فراوانبوونی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر باشووری ئێران؛ ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی و دروستبوونی درز لە ناوخۆی تاران
١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٠٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرباری بەردەوامی و چڕبوونی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچە ساحلییەکانی باشووری ئێران، شارەزایانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە واشنتۆن زەمینەسازی بۆ ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی یان دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لەو دەڤەرە دەکات، بە ئامانجی ناچارکردنی تاران بۆ سازشکردن لەسەر گەرووی هورموز.
د. نەوزاد هیتوتی، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت: بەپێی زانیارییەکان، لە هێرشە بەرفراوانەکانی دوێنێ، ١٦ی تەمموزی ٢٠٢٦دا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی چڕ پرد، هێڵەکانی شەمەندەفەر و چەند فڕۆکەخانەیەکیان لە باشووری ئێران و بەتایبەت بەندەر عەباس کردووەتە ئامانج.
دەشڵێت: ئامانجی سەرەکی لەم هێرشانە، پەکخستنی جوڵەی سەربازی و تێکدانی گەیاندنی یارمەتییە لۆجستییەکانی ئێرانە بۆ باشووری وڵات.
چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و سنووردارکردنی هەژموونی تاران بەسەر گەرووی هورموزدا، دوو بژاردەی ستراتیژی لەبەردەستدایە؛ یەکەمیان ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ و ڕووخاندنی سیستمی سیاسییە لە تاران لە ڕێگەی هێزی زەمینییەوە، دووەمیشیان کۆنترۆڵکردنی ناوچە ساحلییەکانی باشووری ئێرانە بە هێزی زەمینی، کە هێرشەکانی ئێستا وەک سەرەتایەک بۆ ئەو هەنگاوە سەربازییە لێکدەدرێتەوە ئەگەر ئێران بە خێرایی نەیەتە سەر مێزی دانوستان.
ململانێی توندی دوو بەرەی جیاواز لە ناوخۆی ئێران
هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان، دۆخی ناوخۆیی ئێران ڕووبەڕووی دابەشبوونێکی قووڵ بووەتەوە و دوو بەرەی دژبەبەک لەسەر ئاستی باڵا دەرکەوتوون، وەک د. نەوزاد دەڵێت:
بەرەی سەربازی (سوپای پاسداران): ئەم بەرەیە پێداگری لەسەر هەڵوێستی توند و بەردەوامیی هەڕەشە سەربازییەکان دەکات، بەتایبەت هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورموز، و بە تەواوی دژی هەر جۆرە دانوستانێکە لەگەڵ ڕۆژئاوا.
بەرەی پراگماتیک (دیپلۆماسی): ئەم بەرەیە کە لەلایەن کەسایەتییەکانی وەک مەسعود پزیشکیان، عەباس عیراقچی و محەمەد باقر قالیبافەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، پێچەوانەی سوپای پاسداران داوای چارەسەری دیپلۆماسی و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دەکەن.
سەرچاوە سیاسییەکان سەرنج بۆ ئەوە ڕادەکێشن کە بەرە پراگماتیکەکە لە ئێستادا پێشوازی لە لاوازبوونی پێگەی سوپای پاسداران دەکات، چونکە ئەوە دەرفەتێکی زیاتریان پێدەدات بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا. نیشانەی ئەمەش بێدەنگی و نەدانی لێدوانی توندە لەلایەن ئەم بەرەیەوە لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکان، بە شێوەیەک کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر قالیباف بە ڕوونی باسی لە پێویستی گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان لەگەڵ واشنتۆن کردووە.