جووڵە سەربازییەکانی سوپای پاسداران لەسەر سنووری هەرێم؛ ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوە؟
١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٣٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران ڕایانگەیاندووە کە سوپای پاسداران لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هەزاران سەرباز و چەکی قورسی بۆ ناوچەکانی نزیک لە سنووری هەرێمی کوردستانی عێراق گواستووەتەوە. ئەوان ئەم جووڵانە وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەگەری لەگەڵ شەڕڤان و پێشمەرگەکانیان لەکاتی پەرەسەندنی شەڕی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەبینن.
بەپێی گوتەی سەرکردەکانی ئەم پارتانە، هێزە کۆکراوەکان بریتیین لە هێزی تایبەت، تۆپخانە، تانک، موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن). کەناڵی "ئەلحوڕە" نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ قەبارەی ئەم هێزانە یان جۆری ئەو چەکانەی کە بڵاوکراونەتەوە پشتڕاست بکاتەوە، هەروەها هیچ لێدوانێکی فەرمی ئێرانیش لەسەر ئەم زانیارییانە نەدراوە.
بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئۆپۆزسیۆن، هێزە هێنراوەکان نزیکەی سێ هەزار چەکداری یەکەی تایبەتی "سابیرین" لەخۆدەگرێت، لەگەڵ یەکەگەلێک لە هێزە زەمینییەکان و هێزی ئاسمانی-فەزایی سەر بە سوپای پاسداران. ئەوان ڕایانگەیاندووە کە هێزەکان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بە چەند قۆناغێک بۆ ناوچەکانی سەر سنوور گواستراونەتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە تیمەکانی چاودێری سەر بە پارتە کوردییەکان بڵاوبوونەوەی تۆپخانە، موشەکهاوێژ و زرێپۆشەکانیان بەدۆکیۆمێنت کردووە، سەرەڕای گەشتی ڕۆژانەی هەواڵگریی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەسەر ناوچە سنوورییەکانی ناوخۆی ئێران و نزیک هەرێمی کوردستاندا.
بەرپرسانی ئەم پارتانە پێیانوایە کە جۆری ئەو هێز و چەکانەی بڵاوکراونەتەوە، لە ڕێوشوێنە ئاساییەکانی پاراستنی سنوور تێپەڕ دەبێت و ئاماژەیە بۆ ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەرفراوانتر. بەڵام خودی پارتە کوردییەکان تا ئێستا بڕیارێکی یەکگرتوویان بۆ کردنەوەی بەرەیەک لە ناوخۆی ئێراندا نەداوە.
ئۆپۆزسیۆن دەڵێت تیمە تایبەتەکانی کۆکردنەوەی زانیارییان لە ناوخۆی ئێران و سەر سنوورەکان، جێگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە تۆپی قورس، موشەکهاوێژ، هاوەن، زرێپۆش و تانکی جۆری "زولفەقار" و "T-72"ی نوێکراوەیان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەدی کردووە، لەگەڵ سەکۆکانی هاوێشتنی موشەکەکانی "عیماد" و "فاتیح"، و درۆنەکانی "شاهد"، "مۆهاجیر" و "مێعراج".
فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ڕۆژانە گەشتی هەواڵگری لە ئاسمانی ناوچە سنوورییەکاندا ئەنجام دەدەن، چ لە ناوخۆی ئێران و چ لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، سەرەڕای ئەوەی سوپای پاسداران چەندین سیستمی سیخوڕی و تێکدانی (جەمکردنی) درۆنەکان و دۆزینەوەی لەرەلەرە ڕادارییەکانی ئەوان و تێکدانی پەیوەندییە مانگە دەستکردەکانی ئامادە کردووە.
سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران دەڵێن سیستەمەکانی سیخوڕی لە ناو بارهەڵگری تایبەتدا جێگیرکراون کە بە درێژایی سنوورەکە بڵاوکراونەتەوە، و لەلایەن ئەفسەر و ڕاوێژکارانی ڕووسییەوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی دەکرێن، دوای ئەوەی تاران لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە مۆسکۆی کڕیون.
