دوای نزیکەی مانگێک لە خنکانی؛ بۆچی تەرمی ئەحمەد لوقمان سەر ئاو ناکەوێت؟
١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٣٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
نزیکەی مانگێک بەسەر ڕووداوە دڵتەزێنەکەی دوانیوەڕۆی چوارشەممە (١٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦) تێدەپەڕێت، کاتێک گەنجێک بەناوی (ئەحمەد لوقمان) لە کاتی ڕاوەماسیدا لە ڕووباری سیروان لە قەزای کەلار خنکا.
سەرەڕای تێپەڕبوونی ئەم ماوە درێژە و هەوڵە بەردەوامەکانی تیمەکانی بەرگری شارستانی و خۆبەخشەکان، هێشتا تەرمەکەی سەرئاو نەکەوتووە. ئەمەش پرسیارێکی زانستی و مەیدانی لای زۆرینە دروستکردووە: بۆچی تەرمێک دوای مانگێک سەرئاو ناکەوێت؟
لەم ڕاپۆرتەدا هەوڵدەدەین لەڕووی زانستیی و کردارییەوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە.
کۆسپە مەیدانی و جوگرافییەکان
یەکێک لە ئەگەرە بەهێزەکان ئەوەیە کە تەرمەکە لەژێر چینێکی ئەستووری لمی جوڵاو و نیشتەنییەکانی بنی ڕووبارەکەدا مابێتەوە. چونکە تەوژمی ئاو بڕێکی زۆر قوڕ و لم لەگەڵ خۆی دەهێنێت؛ کاتێک تەرمەکە لە چاڵێک یان لەپشت بەردێک گیر دەخوات، تەنها لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا نیشتەنییەکان بەتەواوی دایدەپۆشن. ئەمەش دەبێتە قورساییەکی فیزیایی کە ڕێگرە لەوەی تەرمەکە بەهۆی گازەکانەوە بەرز بێتەوە.
لەلایەکی ترەوە بوونی چاڵی قوڵ لەنێو ڕووبارەکەدا، یەکێکی ترە لە ئەگەرەکان. لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان دەریانخستووە کە ناوچەی نزیک پڕۆژەی گەشتیاریی مارینا لە گەرمیان، چەندین چاڵی قووڵی تێدایە کە قووڵییەکەیان لە نێوان ٥ بۆ ١٠ مەتردایە. ئەم چاڵانە وەک "کۆگای ئاوی وەستاو" وایە؛ ئەگەر تەرمەکە بکەوێتە ناویان، بەهۆی پەستانی هایدرۆلیکی و نەبوونی تەوژمی پاڵنەر، جوڵاندنی و سەرئاوکەوتنی زۆر قورس دەبێت.
لەلایەکی تریشەوە لێڵیی زۆری ئاوی سیروان وایکردووە بینین بۆ ژێرئاوگەڕەکان "غەواسەکان" بگاتە ئاستی سفر. گەڕان لە بنکەی ڕووبارەکەدا تەنها بە پشتبەستن بە "دەست لێدان" دەبێت نەک بینین، ئەمەش دۆزینەوەی تەرمێکی گیرخواردوو لەناو ئەو هەموو قوڕ و لیتەیە دەکاتە مەحاڵ.
هۆکارە زانستیی و فیسیۆلۆجییەکان
کاتێک کەسێک دەخنکێت، جەستەی دەستدەکات بە شیبوونەوە، ئەمەش گازی ناوخۆیی درووستدەکات لەناوەوەیدا کە وادەکات جەستەی بئاوسێت و سەرئاو بکەوێت.
بێگومان جەستەی ئەحمەد لوقمان بەم پرۆسەیەدا تێپەڕیوە، بەڵام کە سەرئاو نەکەوتووە، ئەوا چەند هۆکارێکی هەیە.
یەکێک لەو هۆکارانەش ئەگەری گیربوونێتی. ئەحمەد لە کاتی ڕاوەماسیدا خنکاوە، بۆیە ئەگەری زۆر هەیە کە جلوبەرگەکانی یان پەلەکانی بە تۆڕی ڕاوەماسی یان ئەو پەتانەوە گیر بووبێت کە کێشیان زۆرە. لەگەڵ پڕبوونی گیرفان و جلوبەرگەکانی لە لم و بەردی ورد، کێشێکی پێچەوانە دروست دەکات کە لە هێزی بەرزکردنەوەی گازەکان زیاترە.
یەکێکی تر لە ئەگەرەکان، دزەکردنی گازی ناو لەشێتی.
لە ڕووی زانستییەوە، تەرم کاتێک سەرئاو دەکەوێت کە گازەکانی ناوەوەی (بەهۆی شیبوونەوە) قەتیس بمێنن و وەک "تەقینەوەیەکی سووک" تەرمەکە بەرز بکەنەوە. بەڵام ئەگەر تەرمەکە بەر بەردی تیژ کەوتبێت یان بەهۆی زەبرێکەوە جەستەی دڕابێت، گازەکان یەکسەر دەچنە ناو ئاوەکە و لەناو جەستەدا کۆناببنەوە. بەمەش جەستە تایبەتمەندی سەرئاوکەوتن لەدەست دەدات و لە بنی ڕووبارەکەدا جێگیر دەبێت.
لەلایەکی ترەوە بوونی ماسی و زیندەوەرە ئاوییەکان لە سیرواندا دەبێتە هۆی خواردنی بەشە نەرمەکانی جەستە، ئەمەش ڕێگر دەبێت لە کۆبوونەوەی گازەکان و وادەکات جەستە بەرە بەرە شی ببێتەوە بەبێ ئەوەی وەک یەک پارچە سەرئاو بکەوێت.
ئایا ئەمە حاڵەتێکی نامۆیە؟
پسپۆڕان دەڵێن هەرچەندە خەڵک وا ڕاهاتوون بەوەی تەرم دوای چەند ڕۆژێک دەربکەوێت، بەڵام لە ڕووبارە تێپەڕەکاندا ئەمە مەرج نییە.
ئەو هۆکارانەی لە سەرەوە باسکران، لەگەڵ تەوژمی ئاو، پلەی گەرمی (کە ئەگەر سارد بێت شیبوونەوە خاو دەکاتەوە)، لەگەڵ ئەگەری دوورکەوتنەوەی تەرمەکە لە شوێنی ڕووداوەکە بۆ ناوچە دوورەدەستەکان، هەموویان هۆکارن بۆ درێژەکێشانی پرۆسەی دۆزینەوە.