نووسینگەی ئەحمەدینەژاد ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز ڕەتدەکاتەوە: "بانگەشەیەکی هۆلیوودی و بێبنەمایە"

١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٤٠ پاش نیوەڕۆ

نووسینگەی ئەحمەدینەژاد ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز ڕەتدەکاتەوە: "بانگەشەیەکی هۆلیوودی و بێبنەمایە"

پەنجەرە

نووسینگەی مەحمود ئەحمەدینەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا تەواوی ئەو زانیارییانەی ڕەتکردەوە کە ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی بڵاوی کردوونەتەوە سەبارەت بە پەیوەندی ناوبراو لەگەڵ دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی و خستنەژێر چاودێری لە ماڵەوە. نووسینگەی ئەحمەدینەژاد ئەو تۆمەتانەی بە "بانگەشەی هۆلیوودی" ناوبردووە.

بانگەشە سەرەکییەکانی "نیویۆرک تایمز" چین؟

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لە ڕاپۆرتە نوێیەکەیدا، زنجیرەیەک زانیاریی هەستیاری لەسەر دۆخی ئەحمەدینەژاد بڵاوکردووەتەوە.
 ڕۆژنامەکە دەڵێت، دوای شەپۆلی یەکەمی هێرشەکان بۆ سەر تاران، بریکارەکانی ئیسرائیل ئەحمەدینەژادیان بۆ ماڵێکی ئارام و پارێزراو گواستووەتەوە.
 
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی ئەحمەدینەژاد لە سەرەتای جەنگدا، بە ئامانجی ئازادکردنی بووە لە دەستبەسەریی ماڵەوە، بەو پێیەی واشنتن و تەلئەڤیڤ پێیان وابووە ناوبراو دەتوانێت لە داهاتووی بەڕێوەبردنی ئێراندا ڕۆڵ بگێڕێت.
 
بەپێی ڕاپۆرتەکە، دوای ئەوەی ئەحمەدینەژاد لەو ماڵە ئارامە چووەتە دەرەوە، جارێکی دیکە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە خراوەتەوە ژێر دەستبەسەریی ماڵەوە.

وەڵامی توندی نووسینگەی ئەحمەدینەژاد

نووسینگەی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران هێرشی کردووەتە سەر متمانەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە و تۆمەتباری کردووە بەوەی کە "لە بەرامبەر وەرگرتنی پارەدا، ئامادەیە وتار و هەواڵی ساختە بۆ کەسانی خراپ و لەکەدار بڵاوبکاتەوە." (ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەم تۆمەتە لەگەڵ پێگەی مێژوویی ئەو ڕۆژنامەیە وەک یەکێک لە باوەڕپێکراوترین مێدیاکانی جیهان یەکناگرێتەوە).

 لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەحمەدینەژاد "بەهۆی ڕەچاوکردنی بارودۆخی سیاسی و هەستیاریی وڵات و بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانی دوژمنان"، سەرجەم ئەم دەنگۆیانە و ئەو لایەنانەش ڕەتدەکاتەوە کە لە پشت ئەم بابەتەوەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو