سکاڵاکەی نەوەی نوێ؛ کێ گەورەترین کوتلەی پەرلەمانە؟
١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٤٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەنجەرەی ڕاگەیاند؛ بەشێک لەو سکاڵایەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە دادگای فیدراڵی عێراق تۆماریکردووە، پەیوەستە بە یەکلاییکردنەوەی چەمکی "گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی" بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بەپێی سەرچاوەکە، داوا لە دادگای فیدراڵی کراوە پێناسەی یاسایی بۆ "گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی" بکات و لایەنی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت یەکلایی بکاتەوە.
لەسکاڵاکەدا داوا کراوە دیاریبکرێت کە ئایا گەورەترین کوتلە ئەو قەوارەیەیە کە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا زۆرترین کورسی بەدەستهێناوە، یان ئەو هاوپەیمانێتییە نوێیەیە کە دوای هەڵبژاردن لەنێوان چەند هێزێکدا پێکدێت و زۆرترین کورسی کۆدەکاتەوە.