لەماڵی ئەفسەرێکدا دەست بەسەر ملیارەها دیناردا گیرا
١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٤٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار ڕایگەیاند، لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵی ئەفسەرێک لە ناوەڕاستی شاری رومادی، دەست بەسەر بڕە پارەیەکی خەیاڵیدا گیراوە.
سەرچاوەکە وتی: هێزێکی ئەمنی، بەپێی فەرمانی دادوەر، چوونەتە سەر ماڵی ئەفسەرێک لە ناوچەی (شەقامی ٢٠) لە ناوەڕاستی شاری ڕومادی، ئەمەش لەسەر پاشخانی تۆمەتبارکردنی بە تێوەگلان لە دۆسیەکانی گەندەڵی و بەکارهێنانی پۆستەکەی بۆ بەدەستهێنانی بڕە پارەیەکی زۆر.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، هێزە ئەمنییەکە دوای گەمارۆدانی ناوچەکە و داخستنی سەرجەم ڕێگاکان، لە ناو ماڵی ئەفسەرەکەدا دەستیان بەسەر ملیارەها دیناری حەشاردراودا گرتووە.
دەشڵێت: سەرجەم پارە دەستبەسەرداگیراوەکە گوازراوەتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە شاری بەغدا.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، گومان دەکرێت ئەفسەرەکە خاوەنی نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو بێت و ئەو پارانەش پەیوەندییان بەو چالاکییە داراییانەیەوە هەبێت.