خاوه‌ندارێتيى موڵك و يه‌كه‌ى نيشته‌جێبونى هاوڵاتيانى عه‌ره‌ب له هەرێمی کوردستاندا: له‌نێوان جوڵه‌ى ئاسايى دانيشتوان و گۆڕينى ديمۆگرافيادا
٢٤ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٤٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پێشەکی
يه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ى كه‌ناڵه ميدياييه‌كان و په‌يجه‌كانى سۆشيالمديدياى ته‌نيبو له‌ڕۆژانى ڕابردودا، مه‌ترسى و ده‌رفه‌ته‌كانى هاتنى به‌لێشاوى هاوڵاتيانى عه‌ره‌به له‌پارێزگا و ناوچه‌كانى خۆيانه‌وه بۆ هه‌رێمى كوردستان ( هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆك و كه‌متر هه‌ڵبجه) و به‌تايبه‌ت خاوه‌نداريكردنيان بۆ زه‌وى و يه‌كه‌ى نيشته‌جێبون و موڵكى جوارجۆر له‌هه‌رێمدا، ئێمه له‌م وتاره‌ماندا هه‌وڵئه‌ده‌ين تيشك بخه‌ينه‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته هه‌ستياره له‌ڕوه ده‌ستوريى و ياساييه‌كه‌يه‌وه، و كه‌متر له‌ڕوى ئابورىيه‌وه ئه‌و بابه‌ته ده‌بێته جێگه‌ى گرنگيپێدان وباسكردنه‌كان.
ماددەی ٢٣ لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی کۆماری عێراق، یەکێکە لە گرنگترین و هەستیارترین ئەو دەقە دەستوورییانەی پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە جێگيركردن و پارێزگارىكردنى مافی خاوەندارێتييه‌وه هه‌يه. ئەم ماددەیە له‌بڕگه‌ى سێيه‌ميدا، لە لایەکەوە گەرەنتی مافی سەرەتایی هاووڵاتیبوون دەکات کە بریتییە لە ئازادی نیشتەجێبوون و کڕینی خانوبەرە لە هەر شوێنێکی وڵات‌دا، بەڵام لە لایەکەی ترەوە هێڵێکی سووری توند دادەنێت لەبەردەم هەر پرۆسەیەک کە ئامانجی سیاسی یان ستراتیژی لەپشت بێت بۆ تێکدانی هاوسەنگیی سروشتیی دانیشتوان.
کاتێک باس لە ديارده‌ى هاتنی هاووڵاتیانی عەرەب بۆ هەرێمی کوردستان دەکرێت لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و بەتایبەت دوای هێرشەکانی داعش لەساڵى ٢٠١٤ به‌دواوه، دەکەوینە نێوان دوو چەمکی جیاواز بەڵام تێکەڵاو، ئه‌وانيش: جوڵەی سروشتیی دانیشتوان (جوڵه‌ى ئابووری و خواست و پێويستى ژیان) و (گۆڕینی بەمەبەستی دیمۆگرافیا). بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم ململانێیە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق (کە لايه‌نى دادوەریی تايبه‌ندمه‌نده ڕاڤه‌كردنی دەستوور) بڕیارێكى ڕاڤه‌كاريى هه‌يه له‌مه‌ڕ شیکردنەوەی ورد بۆ ئه‌و مادده‌يه به‌تايبه‌ت بڕگەی (سێیەم/ ب) .
چوارچێوەی دەستووریی ماددەی ٢٣ (بڕگەی سێیەم):
ماددەی ٢٣ (بڕگەی سێیەم) لە دەستوور بەسەر دوو به‌ندى سەرەکیدا دابەش دەبێت، ئه‌وانيش :
(أ): تاكى عێراقی مافی خاوەندارێتی هەیە لە هەرکوێیەکی عێراقدا بێت..
(ب): خاوەندارێتی بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی قه‌ده‌غه ده‌بێت.
ئەم دوو بڕگەیە له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ جۆرێک لە هاوسەنگیی یاسایی دانراون پێكه‌وه. لایەنی یەکەم جەخت لەسەر بنەمای یەکسانی و مافی ئازادی مرۆڤ دەکاتەوە بەبێ گوێدانە نەتەوە و ئایین، لە کاتێکدا لایەنی دووەم وەک قەڵغانێکی پارێزگاری کاردەکات لە دژی سیاسەتەکانی تەعریب( له‌به‌رئه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب زۆرينه‌ن له‌عێراقدا و پرۆسه‌ى به‌عه‌ره‌بكردنيش بۆ خۆى پرۆسه‌يه‌كى په‌يره‌وكراوه به‌درێژايى مێژوو دژ به‌كورده‌كان و پێكهاته‌كانى ديكه‌ش)، ڕاگواستن، یان گۆڕینی زۆرەملێی ناسنامەی ناوچەکان کە لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا بوونیان هەبووە.
شیکردنەوەى بڕیارە گرنگه‌كه‌ى دادگای باڵای فیدراڵی:
دادگای باڵای فیدراڵی لە ڕێگەی چەند بڕيارێكييه‌وه، بەتایبەتی بڕیاری ڕاڤه‌كاريى ژمارە (٦٥/ فيدرالى/٢٠١٣)، ڕاڤه‌يه‌كى یاسایی بۆ چەمکی " قەدەغەکردنی خاوەندارێتی بە مەبەستی گۆڕینی دانیشتوان" پێشکەش کردووە، ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌نجامى داواكارييه‌كى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانه‌وه.
شياوى باسكردنه داواكارييه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌دادگا به‌به‌راورد به‌ده‌قى بڕياره ڕاڤه‌كارييه‌كه، ڕاشكاوتر و ڕونتر و گونجاوترن له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌ى لێره‌دا باسى ده‌كه‌ين، بۆيه به‌ر له‌وه‌ى باس له‌ڕاڤه‌كردنى دادگاى باڵاى فيدرالى بكه‌ين، ئه‌و داواكارييانه وه‌رده‌گێڕينه سه‌ر زمانى كوردى:
(( داواكارين ڕێكارى پێويست وه‌ربگرن له‌مه‌ڕ ئاگاداركردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌سه‌ر ڕاڤه‌ى مادده‌ى (23/سێيه‌م/ ب) له‌ده‌ستور كه به‌ده‌ق هاتوه ( خاوەندارێتی بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی قه‌ده‌غه ده‌كرێت)) په‌يوه‌ندار به‌م خاڵانه‌ى لاى خواره‌وه:
شوێنه‌كه: بوارى ئه‌و شوێنه كامه‌يه كه گۆڕ‌انى ديمۆگرافى ده‌يگرێته‌وه له‌سه‌ر ئاستى شار و گونده‌كان كه خاوه‌نى تايبه‌تمه‌ندى و چڕى دانيشتوانى مێژويى خۆيانن؟ يان ئه‌وانه‌ش تێده‌په‌ڕينێت؟
ماوه‌كه: ئاخۆ گرنگ نييه ئه‌وه‌ى زۆره‌كه‌ى گۆڕينى ديمۆگرافياى لێبكه‌وێته‌وه له‌ناوچه‌يه‌كدا كه‌تايبه‌تمه‌ندى نه‌ته‌وه‌يى و ئاينيى و بيروباوه‌ڕى هه‌يه، كه‌مه‌كه‌شى ڕێگه‌ى لێبگيرێت؟ چونكه مه‌رج نييه گۆڕينى ديمۆگرافيا به‌يه‌كجار ڕوبدات، ده‌گونجێ به‌چه‌ند قۆناغێك ڕوبدات و به‌ژماره‌ى جياواز.
خاوه‌ندارێتيكردن: زاراوه‌ى خاوه‌ندارێتيكردنى هاتو له‌ده‌قى مادده ده‌ستورييه‌كه، به‌ماناى دابه‌شكردنى زه‌وى و يه‌كه‌ى نيشته‌جێبون له‌لايه‌ن ده‌وڵه‌ت و پرۆسه‌كانى كڕين و فرۆشتنى نێوان هاوڵاتيان دێت، بۆ خاوه‌ندارێتيكردن زه‌وى و يه‌كه‌ى نيشته‌جێبون له‌سودى هاوڵاتيانى ده‌ره‌وه‌ى يه‌كه كارگێڕييه خاوه‌ن تايبه‌تمه‌ندييه جياوازه‌كه، كه‌به‌رده‌وام بونى ده‌بێته هۆى گۆڕينى ديمۆگرافيا..
دادگا ڕاڤه‌كردنه‌كه‌ى به‌بڕيارێك خستۆته‌ڕو، ودەکرێت لەم خاڵانەدا کورتى بکه‌ينەوە:
گشتگیریی قەدەغەکردنەکە (المنع المشدد والشامل):
دادگای فیدراڵی ڕوونکردنەوەی داوە کە ئه‌و قەدەغەکردنه‌ى هاتووە لە به‌ندى(ب)ی بڕگه‌ى سێيه‌مى ماددەی ٢٣دا، قەدەغەکردنێکی ڕەها و توندە (حظر مطلق). ئەم قەدەغەکردنە هەموو ئاستەکانی کارگێڕی و جوگرافی دەگرێتەوە. دادگا جەخت دەکاتەوە کە قەدەغەکردنی خاوەندارێتی بە مەبەستی گۆڕینی دانیشتوان، به‌خاوه‌نكردنى کەسەکان دەگرێتەوە چ بە تاک بێت یان بە کۆمەڵ، بۆ خانوبەرە و زەویوزار بە هەموو ڕەگەز و جۆرەکانییەوە، لە هەر شوێنێکی عێراقدا بێت؛ چ لەسەر ئاستی گوند، ناحیە، قەزا، پارێزگا، یان هەرێم بێت.
نەتەوە، ئایین و مەزهەب وەک بنەمای پاراستن:
دادگای فیدراڵی تەنها باسی لایەنی نەتەوەیی نەکردووە، بەڵکو بازنەی ناسنامەی فراوانتر کردووە. دادگا جەختی کردووەتەوە کە "تایبەتمەندییە دانیشتوانییەکان" کە دەستوور دەیانپارێزێت بریتین لە تایبەتمەندییە نەتەوەییەکان، ئیتنیکییەکان، ئاینییەکان، و مەزهەبییەکان. ئەمەش پەیامێکی ڕوونە بۆ ئەوەی گۆڕینی دیمۆگرافیا تەنها گۆڕینی عەرەب بە کورد یان بەپێچەوانەوە نییە، بەڵکو پاراستنی پێکهاتەی هەموو پێکهاتە ڕەسەنەکانە لە ناوچەکانی خۆیاندا.
مەبەست و نییەت (الغاية والنية) وەک پێوەری یاسایی سه‌ره‌كى :
یەکێک لە گرنگترین خاڵه‌كانى ڕاڤه‌كردنه‌كه‌ى دادگای فیدراڵی، دیاریکردنی پێوه‌رى ياسايى سەرەکیی بوو بۆ جیاکردنەوەی خاوەندارێتی ڕێگەپێدراو لە خاوەندارێتی قەدەغەکراو. دادگا ڕایگەیاندووە کە (ئامانج و مه‌به‌ست) (الغاية والهدف) پێوەری بنەڕەتییە، به‌جۆرێك :
ئەگەر هاووڵاتییەک خانوو بکڕێت بە مەبەستی گوزەران، بازرگانی، یان ژیانی ئاسایی، ئەمە مافێکی دەستووری پارێزراوە.
بەڵام ئەگەر لە پشت پڕۆسەی کڕینەکەوە (چ لەلایەن تاک یان گروپ یان دەسەڵاتێکی سیاسییەوە) پلانێک هەبێت بۆ تێکدانی تایبەتمەندی نەتەوەیی یان ئاینی ناوچەکە، ئەوا پرۆسەکە بە تەواوی پووچەڵ دەبێت.
لەنێوان جوڵەی دانیشتوان و گۆڕینی دیمۆگرافیا لە کوردستان
کاتێک ڕاڤه‌كارييه‌كه‌ى دادگای فیدراڵی بەسەر واقیعی هەرێمی کوردستان و هاتنی بەلێشاوی هاووڵاتیانی عەرەبدا جێبەجێ دەکەین، تێڕوانين و ئاراسته یاساییەکان بەم شێوەیە دابەش دەبن:
جوڵەی ئاسايى دانیشتوان:
ئەم گۆڕانکارییە زیاتر سروشتییە و بەهۆی فاکتەری ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتیی و ژينگه‌ييەوە دروست بووە. بۆيه ئه‌م تێڕوانينه پێی وایە؛ هاتنی هاووڵاتیانی عەرەب بۆ هەولێر، سلێمانی، و دهۆک، نەبووەتە هۆی پێشێلکارییەکی ڕاستەوخۆی ماددەی ٢٣ (بڕگەی سێیەم/ب)، چونکە پاڵنەری ئەم کۆچە ئەمنی و ئابووری بووە نەک پلانێکی سیاسی پێشوەختە. هاووڵاتیان بۆ ڕزگاربوون لە جەنگ و بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری هاتوون. لێرەدا، نییەتی (گۆڕینی دیمۆگرافی) لەلایەن کۆچبەرانەوە بوونی نییە، بۆیە پرۆسەکە لەژێر پاراستنی بڕگەی (أ)ی هەمان ماددەدا دەمێنێتەوە.
گۆڕانی دیمۆگرافیی خۆڕسک:
ئه‌م ئاراسته‌يه به‌و ئاقاره ده‌ڕوات، كه تەنانەت ئەگەر نییەتی گۆڕینی دیمۆگرافی لە سەرەتادا بوونی نەبووبێت، بەڵام جێگیربوونی هەمیشەیی سەدان هەزار خێزانی عەرەب لە شارەکانی هەرێم و کڕینی بەرفراوانی یەکەکانی نیشتەجێبوون و زه‌وى و موڵك له‌سێكته‌ره‌كانى ديكه‌ش، لە ڕووی واقیعییەوە هاوسەنگی دانیشتوان دەگۆڕێت. لێرەدا پرسیارێكى یاسایی سەرهەڵدەدات: ئایا گۆڕانی دیمۆگرافیی خۆڕسک بەبێ پلانی سیاسی، دیسان پێشێلکردنی ڕۆحی دەستوور نييه؟ بڕیارەکه‌ى دادگای فیدراڵی ئاماژە بەوە دەکەن کە پاراستنی تایبەتمەندییە نەتەوەییەکان پێویستە، بۆیە پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە بەبێ کۆنترۆڵ، لەوانەیە لە داهاتوودا کاریگەری دیمۆگرافی درێژخایەن جێبێڵێت.
سنوردارکردنی یاسایی لەلایەن دەسەڵاتەکانی هەرێمەوە:
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ڕێگری‌کردن لە گۆڕانی ناسنامەی ناوچەکان، له‌سۆنگه‌ى ئه‌و ڕاڤه‌يه‌ى دادگاوه ده‌توانێت سیستەمێکی تاڕاده‌يه‌ك توند په‌يڕه‌و بكات و ڕەزامەندی کارگێڕی پەیڕەو بکات بۆ کڕینی خانوبەرە لەلایەن هاووڵاتیانی پارێزگاکانی ترەوە. هه‌رچه‌ند لە ڕوانگەی ده‌ستور و یاسای فیدراڵییەوە، ئەم ڕێکارانە هەمیشە لە نێوان پشتگیريكه‌ران و ڕەخنەگراندا ده‌بن:
پشتگیریکەران: پێیان وا ده‌بێت ئەمە جێبەجێکردنی ته‌واوى ئه‌و پاراستنه‌يه كه له‌بڕگەی (ب)ی ماددەی ٢٣دا هاتوه بۆ ڕێگری‌کردن لە تێکچوونی ناسنامەی كۆمه‌ڵى كورده‌وارى له‌داهاتودا.
ڕەخنەگران: ده‌گونجێ بێژن ئەم ڕێکارانە سنووردارکردنی مافی ڕەهای به‌خاوه‌نكردنه بۆ عێراقییەکان. له‌بڕياره ڕاڤه‌كارييه‌كه‌ى دادگای فیدراڵيشه‌وه، جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه کردۆته‌وه، کە مافى خاوه‌ندارێتيكردن دەبێت پارێزراو بێت، مەگەر لە بارى سەلماندنی بونى (مەبەست) بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا. بێگومان ئه‌و سه‌له‌ماندنانه‌ش كارێكى قورسه و ئاسان نابێت.
دەرەنجام
هاتنی بەلێشاوی عەرەب بۆ هەرێمی کوردستان لە ئێستادا زیاتر وەک جوڵەیەکی دانیشتوانی ناچاری و ئابووری دەبینرێت نەک پلانێکی ڕێکخراوی دەوڵەتيی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا (هاوشێوەی سەردەمی پێش ٢٠٠٣). بەڵام بەپشتبەستن بە بڕیاری ڕاڤه‌كاريى دادگای باڵای فیدراڵی، ده‌خوازێت هه‌ردو حكومه‌ت( حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی) هاوسەنگییەک دروستبکەن: بەجۆرێک مافی مرۆیی و دەستووری هاووڵاتیان بۆ ژیان و کارکردن بپارێزرێت، و لە هەمان کاتدا ڕێوشوێنی یاسایی بگیرێتەبەر (وەک پێدانی مافی بەکارهێنان یان کرێی درێژخایەن لەبری به‌خاوه‌نكردن به‌شێوه‌ى ڕەها) بۆ پاراستنی پێکهاتە و ناسنامەی ڕەسەنی ناوچە و شاره‌كانى هه‌رێم لە هەر گۆڕانكارييه‌كى ديمۆگرافى نه‌خوازراو له‌داهاتودا.