لایەنە شیعەکان لە گوتارەکەی عەلی زەیدی لە واشنتۆن توڕەن و چاوەڕوانی گەڕانەوەی دەکەن

٢٤ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٣٤ پاش نیوەڕۆ

لایەنە شیعەکان لە گوتارەکەی عەلی زەیدی لە واشنتۆن توڕەن و چاوەڕوانی گەڕانەوەی دەکەن

پەنجەرە

سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار لە بەغدا بە پەنجەرەی ڕاگەیاند، ناڕەزایەتی و تووڕەییەکی زۆر لە نێوان لایەنە شیعەکاندا دژ بە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دروستبووە و هێزە سیاسییەکان چاوەڕوانی گەڕانەوەی دەکەن بۆ وڵات.

بەوتەی سەرچاوەکە، لایەنە شیعەکان پێیان وایە گوتاری سیاسی و ئابووریی زەیدی لە واشنتۆن، بە جۆرێک بووە کە وەک "هەراجکردنی سامانی عێراق" لێکدەدرێتەوە؛ بەتایبەت کاتێک داوای لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردووە ڕوو لە عێراق بکەن و بەڵێنی پێداون کە  بە واژۆیەک گرێبەستەکانیان بۆ ڕایی دەکات.

ئەو لایەنە ناڕازییانە جەخت دەکەنەوە کە پێویستە ئەم جۆرە گرێبەستانە بە دامەزراوەیی بکرێن و لە ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی پەرلەماندا بن، نەک تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیراندا کورت بکرێنەوە.

هاوکات سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەوڵێک لەناو پەرلەماندا هەبووە بۆ بانگهێشتکردنی عەلی زەیدی بە مەبەستی لێپرسینەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو هەوڵە نەبووەتە خاوەنی پشتگیرییەکی بەهێز کە بتوانێت ڕێکارەکان کارا بکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو