بێباکی حکومەت یان لاوازیی سوپا؟ چۆن عێراق سەروەریی لەدەستدا؟
١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٤٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هۆکاری پێشێلکردنی سەروەریی عێراق بۆ لاوازیی سوپای عێراق لەڕووی چەک و تەقەمەنییەوە دەگێڕێتەوە.
یاسر وتوت، رایگەیاند لاوازی عێراق بۆ پاراستنی سەروەریی ولات لەڕووی وشکانی، دەریایی و ئاسمانییەوە لەکاتێکدایە، حکومەتی ئێستا و حکومەتەکانی پێشوو بێباک و کەمتەرخەمبوون لە دابینکردنی سیستەم و چەک و تەقەمەنی هاوچەرخ و پێشکەوتوو بۆ سوپای عێراق.
ناوبراو وتی: بەزاندنی ئاسمانیی عێراق بووەتە کارێکی ئاسایی، بەتایبەت ئەو پێشێلکارییانەی لە کاتی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ڕوویاندا و ئێستاش ڕوودەدەن، بە جۆرێک کایەی ئاسمانیی ئێمە ڕۆژانە و بەردەوام پێشێل دەکرێت، بێ ئەوەی هیچ چەکێکی پێشکەوتوو و هاوچەرخمان هەبێت کە بتوانێت ڕووبەڕووی ئەو پێشێلکارییانە ببێتەوە، سەرچاوەکەی هەر لایەنێک بێت."
هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزە وشکانی، ئاسمانی و دەریاییەکانی عێراق گیرۆدەی نەبوونی ئەو کەرەستە و پێداویستییە پێویستانەن کە بتوانن بەرپەرچی سەرپێچی و پێشێلکارییە بەردەوامەکانی سەر کایەی ئاسمانی و ئاوە هەرێمییەکانمان بدەنەوە.
وتی: "هێشتا بوونی سەربازیی تورکیا لە ناوچە جیاوازەکانی ناو خاکی عێراق بەردەوامە، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەوان دڵنیان لە لاوازیی توانای سەربازیی ئێمە."