممووز) و چوونی پەرلەمان بۆ پشووی هاوینە، "یاسایەکی چوارچێوەیی" بۆ "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" پەسەند بکرێت، کە لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵینی پەکەکەوە زەمینەسازیی بۆ دەکرێت.
خستنەڕووی "یاسای چوارچێوەیی" کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە داوای کردبوو (بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ ئەو هەنگاوانەی لەلایەن پەکەکەوە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا نراون، کە حکوومەت پێی دەڵێت "تورکیایەکی خاڵی لە تیرۆر")، ئێستا جۆرێک لە دڵەڕاوکێ لە ناوەندە کوردییەکاندا دروست بووە لەوەی حکوومەت دووبارە دەست بە دواخستنی بابەتەکە بکاتەوە.
له لایهكی ترهوه، تولای هاتیمئۆغوڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، کە سێیەم گەورەترین پارتی پەرلەمانی تورکیایە دوای ئاکپارتی دەسەڵاتدار و جەهەپە، داوای لە حکوومەت کرد کە گەرەنتی پەسندکردنی ئەم یاسایە لە زووترین کاتدا بکات و مانگی تەممووز بە شێوازێک بقۆزرێتەوە کە وەڵامدەرەوەی چاوەڕوانییەکان بێت.
ڕەخنەگرتن لە حکوومەت
هاتیمئۆغوڵاری ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەی سووتاندنی چەک لەلایەن ٣٠ گەریلای پەکەکەوە لە بناری چیای قەندیل لە سلێمانی (باکووری عێراق) بە شێوازێکی ڕەمزی لە ١١ی تەممووزی ٢٠٢٥دا: "هەنگاوێکی دەگمەن بوو لە مێژووی ململانێکان و چارەسەرییەکانیاندا لە جیهاندا، و نیشانەیەک بوو بۆ نیازپاکی، بەڵام ساڵی ڕابردوو بە باشترین شێوە سوودی لێ وەرنەگیرا."
ناوبراو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ئەو دەستپێشخەرییەدا گوتی:
"دەکرا ئەمڕۆ لە دۆخێکی زۆر باشتردا بوونایە. دەکرا یاسای چوارچێوەیی ئامادە بکرێت و کەشێکی کاری ئازاد بۆ بەڕێز ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی دابین بکرێت، کۆتایی بە سستمی قەیوم (دانانی سەرپەرشتیار لەبری سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان) بهێنرێت، و هەنگاوی بوێرانە بۆ ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی بنرێت... ئەگەر ئەمانە ڕوویان بدایە، ساڵی ڕابردوومان بە سەرکەوتنێکی گەورە و ئەرێنی بەڕێ دەکرد."
هاتیمئۆغوڵاری بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕەخنەی لە دەسەڵات گرت و ڕایگەیاند کە نابێت ئەم پرۆسەیە بکرێتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی پارتێکی سیاسی دیاریکراو و وەک تاکتیکێک بۆ لاوازکردنی خەباتی گەلی کورد بەکاربهێنرێت.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەم دواییانە ڕایگەیاندبوو کە ماددە یاساییەکانی تایبەت بە پرۆسەی "تورکیایەکی خاڵی لە تیرۆر" زۆر زوو پێشکەشی پەرلەمان دەکرێن بۆ ئەوەی کۆتایی بەو کێشەیە بهێنرێت کە نیو سەدەیە تورکیا پێوەی دەناڵێنێت.
هاوکات، عایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند کە ڕێککەوتن کراوە یاساکە لەم مانگەدا بخرێتە کارنامەی پەرلەمانەوە. ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتکردەوە کە گوایە ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی ڕەزامەندی لەسەر ڕەشنووسەکە دەربڕیوە، و ئاماژەی بەوە کرد کە شاندی پارتەکەیان (پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار) زیاتر لە ٤٠ ڕۆژە چاویان بە ئۆجەلان نەکەوتووە.
ناڕەزایەتی بەرامبەر بە چەمکی "تیرۆر"
لەم چوارچێوەیەدا، میدحەت سانجار ڕەخنەی لەوە گرت کە حکوومەت ناوی "پرۆسەی تورکیایەکی خاڵی لە تیرۆر"ی بەسەر ئەم قۆناغەدا بڕیوە. ناوبراو لە کۆنفرانسێکدا لە ئامەد (دیاربەکر) ڕایگەیاند:
"بۆ ئێمە، ئەم پرۆسەیە ناوی (پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک)ە. ئەو ناوەی لێی دەنێیت، کاریگەری لەسەر سروشتی کارەکەت و پەیامەکانت بۆ کۆمەڵگە دەبێت. بۆیە هەوڵدان بۆ کورتکردنەوەی دۆسیەکە تەنیا لە چەمکی 'تیرۆر'دا، دڵەڕاوکێ و گومان دروست دەکات."
سانجار جەختی کردەوە کە پێویستە یاساکە ڕێگا خۆش بکات بۆ گواستنەوە لە توندوتیژییەوە بۆ سیاسەت و پێویستە ڕۆڵ و پێگەی ئۆجەلان لە یاساکەدا دیاری بکرێت، تەنانەت ئەگەر هەندێک لایەن وەک دانوستانکاری سەرەکیش قبووڵی نەکەن.
جەختکردنەوە فەرمییەکانی حکوومەت
لەسەر لایەنی بەرامبەر، مەحمەت ئوچوم، گەورە ڕاوێژکاری یاسایی لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕایگەیاند کە پرۆسەی "تورکیایەکی خاڵی لە تیرۆر" گەیشتووەتە خاڵێک کە گەڕانەوەی بۆ نییە. ئەو لە وتارێکدا بۆ ئاژانسی "ئەنادۆڵ" ئاماژەی بەوە کرد کە دیدگای دەوڵەت بریتییە لە:
بەهێزکردنی تێکەڵبوونی کورد لەگەڵ دەوڵەت و نەتەوە لە ناوخۆدا.
پشتگیریکردنی سەرجەم کوردانی ناوچەکە.
پێشکەشکردنی تورکیا وەک گەورەترین دەوڵەتی پشتگیریکاری کورد لە سووریا و لە ململانێ هەرێمییەکاندا وەک نموونەیەکی کۆنکرێتی بۆ بنیاتنانی متمانە.
هاوکات، وهزیری ناوخۆی توركیا، مستەفا چیفتچی، لە میانی سهردانهكهیدا بۆ بنكهی سەربازیی "زێروین تهپه" لە شارۆچکەی شەمدینی لە پارێزگای هەکاری (هاوسنوور لەگەڵ ئێران و عێراق) ڕایگەیاند، کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە بەردەوامە و بە دڵنیاییەوە سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت. چونکە بەهۆی جێگیربوونی هێزە ئەمنییەکان لەم ناوچە ستراتیژییانەدا، چیتر ڕێگە بە جووڵەی چەکداری نادرێت و دۆخی سنوورەکان لە ژێر کۆنترۆڵدایە.