عەلی خۆشنمەک، سەرکردە لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان بە "ئەلحوڕە"ی ڕاگەیاندووە کە جۆری ئەو هێزانەی سوپای پاسداران لەسەر سنوور کۆی کردوونەتەوە ئاسایی نین، بەڵکو هێزی تایبەتی ڕاهێنراون کە زۆربەی ئەندامەکانیان لە کادیرانی ڕژێم و توندڕەوەکانی ناو سوپای پاسدارانن.
ڕژێم ئەم هێزانەی بە چەند قۆناغێک بۆ سەر سنوور گواستووەتەوە کە هەر قۆناغێک نزیکەی هەزار چەکدار بووە، سەرەڕای گەیشتنی هێزێکی تری زۆری هێزە زەمینییەکانی سوپای پاسداران بۆ ناوچەکە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا.
خۆشنمەک پێی وایە ژمارەی ئەم هێزانە دەریدەخات کە سوپای پاسداران خۆی بۆ شەڕی زەمینی ئامادە دەکات، لە کاتێکدا پارتە کوردییەکان هێشتا بڕیاریان نەداوە چۆن لە بەرامبەر ئەمەدا بجوڵێنەوە، هەرچەندە ئەو هێزانە دەتوانن لە مەیدانی شەڕدا ڕووبەڕووی ببنەوە ئەگەر سوپای پاسداران هەوڵی هەر هێرشێک یان ئەنجامدانی شەڕێکی زەمینی بدات.
پێکدادان و بۆسەکان
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە "ئەلحوڕە" لە پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانەوە دەستی کەوتووە، لە سەرەتای ئەم مانگی تەممووزەدا، ٦ پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بۆسەیەکی سوپای پاسداران لە نزیک شاری پیرانشار لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوادا کوژراون.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک" ڕایگەیاندووە کە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا ٤ لە شەڕڤانانی لە شاری مەهابادی کوردستانی ئێران کوژراون، هەروەها پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) تیرۆرکردنی یەکێک لە پێشمەرگەکانی لەلایەن ئێرانەوە لە هەولێر لە هەمان مانگدا ڕاگەیاند.
لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە، سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران شایەتی جووڵانەوەگەلێکە کە ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە "گوماناوی" وەسفی دەکات، دوای ئەوەی سوپای پاسداران هێرشەکانی بۆ سەر گوندنشینانی ناوچەکە چڕکردەوە، کە هاوینان بۆ گەڕان بەدوای لەوەڕگا بۆ مەڕومەڵاتەکانیان لە ناوچە شاخاوییەکانی سەر سنووری نێوان هەردوو وڵاتدا کۆچ دەکەن.
له ١٠ی ئهم مانگی تهممووزهدا، شوانێکی گەنجی کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لە کاتی لەوەراندنی مەڕەکانیدا لە نزیک سێگۆشەی سنووریی عێراق-ئێران-تورکیا لە دەوروبەری شارۆچکەی سنووریی سیدەکان لە پارێزگای هەولێر کوژرا.
هێرشە جۆراوجۆرەکان
وتەبێژی فەرمی پارتی ئازادیی کوردستان، خەلیل نادری، ئاماژە بەوە دەکات کە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کورد و کوردستان بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو نەوەستاون و تا ئێستاش بەردەوامن، بەڵام شێواز و ڕێگاکانی ئەم هێرشانە دەگۆڕدرێن.
خەلیل نادری بە "ئەلحوڕە"ی ڕاگەیاندووە: "سەرەڕای بەردەوامیی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئێمە، هاوپەیمانیی پارتە کوردییەکانی دژبەری ئێران هێشتا بڕیاری جووڵانەوە بەرەو ناوخۆ و ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامیی نەداوە، بەڵام پێویستە ئێستا هەموومان پێکەوە ئەم بڕیارە بدەین و بە پلان و پڕۆژەی هاوبەش کار لەسەر جێبەجێکردنی بکەین، و ئەم شەڕەی ئێستا گونجاوترین دەرفەتە بۆ ئەوە."
ئەو ئاماژە بەوەش دەکات کە سوپای پاسداران کە دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هێز، چەک و موشەکەکانی لە بەدرێژایی سنوورەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لە باشووری وڵاتیش لە شارەکانی ئەهواز (چ ئەوانەی کە دەکەونە سەر کەنداوی عەرەبی یان ئەوانەی هاوسنوورن لەگەڵ عێراق) و هەروەها لە بەلوچستانیش هێز کۆدەکاتەوە.