پارتی ئازادی کوردستان: ئێران بە چەکی فسفۆڕ هێرشیکردووەتە سەرمان

٣٠ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٢٦ پاش نیوەڕۆ

پارتی ئازادی کوردستان: ئێران بە چەکی فسفۆڕ هێرشیکردووەتە سەرمان

پەنجەرە

بەرپرسێکی پارتی ئازادی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە هێرشە درۆنیەکەی چەند رۆژی رابردووی ئێراندا بۆسەر بنکەو بارەگاکانیان، چەکی فسفۆڕی سپی بەکارهێنراوە، بۆیە پێشمەرگە بریندارەکان بەشێکی زۆر لە جەستەیان سووتاوە و ئێستا لە ژێر چاودێری پزیشکیدان.
داواشیکرد لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ سەلماندنی ئەگەری ئەو تاوانە پێکبهێندرێت.

ئەدیب خەلیلیان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی ئازادی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " هێرشی ئەمجارە جیاواز بوو لە جارەکانی تر ئاگرێکی زۆر گەورەی لێکەوتەوە، جگە لە برینداربوونی پێشمەرگەکانمان بەشێکی زۆر لە جەستەیان سووتاوە کە ڕێژەکەیان دەگاتە لە سەدا 25، هەموو نیشانە سەرەتاییەکان دەری دەخەن کە ئێران چەکی فسفۆڕی سپی لە دژمان بەکارهێناوە."

وتیشی،" دکتۆرەکانیش بە پێی پشکنینەکان پێیان وایە پێشمەرگەکان بە فسفۆر سووتاون، نەک سووتانی ئاسایی، بۆ دڵنیابوونەوە داوای لیژنەیەکی ئەمنی و تەندروستی دەکەین کە  لێکۆڵینەوە لە پاشماوەی ناوچە سووتاوەکە بکەن، تا بگەنە دەر ئەنجامێکی ڕاست."

درەنگانی شەوی  19ی مانگی حەوت کاتژمێر 2:10، ئێران هێرشی درۆنی کردە سەر بارەگای سوپای میللی کوردستان لە چەمشار لە نزیک دارەشەکران، کە بارەگای پارتی ئازادی کوردستانە و بەو هۆیەشەوە 8پێشمەرگە بریندار بوون.

دوابەدوای هێرشەکە پارتی ئازادی کوردستان بەییانامەیەکی بڵاوکردەوە، وێرای جەخت کردنەوەی حزبەکە لە بەکارهێنانی چەکی فسفۆڕ لە دژی پێشمەرگەکانیان، دەڵێت، " ئەم پەلامارە تەنها تاوانێک نییە، بەڵکو پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەما سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆڤیی لە کاتی شەڕدایە. بەکارهێنانی ئەو تەقەمەنییانەی کە سووتاندنی مرۆڤ و ژینگەی لێدەکەوێتەوە، لەگەڵ بنەماکانی مرۆڤایەتی و پابەندبوونی نێودەوڵەتیی دەوڵەتان ناتەبایە."

بەیاننامەکە دەشڵێت ،" کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی نابێ ئەم تاوانە بێوەڵام بێڵێتەوە.داوا لە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور و هەموو دەزگا و دامەزراوە نێودەوڵەتییە پێوەندییدارەکان دەکەین هەنگاوی یاسایی پێویست بۆ سزادانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵبگرن."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو