هێڵی کەرکووک - بانیاس؛ ڕێڕەوێکی ئابوریی بە ئەجێندایەکی ئەمریکی و ئیسرائیلی؟

٣٠ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٢١ پاش نیوەڕۆ

هێڵی کەرکووک - بانیاس؛ ڕێڕەوێکی ئابوریی بە ئەجێندایەکی ئەمریکی و ئیسرائیلی؟

پەنجەرە

باسم غەریباوی، ئەندامی پێشووی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە سەرپەرشتیکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی تایبەت بە دروستکردنی هێڵی بۆری (کەرکووک - بانیاس) لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، لە پلەی یەکەمدا بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن و هاوپەیمانەکانیەتی لە ناوچەکەدا.

غەریباوی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی ئەم هێڵە بۆ گواستنەوەی نەوتی خاوی عێراق بۆ ئیسرائیل لە ڕێگەی خاکی سووریاوە، وتی: "ئەم سیناریۆیە زۆر گونجاوە." ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیدارەی ئەمریکا بەرژەوەندی هاوپەیمانەکانی، لە سەرووی هەمووشیانەوە ئیسرائیل، دەخاتە پێشەنگی کارە لەپێشینەکانی.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر لەسەر ئاستی عێراق، لایەنە شیعەکان ناکۆکی و هەڵایەکی گەورەیان دروستکردبوو بەهۆی دەنگۆی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە ئیسرائیل.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو جەختی لەسەر پێویستی لێکۆڵینەوەی قووڵی بەغدا لە هەر ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی یان ناوچەیی کردەوە پێش واژۆکردنی، بە مەبەستی گەرەنتیپێدانی بەرژەوەندی نیشتمانی عێراق و سازشنەکردن بۆ لایەنی ئەمریکی لەسەر حیسابی مافەکانی گەل.

غەریباوی ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق لە ئێستادا ڕووبەڕووی لێکەوتەکانی دواکەوتن لە هەمەجۆکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت دەبێتەوە، بەتایبەت دوای پێشهاتەکانی ئەم دواییانە و داخرانی گەرووی هورمز. ناوبراو تیشکی خستە سەر ئەوەی کە سیستمی بۆرییە نەوتییەکانی وڵات پێویستییەکی زۆری بە گەشەپێدان و نوێکردنەوە هەیە، چونکە پەرەپێدانیان توانای هەناردەکردنی عێراق بۆ نزیکەی 6 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز دەکاتەوە.

 هێڵی کەرکووک - بانیاس:

 مێژووی دروستکردن: لە نیسانی 1954دا کراوەتەوە و لە ساڵی 2003دا داخراوە.
 درێژی هێڵەکە: 900 کیلۆمەتر.
 تێچووی پڕۆژەی نوێکردنەوە: دەگاتە 8 ملیار دۆلار.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو