ڕاپۆرتێکی بەریتانی: عێراق پێ دەنێتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە لە ڕاماڵینی گەندەڵیدا

١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٥١ پاش نیوەڕۆ

ڕاپۆرتێکی بەریتانی: عێراق پێ دەنێتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە لە ڕاماڵینی گەندەڵیدا

پەنجەرە

توێژینەوەیەکی نوێی بەریتانی، پەردەی هەڵماڵیووە لەسەر ئەوەی کە شەڕی دژ بە گەندەڵی لە عێراقدا “چووەتە وەرچەرخانێکی بنەڕەتی و یەکلاکەرەوەوە، کە بەهۆی گوشارە نێودەوڵەتییەکان و بەهێزبوونی نیگەرانییە ناوچەییەکانەوە پاڵنەری بۆ دروست بووە”. ئەمەش وایکردووە بابەتەکە تەنها لە کارتی ململانێی هەڵبژاردن یان پاکتاوکردنی حساباتی ناوخۆییەوە، بگۆڕێت بۆ “پێویستییەکی ستراتیژیی فرە لایەن” کە هەماهەنگییەکی بەهێز لە نێوان هەردوو دەسەڵاتی دادوەریی و جێبەجێکردندا بەخۆیەوە دەبینێت.

سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی گەشەپێدان، کە بنکەکەی لە لەندەنە، لە ڕاپۆرتێکی ستراتیژیی تێروتەسەلدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم گۆڕانکارییە بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ هەستکردنی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان بەو هەڕەشە بوونیاتییەی کە تۆڕەکانی گەندەڵی و لێشاوی دارایی نایاسایی قاچاخکراو لە عێراقەوە دروستی دەکەن لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جگە لەوەی پەکخستنی تواناکانی ئەم وڵاتە دەوڵەمەندە بە نەوت و دەرفەتەکانی پەیوەستبوونی ناوچەیی و خزمەتگوزارییەکانی لێدەکەوێتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەم ئاراستەیە گوزارشت لە هەوڵێکی جدیی بەغدا دەکات بۆ ناردنی «ئاماژەی دڵنیایی ڕوون» بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان، بەوەی چەتری یاسایی بەهێز هەیە کە گرێبەستەکان و دەرفەتە گەورەکانی وەبەرهێنان دەپارێزێت، بەدوور لە هەڵبەز و دابەزی دۆخی سیاسی و ململانێ تائیفییەکان.

ملیۆنان دۆلار

لە کاتێکدا کە ڕێڕەوی دادوەری شانبەشانی جوڵەی حکومەت دەڕوات کە لەلایەن حکومەتی سەرۆک وەزیرانی ئێستا، عەلی زەیدی، لە ڕێگەی کەمپەینی ئەمنی و چاودێریی «بەرەبەیانی سپی» بەڕێوەدەچێت.

یەکەم گورزەکانی ئەم هەڵمەتە، تۆڕە ئاڵۆزەکانی گەندەڵییان کردە ئامانج کە کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکان، گومرگ، کەرتی وزە و باجەکانیان کردبوو، ئەمەش ئەنجامی خێرای لێکەوتەوە کە خۆی لە گەڕاندنەوە و بلۆککردنی داراییەکدا بینییەوە کە بەهاکەی سەدان ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند و دەستبەجێ گەڕێندرانەوە بۆ گەنجینەی گشتیی دەوڵەت.

هەڵمەتی «بەرەبەیانی سپی» بە فراوانترین پرۆسەی جێبەجێکردن دادەنرێت کە بەغدا دەستیپێکردبێت بە مەبەستی لێدانی جومگەکانی گەندەڵی لەو شوێنانەی کە قووڵترین چوونەناو و هەستیارییان هەیە. ئەم پرۆسەیە بەرجەستەکردنی «دوانەیی (جێبەجێکردن-دادوەرییە)»یە، بە شێوەیەک کە دەسەڵاتی دادوەری چەتر و فەرمانی دەستگیرکردنی دەستبەجێ دەداتە تیمەکانی لێکۆڵینەوە و دەزگا ئەمنییەکان بۆ هەڵکوتانە سەر تۆڕەکانی یاریکردن بە پارە لە دەروازە سنوورییەکان و گومرگەکاندا؛ ئەو جومگانەی کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە هەمیشە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی پشکپشکێنەی حزبی و گرووپە چەکدارەکانەوە.

لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، دادگای کەرخ ڕۆژی پێنجشەممە دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی ٢٠ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی و ٤ کیلۆگرام زێڕی ڕاگەیاند؛ کە زۆربەیان لەناو دیواری ئەو خانووانەدا حەشاردرابوون کە سەر بە تۆمەتباری دەستبەسەرکراو (عەدنان جومەیلی) بوون، کە بریکاری وەزارەتی نەوت بوو بۆ کاروباری پاڵاوتن.

گەمارۆی دارایی

سەنتەری نێودەوڵەتی، ئاماژەی بە هەوڵی جدیی بەغدا کردووە بۆ سەپاندنی «گەمارۆیەکی یاسایی دەرەکی» بەسەر پارە قاچاخکراوەکاندا، ئەمەش لە ڕێگەی کاراکردنی کەناڵەکانی ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریی دارایی لەگەڵ هاوبەشە ڕۆژئاواییەکان، و بەهێزکردنی میکانیزمەکانی ڕادەستکردنەوەی داواکراوە هەڵاتووەکان کە تۆمەتبارن بە تاڵانکردنی سامانی گشتی و پایتەختەکانی ئەوروپایان کردووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ خۆیان.

ڕاپۆرتەکە بەوە کۆتایی هاتووە کە ئەو چاکسازییە پێکهاتەییە بەردەوامانە، کە پشتگیری دەکرێن لە ڕێگەی گۆڕانی گشتگیر بەرەو حوکمڕانیی ئەلیکترۆنی و بەدیجیتاڵکردنی مامەڵەکان، دەبنە هۆی باشترکردنی ڕیزبەندیی متمانەی دارایی سیادیی عێراق لەلایەن ئاژانسە گەورەکانی وەک «فیتچ»، «موودیز»، و «سندوقی دراوی نێودەوڵەتی»، سەرەڕای ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئابووریی سەقامگیر و سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنانی فرە سنوور.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو