وەرچەرخان لە شەڕی تەکنەلۆژیادا؛ ئەمریکا بۆ یەکەمجار درۆنی خۆتەقێنەر دژی ئێران بەکاردەهێنێت
١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٣١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە پێشهاتێکی سەربازیی نوێدا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) ڕایگەیاند کە لە هێرشەکانی دوێنێ یەکشەممەدا بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان، بۆ یەکەمجار نەوەیەکی نوێی چەکە "هەرزان و کوشندەکان"ـی بەکارهێناوە.
ئەم هەنگاوە وەک گۆڕانکاریی لە ستراتیژیی سەربازیی ئەمریکا دەبینرێت، کە تێیدا سوود لە درۆنی هێرشبەری یەک ئاراستە و خۆتەقێنەر وەرگیراوە.
بەکارهێنانی چەکێکی هاوشێوەی "شاهید"ـی ئێرانی
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تۆڕی (CNN)، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرایکردووە کە ئەم درۆنانە بە ئیلهاموەرگرتن لە درۆنە "شاهید"ـەکانی ئێران دروستکراون.
سێنتکۆم دەڵێت: "ئەم درۆنە کەم تێچووانە، ئێستا بوونەتە ئامرازی وەڵامدانەوەی ئەمریکا."
هەرچەندە سوپای ئەمریکا ژمارەی وردی ئەو درۆنانەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام سەرچاوە سەربازییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە درۆنی جەنگیی "لوکاس LUCAS" (ناسراو بە FLM-136) بۆ یەکەمجار لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا تاقیکراوەتەوە، کە لە شێوە و کارکردندا زۆر لە درۆنی "شاهید ١٣٦"ـی ئێرانی دەچێت.
لوکاس؛ تێچووی کەم و کارایی بەرز
درۆنی "لوکاس LUCAS" نوێنەرایەتی نەوەیەکی نوێی چەک دەکات لە سوپای ئەمریکادا کە تایبەتمەندییەکانی بریتین لە تێچوویەکی کەم، بەشێوەیەک تێچووی هەر درۆنێک تەنها ٣٥ هەزار دۆلارە، کە بەراورد بە موشەکە کرووزەکان بڕێکی زۆر کەمە.
لەبەرامبەر ئەم نرخە کەمەدا، تایبەتمەندیی زۆری هەیە، لەوانە دەتوانێت تا ٧٢٠ کیلۆمەتر ببڕێت و نزیکەی ١٨ کیلۆگرام تەقەمەنی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرێت.
هەروەها لە سیستەمکردنییدا پشت بە ژیریی دەستکرد بەستراوە، بەشێوەیەک ئەم درۆنانە بە سیستەمی (Hivemind) کار دەکەن، کە ڕێگەیان پێدەدات بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ دەستێوەردانی مرۆیی، ئامانجە جێگیرەکان (وەک ڕادار و کۆگاکان) بپێکن.