موفتی بەرمیلەکان: لەکۆشکی کۆمارییەوە بۆ پشت شیشەکانی زیندان

١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٥٥ پاش نیوەڕۆ

موفتی بەرمیلەکان: لەکۆشکی کۆمارییەوە بۆ پشت شیشەکانی زیندان

پەنجەرە

بەهۆی پشتگیریکردنی لە کوشتوبڕ کردنی خەڵکی سوریا لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە، نازناوی “موفتی بەرمیلەکان” لە ئەحمەد حەسون موفتی پێشووی سوریا نرا. 
ئەو رۆژگارێک لەتەنیشت بەشار ئەسەدەوە نوێژی دەکرد و بەرگریکارێکی سەرسەختی رژێمەکەی بوو، بەڵام ئێستا بەتۆمەتی هاندان بۆ شەڕکردن دژی شۆڕشگێڕان و بەرگریکردنی لە بەکارهێنانی بەرمیلە تەقەمەنییەکان، لە پشت شیشەکانی زیندانە و دادگایی دەکرێت.

موفتی بەرمیلەکان کێیە؟

ئەحمەد بەدرەدین محەممەد حەسۆن لە 25ی نیسانی 1949 لە شاری حەلەبی سووریا لەدایکبووە. لەژێر چاودێریی باوکی، شێخ محەممەد ئەدیب حەسۆن گەورە بووە، کە تەواوی ژیانی بە ڕێنمایی ئایینی و وانەوتنەوەوە بەسەر بردبوو.

حەسون لە زانکۆی ئەزهەر بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەدەبی عەرەبیدا بەدەستهێنا، هەر لەوێ خوێندنی باڵای تەواوکرد و دکتۆرای لە فیقهی شافعیدا بەدەستهێنا.
زانکۆی ئیسلامیی حکومیی سونان کالیجاکا لە ئەندەنوسیا، دکتۆرای فەخری پێبەخشی لەبەرامبەر ئەو وتارەی کە لە ساڵی 2008دا لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپادا پێشکەشی کردبوو.

حەسون خۆی بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی سووریا کاندید کرد و لە ساڵی 1990دا بە زۆرینەی دەنگ سەرکەوت، و تا خولی دووەمی پەرلەمان لە ساڵی 1998 لە پۆستەکەیدا بەردەوام بوو.

حەسون موفتی حەلەبی لە نێوان ساڵانی 2002 و 2005دا وەرگرت، لە هەمان ماوەشدا ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فەتوا بوو لە نێوان ساڵانی 2002 و 2005.

لە دوای کۆچی دوایی موفتیی سووریا ئەحمەد کفتارۆ، حەسون لە ساڵی 2005دا وەک جێگرەوەی ئەو بە موفتیی گشتی دەستنیشانکرا، و بووە ئەندام لە کۆمەڵەی جیهانیی لێکنزیککردنەوەی مه‌زهه‌به‌ ئیسلامییه‌کان لە ئێران، و دامەزراوەی شاهانەی ئالولبەیتی فیکری ئیسلامی لە ئوردن.

لە چالاکیی "ساڵی گفتوگۆی کولتوورەکان" لە پەرلەمانی ئەوروپا لە ساڵی 2008دا بەشداریکرد، و لە ساڵی 2014دا "خەڵاتی ئاشتی" لە دامەزراوەی دۆچیی ئیتالی وەرگرت.

شۆڕشی سوریا

حەسون لە ماوەی وەرگرتنی پۆستی موفتیی گشتی سوریا، بە هەڵوێستە لایەنگرەکانی بۆ ڕژێمی سوریا و ئەسەد و قۆستنەوەی بۆنە ئاینییەکان بۆ پشتگیریکردن، بانگەشەکردن و پیاهەڵدانی بەسەریاندا دەناسرا.

لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی سووریادا، حەسون لایەنگریی دەسەڵاتی ڕژێمی کرد و شۆڕش و جووڵانەوە جەماوەرییەکەی بە "پیلانگێڕییەک دژی ئاسایشی سوریا کە تیرۆریستان لە پشتییەوەن" وەسفکرد. 
لە بەرامبەردا نەیارانی ڕژێم ناویان نا "موفتیی بەرمیلەکان" دوای ئەوەی داوای لە ڕژێمی سووریا کردبوو ئۆپۆزسیۆن لەو گەڕەکانەی کۆنترۆڵیان کردبوون قڕ بکات.
هەروەها حەسۆن لە چەندین چاوپێکەوتن و بۆنەدا هێرشی کردە سەر پەنابەرانی سوری و بە خزمەتکار و کرێکاری وڵاتانی ڕۆژاوا کە پەنایان بۆ بردبوون وەسفی کردن.

لە پرسەی هونەرمەند سەباح فەخری لە شاری حەلەب، حەسون بانگەشەی ئەوەیکرد کە نەخشەی سوریا لە قورئانی پیرۆزدا لە سوورەتی (التین)دا هاتووە، و پرسیاری کرد: "نەخشەی سوریا لە کوێی قورئانی پیرۆزدایە؟ لە سوورەتێکدا هەیە کە زۆر لە نوێژەکانماندا دەیخوێنینەوە، ئەویش: (والتين والزيتون ﴿١﴾ وطور سينين ﴿٢﴾ وهذا البلد الأمين ﴿٣﴾ لقد خلقنا الإنسان في أحسن تقويم)".

وتیشی: "مەبەست لەوەیە مرۆڤمان لەم وڵاتەدا لە جوانترین شێوەدا دروستکردووە، ئەگەر جێی بهێڵێت دەینێرینەوە بۆ نزمترین پلەی نزمەکان (أسفل سافلين)"، مەبەستی لەمەش ئەو پەنابەرانە بوو کە لە دەرەوەی سوریان. 

لە درێژەدا وتی: "پاشان (خودا) تەواوی دەکات بە: (إلا الذين آمنوا وعملوا الصالحات) واتە لەم خاکەدا، (فلهم أجر غير ممنون) واتە ئەوانەی لە سوریا مانەوە". مەبەستی حەسون لەم لێدوانانەدا نەیاران و پەنابەران بوو، و ڕووی دەمی لێکردن و وتی: "بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەتان، لە دەرەوە کەسێک نادۆزنەوە نوێژتان لەسەر بکات".

حەسون پاساوی بۆ بۆردومانکردنی مەدەنییەکان لە حەلەب لەلایەن ڕژێمی سوریاوە هێنایەوە و ئۆپەراسیۆنەکانی ڕژێمی بە "ڕزگارکردن" وەسف کرد. پاڵپشتی خۆی بۆ بوونی ڕووسیا و ئێران لە سووریا دەربڕی و وتی: "ئێرانی و ڕووسی وەک داگیرکەر نەهاتوون، بەڵکو وەک یارمەتیدەر و هاوکار هاتوون". هەروەها شەڕکردن دژی سوپای سووریای حەرام کرد و چوونە ناو سوپای بە ئەرکێکی شەرعی دانا.

لە ساڵی 2016دا، حەسون لە چوارچێوەی شاندێکی ئایینیدا سەردانی پەرلەمانی ئێرلەندای کرد و لەبەردەم لیژنەی کاروباری دەرەوەدا وتارێکی پێشکەش کرد، و داوای لە یەکێتیی ئەوروپا کرد ئەو سزایانەی بەسەر حکومەتی سووریادا سەپێنراون سووک بکات، لەم سەردانەشدا تێوەگلانی ڕووسیای لە ئەنجامدانی تاوان دژی مەدەنییەکانی سووریا ڕەتکردەوە.
 ئەم سەردانە دەنگدانەوە و جیاوازییەکی زۆری لێکەوتەوە، بەتایبەتی دوای لێدوانەکانی پێشووی کە تێیدا هەڕەشەی ڕاهێنانی خۆکوژانی کردبوو بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەگەر ڕۆژاوا هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر سووریا و لوبنان.

ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty) لە ساڵی 2017دا ئاشکرای کرد کە فەرمانی لەسێدارەدانی نزیکەی 13 هەزار دەستبەسەرکراو لە زیندانی سەیدنایا لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، لەلایەن بەرپرسانی باڵای حکومەتی سووریاوە دەرچووە، ئەوەش دوای پەسەندکردنی سزاکان لەلایەن موفتیی سووریاوە، کە ئەمەش ئەو قۆناغە بوو کە حەسون لەو پۆستەدا بوو.

لە دوای ڕەزامەندی موفتیی گشتی لەسەر سزای لەسێدارەدان، ڕەزامەندی لە وەزیری بەرگری یان سەرۆکی ئەرکانی سوپای سووریا وەردەگیرا، کە دەسەڵاتی ئەوەیان هەبوو بە نوێنەرایەتی ئەسەد بڕیار بدەن.
لە تشرینی دووەمی 2021دا، ئەسەد بەپێی مەرسومێک بە ژمارە 28، هەڵوەشاندنەوەی پۆستی موفتیی کۆماری ڕاگەیاند، کە دەقەکەی بڕگەی ژمارە 35ی یاسای ڕێکخستنی کاری وەزارەتی ئەوقافی هەڵدەوەشاندەوە، کە بەپێی ئەو بڕگەیە موفتیی گشتیی کۆمار دەستنیشان دەکرا. لە هەمان کاتدا دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی زانستیی فیقهی لە وەزارەتی ئەوقاف بەهێزتر کرد.

بەپێی مەرسومەکە، ئەرکەکانی ئەنجومەنی زانستیی فیقهی بوونە: "دیاریکردنی کاتی دەستپێکردن و کۆتاییهاتنی مانگە کۆچییەکان، بینینی مانگ و سەلماندنی و ڕاگەیاندنی حوکمە فیقهییەکانی پەیوەست بە عیبادەت و دروشمە ئایینییە ئیسلامییەکان"، وەک "دەرکردنی فەتوا، و داڕشتنی بنەما، پێوەر و میکانیزمە پێویستەکان بۆ ڕێکخستن و کۆنترۆڵکردنیان"؛ ئەمانەش ئەو ئەرکانە بوون کە پێشتر لەسەر شانی موفتیی کۆمار، حەسون بوون.

لە 18ی شوباتی 2025دا، خۆپیشاندەرانی سووری هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی لە شاری حەلەب، لە نێوان دروشمگەلێکدا کە داوای دادگاییکردنیان دەکرد، دوای ئەوەی لەو شارەدا بە ئاشکرا دەرکەوتبوو.

دادگاییکردن

لە ئاداری 2025دا، دەسەڵاتدارانی سوریا ئەحمەد حەسونیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق لە کاتی هەوڵدان بۆ جێهێشتنی وڵات دەستگیرکرد، ئەوەش لەسەر بنەمای فەرمانی دەستگیرکردنێک کە لەلایەن داواکاری گشتییەوە دەرچووبوو.

حەسون لە کاتی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە ئازاد بوو، بەڵام پێش دەستگیرکردنی، شەپۆلێک لە تووڕەیی و جیاوازیی لە نێوان سوورییەکاندا دروستکردبوو، دوای ئەوەی لە چەند وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکدا دەرکەوت کە لە شاری حەلەب (کە تێیدا نیشتەجێیە) پیاسە دەکات، لە دوای ئەوەوە داواکارییەکان دەستیان پێکرد بۆ ڕادەستکردنی بە دادگا و لێپرسینەوە لەگەڵیدا بەهۆی ئەوەی کە بە هاوبەشی و پاڵپشتیکردنی لەو "تاوانانەی جەنگ" وەسفیان دەکرد کە ڕژێمی ئەسەد دژی سوورییەکان ئەنجامی دابوون.

پاش زیاتر لە ساڵێک لە دەستگیرکردنی، بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە 25ی حوزەیرانی 2026، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی ئەحمەد حەسون، موفتیی پێشوو ، لە کۆشکی دادی دیمەشق دەستی پێکرد. سەرۆکایەتی دانیشتنەکە لەلایەن دادوەر فەخرەدین مستەفا عەریانەوە دەکرا، بە ئامادەبوونی داواکاری گشتی دادوەر ڕاوێژکار حەسسان توربە و چەندین ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.

دادوەری دادگای چوارەمی تاوانەکان تۆمەتبارنامەیەکی ئاڕاستەی حەسون کرد، کە بریتی بوو لە هاندانی بۆ کوشتن و بەشداریکردن لە تاوانەکانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی. ئەم تۆمەتانەش لەسەر بنەمای کۆمەڵێک بەڵگە و ڕووداو داڕژابوون، کە گرنگترینیان بریتی بوون لە: پەیوەندیی حەسون لەگەڵ بەشار ئەسەد و بەڕێوەبەری هەواڵگری گشتی عەلی مەملوک و ژمارەیەک لە ئەفسەرە باڵاکان و سەرکردەکانی میلیشیاکان، لەگەڵ لێدوان و وتارەکانی کە وەک هاندان دژی مەدەنییەکان و داواکارییەک بۆ تێکدانی ناوچەکان بە بەرمیلە تەقەمەنییەکان لەقەڵەم درابوون.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو