چەکوشەکەی ترەمپ و قەڵغانەکەی تاران
١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٥٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ بە دەستێکی کراوەتر و هاوپەیمانییەکی بەهێزترەوە خۆی بۆ گەڕێکی نوێی گوشار و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە دژی ئێران ئامادە دەکات، تاران خۆی لەبەردەم قەیرانێکی فرەڕەهەنددا دەبینێتەوە کە هەم لە ئاستی دەرەوە و هەم لە ناوخۆدا گەمارۆی داوە. ئەم ڕاپۆرتە شیکارییە، تیشک دەخاتە سەر دوو جەمسەری سەرەکیی ئەم هاوکێشە نوێیە؛ لە لایەکەوە سیناریۆکانی ئەمریکا بۆ لێدانی ژێرخانی ئابووری و سەربازیی ئێران بەبێ بەشداریی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل، و لە لایەکی تریشەوە، پەرچەکرداری بەرگرییانەی تاران لە ڕێگەی گواستنەوەی شەڕ بۆ دەرەوەی سنوورەکانی و هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، وەک قەڵغانێک بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی چەخماخەی ئاڵۆزییەکان بۆ ناوخۆی وڵاتەکە.
دەستکراوەیی ترەمپ
ترەمپ لەرابردوودا گوشاری زۆری لەسەربوو، بەهۆی دۆخی ناوخۆی ئەمەریکا و زۆری ژمارەی دژبەرانی شەڕ لەناوخۆ، بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازترە و دەستیکراوە ترە بۆ ئەوەی گەڕێکی تری هێرش بۆ سەر ئێران ئەنجام بدات.
رێژەی هەڵاوسان لەناوخۆی ئەمەریکا تاڕادەیەک باشتربووە، ناتۆ پاڵپشتی بۆ ترەمپ بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دەربڕیووە، هەڵەکانی ئێران لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هورمز وایکردووە بەرەی دژە ئێران زیاتر بێت.
ترەمپ دەیەوێت ئەمجارە دۆخەکە بەجۆرێک تەوزیف بکات ئێران بەتەواوەتی لاواز بکات، بۆیە جوڵەکانی داهاتووی ترەمپ دوو سیناریۆی لێچاوەڕوان دەکرێت، ئەمانەن:
یەکەم: دابڕانی بەندەر و عەباس و لێدانی گورزی گەورەی سەربازیی، بەجۆرێک باڵادەستی سوپای
پاسداران بەسەر هورمزدا بەتەواوەتی لاواز بکات.
دووەم: لێدان لە پردو ژێرخانی وزە و کەرتە خزمەتگوزارییەکان، ئەمەش لەپێناو لاوازکردنی زیاتری ئێران و رەخساندنی کەش بۆ جوڵەی خەڵک لە دژی نیزام.
دەوترێت لەئێستادا ناکۆکی هەیە لەنێوان قالیباف، عراقچی و پزیشکیان لەگەڵ سوپای پاسداران، رەنگە سیاسییەکان درکیان بە مەترسیداری دۆخەکە کردبێت، ئەمەش هۆکاری ناکۆکییەکە بێت.
چاوەڕوان دەکرێت دەرئەنجامی ئەم گەڕە نوێیەی شەڕ، لاوازکردنی تەواوی ئێران، یاخود زەمینەسازی بۆ ناڕەزایەتی ناوخۆ، یان خۆ رادەستکردنی رژێمەکە بێت بە خواستەکانی رۆژئاوا.
گەر دیقەت بدەین لەم گەڕە نوێیەی شەڕدا ئیسرائیل بەشدار نییە، ئەمەش لەلایەن ئەمەریکاوە لەشەڕەکە بەدەرکراوە، چونکە هەم شەقامی ئێران، هەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش حەساسییەت بەرامبەر ئیسرائیل هەیە.
نەبوونی ئیسرائیل لەناو هاوکێشەکەدا هەم روانینی شەقامی ئێرانی دەگۆڕێت، هەم لەسەر ئاستی دونیا و جیهانی عەرەبیش ترەمپ دەتوانێت سودی لێببینێت لەدژی ئێران.
بۆیە ئەم گەڕەی نوێیەی شەڕ لەهەموو روویەکەوە بۆ ئێران قورس و جیاوازترە، بەڵام دواجار هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکان ئەنجامەکەی دیاری دەکات.
هێرش بۆ سەر هەرێم
هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و حیزبە کوردییەکان، جگە لەوەی بەشێکە لە ستراتیژیی ئێران بۆ گواستنەوەی ئاڵۆزییەکان بۆ دەوروبەر و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە، هاوکات پاڵنەری تری لە پشتەوەیە.
هەرێم لەلایەن ئێرانەوە وەکو قەتەر، ئیمارات و کوەیت لێیدەڕوانرێت، ئەو وڵاتە هێرش دەکاتە سەر دەوروبەر تا دۆخی ناوچەکە ئاڵۆز بکات و ئەو چیرۆکەش دروست بکات، کەدەستەوەستان نییە و لەبەرامبەر هێرشەکانی سەری، ئەویش پەلامار دەدات.
لەکاتێکدا ئامانجی لە هێرشکردنە سەر حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات جیاوازترە، هەمیشە ترسی لەئاڵۆزبوونی سنورەکانی و دواجار گەیشتنی ئاڵۆزیی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، گەیشتنی ئاڵۆزیی بە رۆژهەڵات واتە دروستبوونی مەترسی لەسەر ناوچەکانی تریش.
ئێرانییەکان پێیانوایە پێشمەرگە و گەریلای سەر بە پژاک، دیموکرات، پاک و یەکێک لەکۆمەڵەکان داخلی رۆژهەڵات بوون، ئەمەش وایکردووە هێزێکی گەورە بەچەکی قورس و سوکەوە بهێنێتە سنورەکان.
ئێران ترسی لەوە هەیە ئەو پلانەی جاری پێشوو ترەمپ لەسەر قسەی ئەردۆغان رایگرت، ئەمجارە جێبەجێ بکرێت کە سود وەرگرتنە لەسەر حزبە کوردییەکان و گواستنەوەی شەڕە بۆ ناوخۆ.
بۆیە ئێران لەرێگەی هێرش و پەلامارەوە، دەیەوێت ترس دروست بکات، ئەمەش دەرئەنجامی ئەو ترسەیە کەخۆی هەیەتی لە گەیشتنی شەڕ بەناوخۆی وڵاتەکەی.