زەیدی لە نێوان واشنتۆن و تاراندا؛ تاقیکردنەوەی کۆنترۆڵکردنی چەک و ڕاکێشانی وەبەرهێنان

١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٤٣ پاش نیوەڕۆ

 زەیدی لە نێوان واشنتۆن و تاراندا؛ تاقیکردنەوەی کۆنترۆڵکردنی چەک و ڕاکێشانی وەبەرهێنان

پەنجەرە

لە یەکەم گەشتی دەرەوەیدا لە دوای وەرگرتنی سەرۆکایەتی حکومەت، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە واشنتۆن، لە کاتێکدا کارنامەیەکی پێیە کە لە ڕواڵەتدا ئابوورییە، بەڵام کارنامەکە حەشاردەری هەستیارترین دۆسیەی ناو جانتاکەی زەیدییە.

دیداری چاوەڕوانکراوی نێوان زەیدی و ترەمپ تەنها بۆ تاوتوێکردنی گرژییەکانی ناوچەکە و ئەگەری داخستنەوەی درێژخایەنی هورمز نییە، بەڵکو کرۆکی دانیشتنەکە گفتووگۆیە لەسەر چۆنیەتی لاوازکردنی هەژموونی تاران.

زەیدی لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی «واشنتۆن پۆست» بڵاوکراوەتەوە، نووسیویەتی کە ئامانجی گواستنەوەیە لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکانەوە بۆ دروستکردنی دەرفەتەکان.

جەختیشی کردووەتەوە کە عێراق دەیەوێت ببێتە هاوبەشێکی ئابووریی، نەک تەنها دۆسیەیەکی ئەمنی بێت لە سیاسەتی ئەمریکادا.

زەیدی دیدارەکانی بە کۆبوونەوەیەکی داخراو لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە شوێنی مانەوەی شاندی عێراقی دەستپێکرد. 

کۆبوونەوەکە وەک دانیشتنێکی سەرەتایی دەردەکەوت بۆ داڕشتنی کارنامەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ، و تاوتوێکردنی دۆسیەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، لەگەڵ کۆتایهێنان بە  گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەت و سنووردارکردنی هەژموونی ئێران، هەروەها داهاتووی بوونی سەربازیی ئەمریکا دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ٣٠ی ئەیلوولدا.

ئەولەویەتەکانی بەغداد

زەیدی دەیەوێت حکومەتەکەی وەک حکومەتی چاکسازیی ئابووری بناسێنێت، ئەمەش لە پێکهاتەی شاندی عێراقیدا ڕەنگی داوەتەوە کە ٢٧ وەزیر و بەرپرسی باڵا لەخۆدەگرێت، لەوانە وەزیرانی نەوت، کارەبا، بازرگانی، دەرەوە، پارێزگاری بانکی ناوەندی و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، لەگەڵ ژمارەیەک بازرگان.

وتەبێژی حکومەتی عێراق، حەیدەر عەبوودی، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە دۆسیەی نەوت بەشێکی گرنگی گفتوگۆکان پێکدەهێنێت، بۆ گەڕان بەدوای دەروازەی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ دوورکەوتنەوە لە زیانەکانی هەر داخستنێکی گەرووی هورمز.
 نزیکەی ٩٠٪ی هەناردەی نەوتی عێراق کە ڕۆژانە ٣.٤ ملیۆن بەرمیلە، بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت.
 
پێشتر سەرۆک وەزیران ڕایگەیاندبوو کە عێراق هەوڵ دەدات لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بگەیەنێتە ٧ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
بەرپرسانی عێراقی ئاماژەیان بەوە کردووە کە پەیامی سەرەکیی شاندەکە بریتییە لە قەناعەتپێکردنی وەبەرهێنەری ئەمریکی بەوەی کە عێراق بەدوای هاوبەشیی درێژخایەندا دەگەڕێت لە بوارەکانی وزە، ئابووریی دیجیتاڵی، ژیریی دەستکرد و ژێرخاندا. 

بەڵام واشنتۆن لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە سەیری ئەم کارنامە ئابوورییە دەکات؛ ئەو پێیوایە سەرکەوتنی هەر وەبەرهێنانێکی ئەمریکی سەرەتا پێویستی بە ژینگەیەکی ئەمنیی سەقامگیر هەیە کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان هان بدات بێنە عێراقەوە؛ ئەمەش دۆسیەی گروپە چەکدارەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ پێشەنگی گفتوگۆکان.

ئەوەی ترەمپ دەیەوێت

هەرچەندە خشتەی سەردانەکە بە فەرمی سەرنجی لەسەر ئابووری و وەبەرهێنانە، بەڵام دۆسیە ئەمنییەکان بەشێوەی چڕتر لەسەر مێزی کۆشكی سپی ئامادە دەبن.

ئەولەویەتەکانی ئیدارەی ترەمپ لە سێ دۆسیەی سەرەکیدا کورت دەبنەوە:
1. دەستەبەرکردنی قۆرخکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە.
2. کۆتایهێنان بە هەژموونی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران.
3. ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک سەکۆیەک بۆ بەئامانجگرتنی هێزەکان یان بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، و دروستکردنی هاوبەشییەکی ئابووری کە پێگەیەکی پێشەنگ بدات بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە پڕۆژەکانی نەوت، وزە و ژێرخاندا.

