بۆچی بەرپرسەکانی عێراق پارە و سامان لە هەرێمی کوردستان خەزن دەکەن؟

١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٣٣ پاش نیوەڕۆ

بۆچی بەرپرسەکانی عێراق پارە و سامان لە هەرێمی کوردستان خەزن دەکەن؟

 پەنجەرە

ئەنجومەنی دادوەریی عێراق ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ٣٥٨ کیلۆگرام زێڕی لە دۆسییەی عەدنان جومەیلی- بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، گەڕاندووەتەوە.

ئەم پێشهاتە پرسیاری ئەوە دەهێنێتە ئاراوە: بۆچی بەرپرسە عێراقییەکان پارە و سامانەکانیان لە هەرێمی کوردستان خەزن دەکەن؟ ئایا هەرێم ئاسانکارییان بۆ دەکات یان ئەوان نەرمیی یاسا و ڕێکارەکان دەقۆزنەوە؟

بۆچی هەرێمی کوردستان؟

بەپێی لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، چەند هۆکارێکی سەرەکی وایانکردووە هەرێم ببێتە جێگەی سەرنجی ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە گەندەڵی.

یەکێک لەو خاڵانەش، توندیی سیستمی بانکییە لە بەغدا.

دوای ئەوەی بانکی ناوەندی عێراق ڕێکاری توندی گرتەبەر بۆ ڕێگری لە سپیکردنەوەی پارە و چاودێریکردنی دۆلار، پاشەکەوتکردنی بڕە پارەیەکی زۆر بەبێ سەرچاوەی دیار لە بانکەکانی بەغدا بووە کارێکی مەحاڵ. ئەمەش وایکرد کە بەرپرسە پارەدارەکان پەناببەنە بەر شوێنێک کە جووڵەی نەختینە "کاش" تێیدا ئاسانتر بێت.

جگە لەوەش بەرپرسەکان بۆ ئەوەی لە چاودێرییە دیجیتاڵییەکان دەرباز بن، پارە نەختینەییەکانیان بردووەتە هەرێمی کوردستان و لەوێوە بۆ دەرەوەی وڵات دەربازیان کردوە یان بەنیازی دەربازکردنین.

ئەمە سەرباری ئەوەی زۆرجار ئەو پارەیە لە هەرێم دەگۆڕن بە سەرمایەی تری وەک زێڕ، خانوبەرەی گرانبەها و ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز. ئەم جۆرە سەرمایانە هەم بەهاکەیان دەپارێزن و هەم گواستنەوەیان ئاسانترە.

کەموکورتیی بۆشایی یاسایی لە هەرێم

حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، پێشتر ئاماژەی بە بوونی "بۆشایی یاسایی" کردبوو لە بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە لە هەرێم.

ئەم بۆشاییە وایکردبوو کەرتی خانوبەرە و زێڕینگەران ببێتە ژینگەیەکی لەبار بۆ ئەو پارە گومانلێکراوانەی لە بەغداوە دەهاتن.

بەوپێیەی پارەهاتووەکانی بەغدا بەهۆی بۆشایی یاساییەوە لێکۆڵینەوەی ئەوتۆیان لەبارەوە نەدەکرا، هەربۆیە بەکاردەهێنران بۆ کڕینی موڵک و کۆگاکردنی سامان و زێڕ و هاوشێوەکانیان.

لەلایەکی ترەوە بوونی سەربەخۆیی ئیداری و ئەمنیی هەرێم لە ساڵانی ڕابردوودا، جۆرێک لە دڵنیایی لای هەندێک بەرپرس دروستکردبوو کە دەتوانن لەوێ لە چاوی دەزگا چاودێرییەکانی بەغدا دوور بکەونەوە.

وەرچەرخانە گەورەکە

بەڵام لە دۆسییەی گەندەڵییەکانی ئەم دواییەدا، دۆخەکە وەرچەرخانی بەخۆیەوە بینیوە، ئەگەرچی ڕێژەییش بێت.

هەماهەنگیی لە نێوان ئەنجومەنی دادوەری عێراق و حکومەتی عێراق لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی و جێبەجێکردنی یاسایی لە هەرێم، ئەنجامی چاوەڕواننەکراوی هەبوو، بەتایبەتی لە کەیسەکەی عەدنان جومەیلی دا.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە مونیر حەداد، ڕاوێژکاری یاسایی سەرۆک وەزیران، پێشتر ئاشکرای کردبو کە هەرێم هاوکارییەکی بەرچاوی نیشانداوە لەم دۆسییەدا و تا ئێستا ٨ تۆمەتباری پلەباڵا (وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرسی گەورە)ـی ڕادەستی بەغدا کردووەتەوە کە هەوڵیان دابوو لە هەرێمدا خۆیان حەشار بدەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو