هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە گەڕی سێیەمی شەڕ: خوێندنەوەیەک لە ڕەهەندە ئەمنی، ئابووری و جیوپۆلیتیکییەکانی جەنگی ژێرخان

٢٤ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٣٦ پاش نیوەڕۆ

 پەنجەرە

دەستپێك

لە چەند دەیەی ڕابردوودا، شێوازی جەنگ و ململانێی نێودەوڵەتی بەردەوام گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەگەر لە جەنگە کلاسیکییەکاندا سەرنجی سەرەکی لەسەر تێکشکاندنی هێزی سەربازی، کۆنترۆڵکردنی خاک و شکاندنی توانای هێزی چەکدار بوو، لە جەنگە نوێکاندا ژێرخانی ئابووری، وزە، تۆڕەکانی گواستنەوە و سیستەمەکانی دابینکردن بوونەتە بەشێکی گرنگ لە ستراتیژیی جەنگ.
لەو چوارچێوەیەدا، هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە گەڕی سێیەمی شەڕ، نیشانەی گواستنەوەی مەیدانی ململانێیە لە ئاستی سەربازی بۆ ئاستی ژێرخانی و ئابووری. ئەم جۆرە هێرشانە تەنها بە ئامانجی لاوازکردنی توانای سەربازی نیین، بەڵکو هەوڵێکن بۆ کاریگەری دانان لەسەر توانای ئابووری و بەردەوامیی ستراتیژیی وڵاتێک.

گۆڕانی ستراتیژی لە گەڕی سێیەمی شەڕ

ستراتیژی ئەمجارەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لەگەڵ دوو قۆناغی پێشووی ململانێی سەربازی جیاوازییەکی ئاشکرای هەیە. لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی ساڵی ڕابردوو، ئامانجە سەربازی و ئەمنییەکان زیاتر لەبەرچاو بوون و هەوڵ درا توانای هێزی سەربازی و سیستەمی بەرگریی ئێران لاواز بکرێت.
هەروەها، لە شەڕی ٣٩ ڕۆژەی ئەم ساڵەش، جۆری هێرش و ئامانجەکان زیاتر لە بازنەی سەربازی و ئەمنییەوە نەدەرچوون. بەڵام لە گەڕی سێیەمی ئەم شەڕەدا، هەموو Focus ـی ئەمریکا ئاراستەی Economic Infrastructure ـی ئێران کراوە، بە تایبەتی ژێرخانی باشووری وڵات و ناوچەکانی دەوروبەری کەنداوی فارس. ئەم گۆڕانکارییە تەنها گۆڕانێکی تاکتیکی نییە، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە ژێرخانی ئابووری خۆی بووەتە بەشێک لە مەیدانی شەڕ.

گرنگی ژێرخانی ئابووری لە ستراتیژی شەڕ

ئەم ناوچانە سەرەکیترین پایەی هێزی ئابووری ئێران پێکدەهێنن، چونکە سەرچاوەکانی وزە، کارەبا، هەناردەی نەوت و گاز، پالاوگەکان، بنکەکانی هەڵگرتن و هەروەها Strategic Corridors ـی گواستنەوەی بازرگانی، لەم ناوچەیەدا کۆبوونەتەوە. ئێران یەکێکە لە وڵاتە خاوەن سەرچاوە وزەییە گرنگەکانی جیهان. بەپێی هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییەکان، ئەو وڵاتە یەکێکە لە گەورەترین هەڵگرییەکانی نەوت و گازی سروشتی، کە ئەمە پێگەیەکی ستراتیژیی بۆی دروست کردووە لە بازاڕی وزەی جیهانی.
بۆیە هەر هێرشێک بۆ سەر ئەم ژێرخانە، تەنها ئامانجێکی سەربازی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ لاوازکردنی توانای ئابووری، دارایی و ستراتیژی ئێران، و کەمکردنەوەی توانای ئەو وڵاتە بۆ بەردەوامبوون لە ململانێی درێژخایەن.

کەنداوی فارس و ئاسایشی وزەی جیهان

گرنگیی ناوچەی کەنداوی فارس تەنها بۆ ئێران سنووردار نییە. ئەم ناوچەیە یەکێکە لە گرنگترین ناوچەکانی وزە لە جیهان، چونکە بەشێکی گرنگ لە هەناردەی نەوتی جیهان لە ڕێگەی تنگەی هۆرموزەوە دەگوازرێتەوە. بۆیە هەر تێکچوونێک لە ژێرخانی وزە، کەشتیوانی و گواستنەوەی بازرگانی لەم ناوچەیەدا، دەتوانێت کاریگەریی لەسەر بازاڕی جیهانی وزە، نرخەکان و زنجیرەکانی دابینکردن دابنێت.

ئایا فشارە ئابوورییەکان ئامانجە سیاسییەکە دەپێکن؟

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا فشار لەسەر Economic Infrastructure ـی ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی لەسەر مێزی گفتوگۆ مل بۆ داواکارییەکان دابنێت؟
ئەوەی تا ئێستا لە ڕاستیدا دەبینرێت، پێچەوانەی ئەو چاوەڕوانییەیە. ئێران نەک تەنها ئامادەی ڕادەستبوون نییە، بەڵکو پێی وایە تێکدانی ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتە دەبێتە هۆی گواستنەوەی شەڕ بۆ ژێرخانی وڵاتانی کەنداوی فارس.
بە واتایەکی تر، ئێران هەڕەشە دەکات کە ئەگەر ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتە ببێتە ئامانج، ئەوانیش هەمان ستراتیژی لە بەرانبەر وڵاتانی کەنداو جێبەجێ دەکەن. ئەم هەڵوێستە لە روانگەی تیۆری «بازدارێتی بە سزا» (Deterrence by Punishment) ـەوە دەکرێت لێکبدرێتەوە؛ واتە هەر لایەنێک هەوڵ دەدات بە نیشاندانی توانای وەڵامدانەوە، لایەنی بەرامبەر لە بەردەوامبوون لە هێرشدا بازبدات. لێکەوتە ناوچەیی و مرۆییەکان ئەگەر ئەم جۆرە شەڕە، کە دەتوانرێت بە «جەنگی ژێرخان» ناوببرێت، فراوانتر ببێت، لێکەوتەکانی زۆر مەترسیدار دەبن.
لەوانە:

کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتوان.
بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان.
لاوازبوونی Food Security.
تێکچوونی زنجیرەکانی دابینکردن.
هەڵچوونی نرخەکانی ماددەی خاو.
قووڵبوونەوەی قەیرانی ژینگەیی و مرۆیی.

زیادبوونی فشار لەسەر سیستەمی خزمەتگوزاریی گشتی.
ئەزموونی جەنگەکانی پێشووش نیشان دەدات کە تێکدانی ژێرخان زۆرجار تەنها لە کاتی شەڕدا کاریگەری نییە، بەڵکو دوای کۆتایی هێرشەکانیش کاریگەرییەکانی بەردەوام دەبن.

کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان
 هەر شڵەژانێکی گەورە لە ناوچەدا دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەسەر هەرێمی کوردستان و کورد بەجێبهێڵێت. نزیکی جوگرافیایی، پەیوەندییە ئابوورییەکان و دۆخی ئەمنیی ناوچەکە واتای ئەوەیە کە هەر گۆڕانکارییەکی گەورە لە هاوسەنگیی ناوچەیی دەتوانێت لە بواری بازرگانی، وزە، ئاوارەیی و ئاسایش کاریگەری دروست بکات.

کۆتایی

لە کۆتاییدا، هەرچەندە ئەم سیناریۆیانە هێشتا لە ئاستی ئەگەر دان، بەڵام ئەگەری ڕوودانیان هەیە و کاریگەرییەکانیان تەنها لە ناوخۆی ئێران سنووردار نابێت.
خوێندنەوەی ئەم گۆڕانکارییانە تەنها لە چوارچێوەی شەڕی نێوان دوو وڵاتدا بەس نییە، بەڵکو پێویستە وەک بەشێک لە گۆڕانکارییە ستراتیژی و جیوپۆلیتیکییەکانی خۆرهەڵاتی ناوین سەیر بکرێت، چونکە دەتوانێت کاریگەریی درێژخایەن لەسەر داهاتووی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی ناوچەکە دابنێت.


نوێترین شرۆڤەکان