تاڵانی لەژێر سێبەری جەنگدا؛ عەدنان جومەیلی چۆن ئەو هەموو سامانەی پێکەوەنا؟
١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٥٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ڕۆژانە لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە، ڕای گشتی دەبێتە بیسەر و بینەری دەستبەسەرداگرتنی بڕی خەیاڵی لە ملیارەها دینار، ملیۆنان دۆلار و بڕێکی زۆر لە زێڕ و زیوی پەیوەندیدار بە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن.
ئەم سامانە زەبەلاحەی کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەناو حەشارگە جیاوازەکاندا دەدۆزرێتەوە، پرسیارێکی جەوهەری لای شەقام دروستکردووە: جومەیلی ئەم هەموو سامانەی چۆن و لەکوێوە کۆکردووەتەوە؟
پەنجەرە لە ڕێگەی بەدواداچوونێکی تایبەتەوە، زانیاریی گرنگی لەمبارەیەوە دەستخستووە. بەپێی بەدواداچوونەکان، جومەیلی زۆربەی هەرە زۆری ئەم سامانەی لە دوای ساڵی ٢٠١٤وە پێکەوە ناوە؛ ڕێک لەو سەردەمەی کە ڕێکخراوی داع،ش ناوچە سوننەنیشینەکانی کۆنترۆڵکرد و زیانێکی زۆری بە ژمارەیەک پاڵاوگە و بیرە نەوتییەکانی ئەو ناوچانە گەیاند.
تەندەرە خەیاڵییەکانی نۆژەنکردنەوە
جومەیلی ئەم دۆخە نالەبارەی وڵاتی بۆ بەرژەوەندیی خۆی قۆستووەتەوە؛ بە جۆرێک زۆربەی تەندەرەکانی نۆژەنکردنەوەی بیرە نەوتییەکان، پاڵاوگەکان و پڕۆژەکانی تری کەرتی نەوتی بەخشیوەتە ئەو کۆمپانیایانەی کە پێشوەختە هاوئاهەنگی و ڕێککەوتنی لەگەڵیاندا هەبووە.
بۆ نموونە، ئەگەر نۆژەنکردنەوەی پاڵاوگەیەک تەنیا پێویستی بە ملیۆنێک دۆلار بووبێت، ئەو دە هێندە (١٠ ملیۆن دۆلار)ی بۆ تەرخانکردووە! لەو بڕە پارەیەش، بەشێکی شایستەی بۆ خۆی و ئەو حزب و بەرپرسە باڵایانە بووە کە پشتگیریی سیاسی و لۆبییان بۆ کردووە.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانانەش، سیستمی کۆمپانیا وەهمییەکان بەکارهێنراوە. بەشێکی زۆر لەو کۆمپانیایانەی کارەکانیان وەرگرتووە، لە بنەڕەتدا بوونی ڕاستەقینە یان کاریان نەوت نەبووە، یاخود هەر لەسەر داوای جومەیلی و تەنیا بۆ ڕاییکردنی ئیشوکارەکانی بواری نەوت و ڕاکێشانی زۆرترین بودجە و پارەی تەرخانکراو دروستکراون.
نازناوە گشتییەکان؛ فێڵێک بۆ ونبوونی ناسنامە
تۆڕی گەندەڵییەکە تەنیا لە جومەیلی خۆیدا چڕ نەبووەتەوە، بەڵکو بازرگانی تریشی تێدا گلاوە. بەشێک لەو بازرگانانەی دەستیان لەگەڵ "زەیدی"دا تێکەڵ کردووە، نازناوی گشتییان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی ناسنامەی ڕاستەقینەیان بشارنەوە و نەناسرێنەوە.
وەک نموونەیەک لەناو دۆسیەکەدا، سێ تۆمەتباری کورد هەن کە لەبری بەکارهێنانی نازناوی خێزانی یان عەشیرەتیی خۆیان، نازناوی گشتیی “الکردی”یان بەکارهێناوە، ئەمەش وەک تاکتیکێک بۆ ئەوەی پڕۆسەی بەدواداچوون و ناسینەوەیان لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە قورستر و ئاڵۆزتر بێت.