“زەعیم"ێک لە تەم؛ ئەو سەرکردەیەی لە ناو کورسیی دەسەڵات و تەنیاییدا ژیا
١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٤١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
عەبدولکەریم قاسم، ئەفسەری سەربازیی و یەکێک لە دیارترین ئەو سیاسییانە بوو کە مێژووی نوێی عێراقیان سەرلەنوێ داڕشتەوە. لە ساڵی ١٩١٤ لە بەغدا لەدایکبووە و لە ٩ی شوباتی ١٩٦٣دا کۆچی دواییکرد.
قاسم لە ساڵی ١٩٥٤دا پەیوەندی بە "بزووتنەوەی ئەفسەرانی ئازاد"ەوە کرد. دوای بەشداریکردنی لە كودەتاكەی تەممووزی ١٩٥٨دا کە بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی و مەلیک فەیسەڵی دووەم، پۆستی سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی گرتەدەست. لە ژیانیدا چەندین نازناوی پێبەخشرا کە دیارترینیان "ئەفسەرە بەخشندەکە"بوو.
لەدایکبوون
عەبدولکەریم قاسم محەمەد بەکر زوبەیدی لە ٢١ی تشرینی دووەمی ١٩١٤ لە گەڕەکی مەهدیەی شاری بەغدای پایتەختی عێراق لەدایکبوو. باوکی، قاسم محەمەد بەکر، سەر بە عەشیرەتی "زوبێد"ی قەحتانی بوو، دایکیشی، کەیفیە حەسەن یەعقوبی، سەر بە عەشیرەتی "تهمیم"ی بوو.
سەردەمی منداڵیی بە قورسی بەڕێکرد؛ باوکی دارتاش بوو و نەیدەتوانی بژێوی خێزانەکەی دابین بکات، بۆیە لە ساڵی ١٩٢٢دا بڕیاری دا خێزانەکەی بگوازێتەوە بۆ شاری "سوێرە" (لە باشووری بەغدا).
دوای گەیشتنیان بەوێ، عەبدولکەریمی تەمەن ٧ ساڵان لەگەڵ باوکیدا لە کێڵگەی عەلی خاڵیدا دەستی بە کارکردن کرد. ئەمەش وایکرد لە تەمەنێکی بچووکەوە هەستێکی بەرزی بەرپرسیارێتی تێدا دروست بێت و هەوڵ بدات خێزانەکەی لە چنگی هەژاری ڕزگار بکات.
خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی سوێرە تەواو کرد و لە ساڵی ١٩٢٧ دەرچوو. پاشان چووە ئامادەیی مەرکەزی و سەرەڕای ئەوەی بەهۆی نەخۆشییەوە چەندین هەفتە لە جێگادا کەوت، بە سەرکەوتنێکی گەورەوە بڕوانامەی لە بەشی ئەدەبیدا بەدەست هێنا. دوای تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی، لە وەزارەتی مەعاریف (وەزارەتی پەروەردە) داواکاری دامەزراندنی پێشکەش کرد و لە ساڵی ١٩٣١ وەک مامۆستا لە قوتابخانەی شامیەی سەرەتایی دامەزرا.
عەبدولکەریم منداڵێکی گۆشەگیر بوو و حەزی بە تەنیایی دەکرد. "تالیب موشتاق"ی مامۆستای لەبارەیەوە دەڵێت: قوتابییەکی هێمن بوو، کاتی بێدەنگییەکەی لە گۆشەیەکی گۆشەگیردا بەڕێ دەکرد، ڕووخسارێکی غەمبار و گرژی هەبوو، جەستەیشی لاواز بوو.
عەبدوللەتیفی برایشی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو لە قوتابخانەدا تێکەڵی هاوڕێکانی نەدەبوو مەگەر لە بۆنە گشتییەکاندا نەبێت، هەروەها مرۆڤێکی زۆر ئارام بوو.
کاروانی سەربازیی
لە ساڵی ١٩٣٢دا، کاتێک سوپای عێراق پێویستی خۆی بە ئەفسەر ڕاگەیاند و دەرگای خۆبەشی بۆ هەموو چینەکانی کۆمەڵگا کردەوە، عەبدولکەریم لە یەکەم کەسەکان بوو کە ناوی تۆمار کرد و لە ١٥ی ئەیلوولی ١٩٣٢ بە فەرمی وەرگیرا.
لە ناو کۆلێژی سەربازیدا بە پابەندبوون و دڵسۆزییەکەی بۆ کارەکەی دەناسرا، نموونەی سەربازێکی باش بوو کە دەیوانی ئەرکەکانی بە باشترین شێوە جێبەجێ بکات. بەڵام سەرەڕای ئەوەش، هەر بە گۆشەگیری مایەوە، بۆیە هاوڕێکانی نازناوی "کەریم ئەبو جنیە"یان لێنا.
لەنێو کۆلێژەکەدا، لەگەڵ چەند قوتابییەکدا گرووپێکیان پێکهێنا و پەیمانیان دا کار بۆ بەرژەوەندی نیشتمان بکەن، لەوێوە چالاکییە سیاسییەکانی دەستی پێکرد و دەزگاکانی ڕژێمی ئەوکاتەی بە هۆکاری هەژاریی گەل تۆمەتبار دەکرد.
لە ١٥ی نیسانی ١٩٣٤ لە کۆلێژی سەربازی دەرچوو. لەو سەردەمەدا بە دژایەتیکردنی نەتەوەپەرستیی عەرەبی و لایەنگرانی دەناسرا، هەروەها دژی یەکێتیی عەرەبی بوو. لە ساڵی ١٩٣٨دا گەڕایەوە بۆ کۆلێژ و وەک فەرماندەی فەسيل (آمر فصيل) دەستبەکاربوو.
لە ١٢ی ئەیلوولی ١٩٣٩دا پلەکەی بەرزکرایەوە بۆ نەقیب، لەو ماوەیەدا لە تاقیکردنەوەی ئەفسەران لە زمانی ئینگلیزیدا سەرکەوتووانە دەرچوو. پاشان لە نێوان یەکە جیاوازەکانی سوپادا گوازرایەوە و بەشداری لە چەندین خولی سەربازیدا کرد و پلەی بەرزی بەدەست هێنا.
فەرماندەی لیوای سێیەم لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لە تشرینی یەکەمی ١٩٤٥دا لەبارەیەوە نووسیویەتی کە ئەفسەرێکی بەخشندە و دڵسۆزە؛ ئەمەش دوای ئەو پێکدادانە چەکدارییانە بوو کە لە نێوان حکومەتی عێراق و شۆڕشگێڕانی "بزووتنەوەی دووەمی بارزان"دا ڕووی دابوو، کە داوای حوکمی خۆبەڕێوەبەرییان بۆ کورد لە ناوچەی زێبار لە مووسڵ دەکرد.
هەر لەو ساڵەدا، فەرماندەی لیواکەی لەبارەیەوە وتی: ئەو دڵ نەرم و دەستپاکە، گوێ بە ماندوێتی دەروونی، جەستەیی و هزری نادات مادام بابەتەکە پەیوەندی بە ئەرکی نیشتمانییەوە هەبێت”.
ڕێکخراوی ئەفسەرانی ئازاد
قاسم لە ئەیلوولی ١٩٥٤دا پەیوەندی بە لیژنەی باڵای ڕێکخراوی ئەفسەرانی ئازادەوە کرد و بەشداری لە یەکەم کۆبوونەوەیاندا کرد لە ماڵی رائید "محەمەد سەبع". لەوێدا سوێندی خوارد کە هیچ ڕێکخراوێکی تری نییە، دوای ئەوەی بە پێچەوانەی ئەوەوە تۆمەتبار کرابوو.
هەندێک لە ئەفسەران لە بیرەوەرییەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو سەرکردایەتی ڕێکخراوێکی ئەفسەرانی ئازادی کردووە لە مەنسووریە، جگە لە "بلۆکی بەغدا" کە لەلایەن بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازیی لە بەغدا، ڕەفعەت حاج سری، دامەزرابوو، لیژنەی باڵای لێ ئاگادار نەکردبووەوە. بەڵام ئیسماعیل عاریف جەختی لەوە کردەوە کە ئەو خۆی بووە کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٥٤دا داوای لە قاسم کردووە پەیوەندی بە بزووتنەوەی ئەفسەرانی ئازادەوە بکات.
لە کۆبوونەوەی دووەمدا، قاسم لەگەڵ هاوڕێی نزیکی خۆی، عەبدولسەلام عارف، ئامادە بوو، ئەمەش ئەندامانی بزووتنەوەکەی ناچار کرد کە عەبدولسەلامیش لەناو خۆیاندا قبوڵ بکەن، ئەمەش وەک یەکەم سەرپێچیی مەرجە ڕێکخراوەییەکانی بزووتنەوەکە تەماشا کرا.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی "جادرية" کە لە ئابی ١٩٥٧دا سازکرا، زۆربەی ئەندامانی لیژنەی باڵا تێیدا بەشداربوون، جگە لە عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف کە بەهۆی جێگیربوونی یەکە سەربازییەکانیان لە دەرەوەی بەغدای پایتەخت ئامادە نەبوون.
کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی پرسی سەرکردایەتیکردنی ڕێکخراوەکە تەرخانکرا و بڕیاردرا عەبدولکەریم قاسم وەک سەرکردەی ڕێکخراوەکە دەستنیشان بکرێت، چونکە لە ڕووی پلەی سەربازییەوە کۆنترین ئەندامی لیژنەکە بوو. هەروەها بنەمای "یەک دەنگ بۆ هەر ئەندامێک" لە بڕیارداندا پەسەندکرا، لەگەڵ دەستنیشانکردنی دوو جێگر بۆ هاوکاریکردنی لە ئەرکەکانیدا.
لە ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨دا، ئەفسەرانی ئازاد دژی ڕژێمی پاشایەتیی هاشمی ڕاپەڕین و هەڵیانکوتایە سەر کۆشکی ڕێحاب لە بەغدا و کۆتاییان بە خێزانی شاهانە هێنا و چەند ئەندامێکیان کوشت. لە هەمان ڕۆژدا لە ڕێگەی ڕادیۆی نیشتمانییەوە ڕووخانی حوکمی پاشایەتی و دامەزراندنی کۆماری عێراقیان ڕاگەیاند.
"شۆڕشی ڕاستکردنەوە"
دوای بەدیهاتنی ئامانجە ڕاگەیەندراوەکە کە "ڕزگارکردنی عێراق بوو لە چنگی مەلیک فەیسەڵ"، ڕێکخراوی ئەفسەرانی ئازاد هەڵوەشایەوە و تەنها هاوڕێیەتی وەک تاکە پەیوەندی لە نێوان ئەفسەرەکاندا مایەوە.
لەو ماوەیەدا، چەند کەسایەتییەک دەرکەوتن کە پۆستی سیاسیی گرنگیان لە دەوڵەتدا وەرگرت سەرەڕای ئەوەی بەشدارییان لە شۆڕشی تەممووزدا نەکردبوو.
ئەمەش بووە هۆی نائومێدی و ناڕەزایەتی ئەفسەران، بەتایبەت بەهۆی دوورخستنەوەی زۆربەی ئەو ئەفسەرانەی کە ڕۆڵی سەرەکییان لە شۆڕشەکەدا هەبوو. ئەم دۆخە وایکرد ئەفسەرەکان جارێکی تر لە دەوری بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازیی، ڕەفعەت حاج سری، کۆببنەوە و داوای سەرلەنوێ پێکهێنانەوەی بزووتنەوەی ئەفسەرانی ئازاد بکەن.
دوای دوورخستنەوەی عەبدولسەلام عارف لە گۆڕەپانی سیاسی و زیندانیکردنی، عەبدولکەریم قاسم دەسەڵاتی قۆرخ کرد و بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانی (کە هەندێکیان شیوعی بوون) بووە سەرۆک .
هاوپەیمانەکانی بە دژایەتیکردنی توندی نەتەوەپەرستیی عەرەبی و سەرکردەکانی دەناسران. هەروەها تۆمەت ئاڕاستەی هەندێک لە ئەندامانی سەر بەو ڕەوتە هاوپەیمانە کرا بەوەی کە سوکایەتییان بە ئایین کردووە، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی کتێبی ماددییەوە کە بە شێوازێک باسی زاتی خوایی و پێغەمبەری پیرۆزیان ﷺ دەکرد کە بە سوکایەتیکردن بە مێژووی ئیسلامی دادەنرا.
ئەم ڕەفتارانە پەرەی سەند تا گەیشتە ئاستی هێرشکردنە سەر نوێژخوێنان لە ناو مزگەوتەکاندا، لەوانەش هاوێشتنی سەرگینی ئاژەڵان بەسەریاندا لە کاتی نوێژدا، لەگەڵ هەڕەشەکردن و لێدانیان.
تا ساڵی ١٩٥٩، ئەفسەرە نەتەوەپەرستەکانی بزووتنەوەکە لەژێر سەرکردایەتی بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی لە بەغدا و فەرماندەی فیرقەی دوو، نازم تەبەقجەلی، لە کەرکووک کۆبوونەوە و دژی حوکمی عەبدولکەریم قاسم وەستانەوە.
دواتر ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەرانی نەتەوەپەرست پەیوەندییان بە بزووتنەوەکەیانەوە کرد، و ئەفسەرە ڕاپەڕیوەکان بزووتنەوەکەیان لە مووسڵ لە باکووری ڕۆژئاوای عێراق، بە سەرکردایەتی ڕائیدی ڕوکن مەحموود عەزیز، بە ئامانجێک کە خۆیان پێیان دەوت "ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی شۆڕشی تەممووز" سەرلەنوێ ڕێکخستەوە.
کودەتای شوباتی ١٩٦٣
لە ٨ی شوباتی ١٩٦٣دا، حزبی بەعسی عەرەبی بە هاوکاری لەگەڵ ئەفسەرە نەتەوەپەرستەکاندا، کودەتایەکی سەربازییان بۆ ڕووخاندنی عەبدولکەریم قاسم ئەنجامدا. ئەمەش لە ئەنجامی زیادبوونی گرژییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و ڕەتکردنەوەی قاسم بوو بۆ چوونە ناو پڕۆژە نەتەوەییە عەرەبییەکانەوە، وەک یەکێتی لەگەڵ میسر و سووریا.
لە بەیانی ٩ی شوباتی ١٩٦٣دا، یەک ڕۆژ دوای کودەتایەکە، عەبدولکەریم قاسم لە بینای وەزارەتی بەرگریی لە بەغدا خۆی حەشاردا. دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت لە نێوان ئەو و کودەتاچییەکاندا کە تا نیوەڕۆی ڕۆژی دواتر بەردەوام بوو، کودەتاچییەکان توانییان کۆنترۆڵی بیناکە بکەن و سەرۆک و چەند هاوکارێکی دەستگیربکەن.
دەستگیرکراوەکان بۆ هۆڵی گەل (قاعة الشعب) گوازرانەوە. لەو کاتەدا، عەبدولکەریم قاسم پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ جێگرەکەی پێشووی، عەبدولسەلام عارف، ئەنجامدا و داوای لێکرد دانوستانی لەگەڵ بکەن یان ڕێگەی پێبدەن عێراق بەجێبهێڵێت، بەڵام عارف نکۆڵی لە پەیوەندی خۆی بە کودەتایەکەوە کرد و ڕایگەیاند کە ناتوانێت داواکارییەکانی جێبەجێ بکات.
لەسێدارەدان
عەبدولکەریم قاسم خۆی ڕادەست کرد و گوازرایەوە بۆ تەلەفزیۆن و ڕادیۆی فەرمی، لەوێ دادگاییکردنێکی ڕووکەشی بۆ ڕێکخرا. لە ئەنجامدا بڕیاری لەسێدارەدانی بە فیشەک بەسەردا سەپێندرا و لە ٩ی شوباتی ١٩٦٣دا حوکمەکە جێبەجێ کرا.