جووڵەی بێ پاسەوان و وێنە کۆنەکان؛ چۆن ئیسرائیل گەیشتە محەممەد زەیف؟
١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٣٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە ١٣ی تەممووزی ٢٠٢٤دا، بۆ ماوەی نزیکەی ٣ خولەک، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بەبێ وەستان چەندین تۆن تەقەمەنییان بەسەر زەوییەکی کراوەدا باراند کە باڵەخانەیەکی بچووکی تێدابوو لە ناوچەی مەواسیی خان یوونس لە باشووری کەرتی غەززە، ئەمەش لە یەکەم ساتەوە ئاماژە بوو بۆ ئەوەی کە ئامانجەکە زۆر گرنگ بووە.
ئیسرائیل رایگەیاند ئامانجەکە فەرماندەی گشتیی «کەتائیبی قەسسام»ی باڵی سەربازیی بزووتنەوەی «حە،ما،س»، محەممەد زەیف، بووە، لە کاتێکدا حە،ما،س بە توندی ڕەتیدەکردەوە و پێداگری دەکرد کە شوێنە بەئامانجگیراوەکە پەناگەیەک بووە بۆ ئاوارەکانی ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە.
بەڵام دوای نزیکەی ٦ مانگ، لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا، «قەسسام» دانی بە کوژرانی زەیفدا نا لەگەڵ ڕافع سەلامە، فەرماندەی لیوای خان یوونس، و چەند سەرکردەیەکی دیکە کە لە نێوانیاندا مەروان عیسا، جێگری زەیف هەبوو.
«پێیان وابوو لە شاری غەززەیە»
سێ سەرچاوە لە حە،ـاسەوە بە «شەرقولئەوسەت»یان ڕاگەیاندووە کە ڕەتکردنەوەی سەرەتایی کوژرانی زەیف لەو زانیارییە پێشوەختانەوە سەرچاوەی گرتبوو کە لای زۆرێک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەکە هەبوو، کە پێیان وابوو ئەو لە شاری غەززەیە نەک لە باشووری کەرتەکە، لە کاتێکدا هەندێک لە سەرکردە دیاریکراوەکان دڵنیاییان هەبوو کە لە باشووری کەرتی غەززەیە بەبێ ئەوەی شوێنی وردی بزانن.
وادیارە هەندێک لە سەرکردەکانی حە،ما،س کە لە میدیاکانەوە دەستیان بە ڕەتکردنەوە کرد، پێشبینییان دەکرد کە ڕەنگە لە یەکێک لە توونێلەکاندا بێت، لە کاتێکدا یەکێک لە سەرچاوەکان گوتی:زەیف لە سەرەتای جەنگەوە پەنای بۆ توونێلەکان نەبردووە، و ڕەنگە تەنها یەک جار لە حاڵەتێکی تایبەتدا ناچار بووبێت.»
ئەو شوێنەی کە زەیفی تێدا کوژرا، لە بنەڕەتدا هیی ڕافع سەلامە، فەرماندەی لیوای خان یوونس بوو کە لەگەڵیدا تیرۆرکرا، لەگەڵ چەندین منداڵی سەلامە و پیاوانی ئەمنیی سەر بە قەسسام.
بەڵام مانگەکانی کۆتایی زەیف پێش تیرۆرکردنی، و چۆنیەتی هاتوچۆکردنی لە غەززە پێش ئەوە، بە ناڕوونی مانەوە.
لە ساڵیادی دوو ساڵەی تیرۆرکردنی ئەم پیاوەدا، «شەرقولئەوسەت» لە سەرچاوەکانی حە،ماسی پرسی سەبارەت بە زانیارییەکانیان لەسەر چۆنیەتی دەستنیشانکردنی ناسنامەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە و گەیشتن پێی و تیرۆرکردنی.
دوو سەرچاوە لە حە،ماسەوە بۆ «شەرقولئەوسەت» پشتڕاستیان کردەوە کە فەرماندەی کەتائیبی قەسسام لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی حەوتی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە شاری غەززە بووە، و لەو شارەی باکووری کەرتەکەدا ماوەتەوە تا چەند ڕۆژێک پێش کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی تەوەرەی نێتساریم لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەتایبەت شەقامی کەناراوی ڕەشید کە زیاتر لە دوو هەفتە بە کراوەیی مایەوە بەراورد بەو ماوەیەی کە بەشە ڕۆژهەڵاتییەکەی واتە «شەقامی سەڵاحەدین» داگیرکرا.
جووڵەی بێ پاسەوان... و پەیوەندیی پچڕاو
دوو سەرچاوە نیشتەجێبووەکەی غەززە کە ئاگاداری ئەو زانیارییانە بوون کە لەلایەن کەسە نزیکەکانی زەیفەوە پێشکەش کرابوون، پشتڕاستیان کردەوە کە ئەو بە تەنیا و بەبێ پاسەوانی تایبەتی خۆی شاری غەززەی جێهێشتووە و لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣دا بەرەو ڕەفەح لە باشوور بەڕێکەوتووە.
سەرچاوەیەکی تری ئاگادار لە حە،ماسەوە ڕایگەیاند کە هەندێک لە سەرکردەکانی کەتائیبی قەسسام، لەوانەش عیزەدین حەداد کە دواتر فەرماندەیی قەسسامی گرتە ئەستۆ پێش ئەوەی ئیسرائیل لە مانگی ئایاری ڕابردوودا تیرۆری بکات، «ئامۆژگاری زەیفیان کردووە کە لەوێ بمێنێتەوە و جەختیان لەسەر توانای خۆیان کردووەتەوە بۆ دابینکردنی پاراستنی ئەمنی بۆی، سەرەڕای بارودۆخەکە و بەدواداچوونی بەربڵاوی ئەمنی».
سەرچاوەکە زیادی کرد کە زەیف پێی باشتر بوو چاودێری کارە مەیدانییەکان و بەڕێوەبردنی شەڕەکان بکات، و بەدواداچوون بۆ هەر پێشهاتێکی سیاسی بکات کە ڕەنگە پەیوەندی بە دۆسیەی دانوستانەکانەوە هەبێت کە لەو کاتەدا هێشتا دەستیان پێ نەکردبوو.
هەمان سەرچاوە ئاشکرای دەکات کە: پچڕانی پەیوەندییەکان بەو شێوازەی کە پەیڕەو دەکرا، بووە هۆی نەمانی پەیوەندی لەگەڵ زەیف بۆ ماوەی زیاتر لە ٤ ڕۆژ، دوای ئەوەی ئەو ناوەندگیرەی کە بڕیار بوو چاوەڕێی بکات بۆ گواستنەوەی بۆ یەکێک لە شوێنەکان نەدۆزییەوە؛ ئەمەش ناچاری کرد بەرەو قووڵایی باشوور و ئاڕاستەی ڕەفەح بڕوات.»
بەدرێژایی ئەو چوار ڕۆژە، زەیف نەیتوانی بگاتە هیچ سەرەداوێک کە بیگەیەنێتە یەکێک لە شوێنە ئارامەکانی قەسسام. بەهۆی نەبوونی وێنەیەکی نوێی لای هەواڵگری ئیسرائیل و بڵاونەبوونەوەی وێنەکەی لە نێوان فەلەستینییەکاندا، زەیف توانی لە چەند ناوچەیەکی سەر شەقامەکانی شاری ڕەفەح و بۆ یەکجاریش لە یەکێک لە مزگەوتەکانیدا بخەوێت بەبێ ئەوەی کەس هەستی پێ بکات.
شاری ڕەفەح لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا، شوێنی ئاوارەبوونی زیاتر لە ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار ئاوارەی فەلەستینی بوو، کە ئەمەش گەورەترین چڕی دانیشتووان بوو لە ماوەی جەنگەکەدا.
سەرچاوەیەکی تری حە،ماس چۆنیەتی گەڕانەوەی پەیوەندی لەگەڵ زەیف تەواو دەکات و دەڵێت: «یەکێک لە چالاکوانە مەیدانییەکانی قەسسام بە شێوەیەکی لەناکاو زەیفی ناسییەوە و گواستییەوە بۆ شوێنێکی ئارام، پێش ئەوەی بیگوازێتەوە بۆ خان یوونس، لەوێشەوە لە ڕێگەی ناوەندگیرێکی دیکەوە گواسترایەوە بۆ ئەو شوێنەی کە ڕافع سەلامەی لێبوو، پێش ئەوەی پێکەوە بۆ زیاتر لە شوێنێک بگوازرێنەوە، دواجار لەو شوێنە جێگیر بوون کە تێیدا تیرۆرکران».
وێنەیەکی نەناسراو لەسەر فەرماندەی قەسسام
سەرچاوەکە دەڵێت هەرچەندە زەیف لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە نێوان سەرکردەکانی قەسسامدا دەردەکەوت و هەروەها لە ڕێگەی سەردانەکانی بۆ شوێنە سەربازییەکان، بەڵام هەواڵگری ئیسرائیل نەیتوانی هیچ زانیارییەک بزانێت یان وێنەیەکی ڕاستەقینەی لەسەر دروست بکات؛ تەواوی ئەوەی دەیانزانی ئەوە بوو کە ئەو بریندارە و لانیکەم قاچێکی بڕاوەتەوە، یان بەدەست برینێکی سەختەوە لە یەکێک لە قاچەکانی یان دەستیدا دەناڵێنێت.
سەرچاوەکە ڕوونی دەکاتەوە کە بۆ ماوەیەک کاتێک زەیف لە دوو ڕووداودا بە سەختی بریندار بوو، هەوڵ هەبوو بۆ بردنه دەرەوەی لە کەرتی غەززە بۆ وەرگرتنی چارەسەر بە ناسنامەیەکی ساختە؛ بەڵام ئەو هەوڵانە سەرکەوتوو نەبوون، هەروەها خۆشی پێداگری دەکرد لەسەر مانەوە لە غەززە. بەڵام سەرچاوەیەکی دیکە گوتی: «وادیارە لە بارودۆخێکی دیاریکراودا، زەیف بۆ ماوەیەکی کورت بۆ چارەسەر چووەتە دەرەوە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ غەززە»، ئەمەش بابەتێکە کە سەرچاوەکەی تر یان سەرچاوەکانی دیکە پشتڕاستیان نەکردبووەوە.
بەپێی سێ سەرچاوە لە حە، ماسەوە، ئیسرائیل نەیتوانیوە دۆخی تەندروستیی زەیف بزانێت، و تەنانەت وێنەکەشی بە وردی نەدەزانی، تا ئەو کاتەی گرتە ڤیدیۆیی و وێنەی هەندێک بۆنەی سەرکردەکانی قەسسامی دەستکەوت کە فەرماندەی کەتائیبەکە تێیدا بەشدار بوو، کە دوای چوونە ناوەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لەناو پێگەکانی قووڵایی کەرتەکەدا دۆزرانەوە.
سەرچاوەکان ڕوونیان کردەوە کە ئەو بەڵگەنامانە گوازراونەتەوە بۆ هەواڵگری ئیسرائیل و لەوێ شیکارییان بۆ کراوە، و سەدان سیخوڕیان ڕاسپاردووە بۆ هەوڵدان بۆ گەیشتن پێی و وێنەکەیان بەسەردا دابەش کردوون، هاوشانی شیکارکردنیان لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە، و پێدانی زانیاری بە ئامرازە هەواڵگرییەکان وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لەوانەش دەنگی لە دوایین دیمەنەکانیدا ماوەیەکی کورت پێش جەنگ لە کاتی ئامادەکاری بۆ هێرشی حەوتی تشرینی یەکەم؛ ئەمەش ئەو هۆکارە بوو کە بەپێی هەڵسەنگاندنی ئەو سەرچاوانە بووە هۆی گەیشتن پێی و تیرۆرکردنی.