واشنتۆن پێیوایە سەرکەوتنی حکومەتەکەی زەیدی لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی سەبارەت بە سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، دەبێتە تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی پەیوەندییە نوێیەکەی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکادا.
لای خۆیەوە، زەیدی هەوڵ دەدات ئیدارەی ئەمریکا قایل بکات کە حکومەتەکەی لە ماوەی کەمتر لە شەست ڕۆژدا پێشکەوتنی خێرای بەدەستهێناوە، چ لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی یان لە تێکەڵکردنی هەندێک لە گروپە چەکدارەکان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بەڵام دەزانێت کە واشنتۆن سەرکەوتنەکانی بەپێی ئاستی توانای لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گروپانەی کە توندترین پێوەندییان بە تارانەوە هەیە دەپێوێت، و داوا لە واشنتۆن دەکات پشتیوانی هەواڵگریی، تەکنیکی و سەربازی پێشکەش بە حکومەتەکەی بکات.
 هەڵوێستی ئەم گروپە چەکدارانە چەند ڕۆژێک پێش سەردانەکە ئەرکەکەی ئاڵۆزتر کرد، چونکە ئەو گروپەی خۆی بە «بەرگریی ئیسلامی لە عێراق» ناودەبات، ڕەتیکردەوە چەکەکانی ڕادەست بکات و کۆمەڵێک مەرجی سیاسی دانا، و هۆشداری دا لە گۆڕینی داگیرکاریی سەربازی بە داگیرکاریی ئابووری لە ڕێگەی کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە.

هەروەها ڕێبەری «کەتائیبی حزبوڵڵا» ئەبو حسێن حەمیداوی، تۆنی لێدوانەکانی توندتر کردەوە و داوای لە حکومەت کرد کە -بە وتەی خۆی- "ملکەچی ئیرادەی بەرگری بێت"، و جەختی لەسەر بەردەوامیی پەیوەندیی گروپەکەی بە تەوەرەی ئێرانییەوە کردەوە.
واشنتۆن تێدەگات کە ئەم هەڵوێستانە تەنها حکومەتی عێراق ناکەنە ئامانج، بەڵکو پەیامێکی ڕاستەوخۆشن بۆ ئیدارەی ترەمپ کە کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران لە ناوخۆی عێراقدا ئەرکێکی ئاسان نابێت.

لە نێوان واشنتۆن و تاراندا

زەیدی خۆی لەبەردەم هاوکێشەیەکی ئاڵۆزدا دەبینێتەوە؛ ئەو دەیەوێت پەیوەندییەکی ستراتیژی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بنیاد بنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ناتوانێت بچێتە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا، کە هێشتا خاوەنی هەژموونێکی بەرفراوانی سیاسی و ئەمنییە لە ناوخۆی عێراقدا. هەر بۆیە لە زیاتر لە بۆنەیەکدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە عێراق «ناچێتە پاڵ هیچ بەرەیەک» و بەغداد هەوڵ دەدات ڕۆڵی نێوەندگیر لە نێوان واشنتۆن و تاراندا بگێڕێت، نەک ببێتە بەشێک لە ململانێی نێوانیان.
زەیدی هەوڵ دەدات ئیدارەی ئەمریکا قایل بکات کە کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران ناتوانرێت لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆوە ئەنجام بدرێت، بەڵکو لە ڕێگەی بنیادنانی دەوڵەتێکی بەهێز و ئابوورییەکی خاوەن توانای لەخۆگرتنی هێزە جیاوازەکان لە ناو سیستمی سیاسیدا دەبێت. 

هەر بۆیە، بەغداد گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە ئابووری دەبێتە واقیعیترین دەروازە بۆ سەرلەنوێ بنیادنانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆندا.
لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی «واشنتۆن پۆست» بڵاوکراوەتەوە، جەنەڕاڵی خانەنشینکراوی ئەمریکی دەیڤد پێترایۆس، فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئاماژەی بەوە کردووە کە عێراق لەبەردەم «ساتەوەختێکی مێژوویی دەگمەن»دا وەستاوە کە ڕەنگە دەرفەتی پێبدات دەوڵەت سەرلەنوێ بنیاد بنێتەوە دوای چەندین دەیە لە دیکتاتۆری، شەڕ، تیرۆر و دەستوەردانی دەرەکی، و سەردانی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی بۆ واشنتۆن بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ چەسپاندنی هاوبەشییەکی نوێ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا.
پێترایۆس پێیوایە سەرکەوتنی عێراق بەندە بە توانای حکومەت بۆ هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی گەندەڵی و میلیشیاکان، قۆرخکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، بەهێزکردنی سەروەریی یاسا، و فرەچەشنکردنی هاوبەشییە ئابوورییەکان بە دوور لە پشتبەستنی لەڕادەبەدەر بە هەر لایەنێکی دەرەکی، بەتایبەتی ئێران.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو