ئیفلیجکردن؛ ستراتیژییە نوێیەکەی ئەمەریکا بۆ تێکشکاندنی تواناکانی ئێران
١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٠٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پێدراوەکان ئەوە دەخەنەڕوو کە ئاراستەی هێرشە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ سەر پێگەکانی ئێران گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەخۆوە بینیوە.
عەقید نیزاڵ ئەبو زەید، پسپۆڕی سەربازیی و ستراتیژیی، لەمیانەی دیدارێکی کەناڵی ئەلجەزیرە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمەریکا لە شێوازە تەقلیدییەکانی پێشوو دەرچووە و ئێستا کار لەسەر نەخشەیەکی ئاڵۆز دەکات کە ئامانج لێی "ئیفلیجکردنی گشتی" و "بڕینی هێڵەکانی پەیوەندییە".
گۆڕانکارییە جوگرافییەکان
بەپێی شیکردنەوەکانی ئەبو زەید، نەخشەی لێدانەکان لە ناوچەی موسەندەم و قیشمەوە گوازراونەتەوە بۆ چارەکی کۆتایی گەرووی هورمز. ئەم گۆڕانکارییە ئامانجێکی ڕوونی هەیە: لاوازکردنی توانای ئێران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای عوماندا.
ئەم بازنە جوگرافییە نوێیەی هەڕەشە، کە لە بەندەری "مەکەللا"ـی یەمەنەوە تا گەرووی "بابولمەندەب" درێژ دەبێتەوە، بەوتەی خۆی نیشانەی پاشەکشەی توانای دەریایی سوپای پاسدارانە لە ناوچە ستراتیژییەکاندا.
"کوێربوونی ڕاداریی" و "ئیفلیجی ئەلیکترۆنی"
بە وتەی ئەو پسپۆڕە، یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی ئەم قۆناغە نوێیە، سەپاندنی "کوێربوونی ڕاداریی"یە بەسەر هێزە ئێرانییەکاندا. عەقید ئەبو زەید سێ بەڵگە بۆ ئەم لاوازییە دەخاتە ڕوو:
یەکەم: ڕووداوی پێکدادانی کەشتییەکان لە ڕێڕەوی ئاویی ئێراندا.
دووەم: دزەکردنی تەکنەلۆژی و چوونە ناوەوەی بەلەمێکی خۆتەقێنەری ئەمریکی بۆ قوڵایی "بەندەر عەباس" و ئەنجامدانی تەقینەوە بێ ئەوەی ڕادارەکان هەستی پێ بکەن.
سێیەم: نەتوانینی ئێران بۆ جووڵاندنی ئەو کەشتیانەی لە ڕێڕەوە ئاوییەکاندا پەککەوتوون، کە ئەمەش نیشانەی ئیفلیجی لە فەرماندەیی و کۆنترۆڵدایە.
دروستکردنی دوو هێڵی ئاگر
بەوتەی عەقید نیزاڵ، ئەمەریکا ناوچەیەکی ئۆپەراسیۆنی نوێی دیاریکردووە کە لە دوو هێڵ پێکهاتووە:
هێڵی یەکەم: بە درێژایی ٢٤٠٠ کم لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای ئێران.
هێڵی دووەم: گەیشتنە قووڵایی خاکەکە بەرەو (کرماشان، کرمان، ئەسفەهان و شیراز).
ئامانجی ئەم دوو هێڵە بڕینی پشتیوانی لۆجستییە؛ واتە ڕێگریکردن لەوەی ئێران بتوانێت هێزەکانی لە ناوەوەی وڵاتەوە ڕەوانەی کەناراوەکان بکات یان ئەو زیانانە چاک بکاتەوە کە بەر هێزی دەریاییەکەی کەوتوون.
"لێدانەکانی جووڵەبڕین"
بەوتەی ئەو پسپۆڕە سەربازیی و ستراتیژییە، ستراتیژییە نوێیەکەی ئەمەریکا تەنها لێدانی بنکە سەربازییەکان نییە، بەڵکو پەنابردنە بۆ "لێدانەکانی جووڵەبڕین".
ئەمەریکا دەستی کردووە بە بۆردومانکردنی پردەکان، ڕێگاوبانە سەرەکییەکان و هێڵی شەمەندەفەرەکان (بەتایبەت ئەو ڕێگایانەی بەندەر عەباس بە شارەکانی وەک ئەسفەهان و شیراز دەبەستنەوە). ئەمە بە مەبەستی پەکخستنی هەر جووڵەیەکی سەربازی و بڕینی هێڵی گەیاندنی چەک و پێداویستییە.
عەقید ئەبو زەید دەڵێت ئەمەریکا شێوازی "Pickup" پەیڕەو دەکات؛ واتە ئۆپەراسیۆنی خێرا، کاریگەر و کەم تێچوو. لە بەرامبەردا، ئێران هێشتا بە شێوازێکی "تەقلیدی" و کۆن وەڵام دەداتەوە (هەمان موشەک و هەمان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشوو)، ئەمەش هاوسەنگی هێزی بە تەواوی بەلای لایەنی ئەمریکیدا شکاندووەتەوە، ئەگەرچی وەکخۆی دەڵێت: هێشتا زووە بوترێت تواناکانی سوپای پاسداران بە تەواوی کۆتایی هاتووە.