گرژیی لە نێوان هێزە شیعەکاندا؛ چۆن دۆسیەکانی گەندەڵی بوونەتە هۆکاری گوشار و سازش؟

١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٠٤ پاش نیوەڕۆ

گرژیی لە نێوان هێزە شیعەکاندا؛ چۆن دۆسیەکانی گەندەڵی بوونەتە هۆکاری گوشار و سازش؟

پەنجەرە

هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، گرژیی لە نێوان هێزە شیعە فەرمانڕەواکاندا دروست کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەکان بەرپرسانی ئێستا و پێشووی گرتەوە و لایەنە سیاسییەکانیش سەرقاڵی ئاڵوگۆڕکردنی ئەو دۆسیانەن پەیوەندییان بە نەیارەکانیانەوە هەیە.

سەرچاوەیەکی دادوەریی ئاگادار لە لێکۆڵینەوەکان ڕایگەیاند نزیکەی ٤٠ کەسایەتی دیکە ناویان لەدۆسیەی عەدنان جومەیلی بریکاری وەزارەتی نەوتدا هاتووە بەڵام تا ئێستا دەستگیر نەکراون.

سەرچاوە سیاسییەکان بە "الحرة"یان ڕاگەیاندووە، هەندێک لە هێزەکان دۆسیەیان دژی نەیارەکانیان جوڵاندووە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، کۆبوونەوەی ئەم دواییەی سەرکردەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" گرژیی پێوە دیار بووە، کە تێیدا هەندێک لە بەشداربووان داوای کردنەوەی دۆسیەی ئەو وەزارەتانەیان کردووە کە لەلایەن ڕکابەرە سیاسییەکانیانەوە کۆنترۆڵکراون.

سیاسەتمەدارێکی دیاری شیعە، کە بەربژێرە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزاری لە حکومەتی ئێستادا، ڕایگەیاند کە کەوتووەتە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی دەستبەرداری پشکی خۆی بێت.

ئەو بە "الحرة"ی گوتووە: "رەنگە لە وەرگرتنی وەزارەتەکەم بێبەش بکرێم. هەندێک لەو لایەنانەی هاوپەیمانیم لەگەڵیاندا هەیە، هەڕەشەیان لێکردووم کە دەبێت دەستبەرداری پشکەکەم بم یان ئەوەتا دۆسیەم لەسەر دەدەنە دادگا".

ئەم سیاسەتمەدارە بەهۆی هەستیاریی دانوستانە بەردەوامەکانەوە، داوایکردووە ناوی بڵاونەکرێتەوە، لە حکومەتەکانی پێشوودا پۆستی وەزیری هەبووە و ئێستا لە دەرەوەی عێراق دەژیت، لەم دواییانەشدا دەستی کردووە بە کێبڕکێ لەگەڵ هێزە گەورەکان بۆ وەرگرتنی وەزارەت.

لە ١١ی تەمموزدا، عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی، داوای دادگاییکردنی ئاشکرای بۆ "تۆمەتبارە گەورەکانی گەندەڵی" کرد، و داوای کرد هیچ نەرمیەک بەرامبەر بە دەستدرێژیکردنە سەر ماڵی گشتی نیشان نەدرێت، بێ گوێدانە پێگەی کەسەکە یان هێزە سیاسییەکەی.

نە حەکیم و نە ئەو هێزە بەشداربووانەی دیکەش کە هەڵوێستی هاوشێوەیان هەبووە، ناوی ئەو کەسانەیان دیاری نەکردووە کە مەبەستیانە لە دەستەواژەی "گەندەڵکارە گەورەکان".

فەهد جبوری، ئەندامی ڕەوتی حیکمە ڕایگەیاند، زەیدی لە کۆبوونەوەی ئەم دواییانەدا بە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕاگەیاندووە کە لەسەر ئەم ڕێڕەوە بەردەوام دەبێت "تەنانەت ئەگەر باجی ئەمەش ژیانی بێت یان تیرۆرکردنی".

جبوری وتی: "چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێککەوتووە لەسەر ئەوەی پارێزگاری لە هیچ کەسێک نەکات کە تێوەگلابێت لە دۆسیەکانی گەندەڵی، ئەمەش تا ڕادەیەک کارێکی ئەرێنییە".

وەلید ئیبراهیم، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، دەڵێت هەر سەرۆک وەزیرانێک ڕووبەڕووی بەرگری دەبێتەوە ئەگەر لێکۆڵینەوەکان لەو هێزانە نزیک ببنەوە کە گەیاندوویانەتە پۆستەکەی.

ئەو بە "الحرة"ی گوتووە: "نە زەیدی و نە هیچ سەرۆک وەزیرانێکی دیکە ناتوانن تا کۆتایی پرۆسەی دژە گەندەڵی بڕۆن، چونکە ئەمە پێکدادان دروست دەکات لەگەڵ ئەو چینە سیاسییەی کە گەیاندوویانەتە پۆستەکە، و هەر ئەوانیشن خاوەنی هێزی یاسایی و دەستوورین بۆ ڕووخاندنی".


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو